پینکرتنەکان کێ بوون؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-03-19:58:00 - کۆدی بابەت: 11929
پینکرتنەکان کێ بوون؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پینکرتنەکان کێ بوون؟ (بە عەرەبی: من هم بینکرتون؟، بە ئینگلیزی: ?Who were Pinkertons) پێشیان دەگوترێت ئاژانسی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی. دەزگایەکی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و لێکۆڵینڤانی ئەمریکی بوون کە لە دەوروبەری ساڵانی ١٨٥٠ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن کەسایەتییەک بەناوی (ئالان پینکرتن) دامەزرێنراوە. ئەم ئاژانسە یاخود دەزگایە لە کەرتی تایبەت کاری دەکرد بۆ حکوومەتی ئەمریکا، کە کاریان بریتیبووە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکان و دەستگیرکردنی لە یاسا دەرچووان. وەکو لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە باس کراوە هەر هەرێمێک پینکرتنەکانی لێبووبێت سەقامگیر بووە و کەمترین تاوان تێیدا ئەنجام گەیەنراوە. 

لە سەرەتای دامەزراندنیدا ناوی دەزگاکە بریتیبووە لە ئاژانسی پۆلیسیی باکووری ڕۆژاوا کە لەلایەن ئالان پینکرتن کە پیشەی پۆلیس بوو و ئێدوارد ڕەکەر کە پارێزەر بوو دامەزرا، دواتر نازناوی کۆمپانیای پینکرتۆنی وەرگرت و لە کۆتاییدا ناوەکەی بووە (ئاژانسی لێکۆڵینڤانی نیشتمانی پینکرتن). 

زانیارییە گشتییەکان

ناو دەزگای نیشتمانی پینکرتن
جۆر کۆمپانیای ناحکوومی
دامەزراندن ساڵی ١٨٥٠
شوێن ئیلینۆیس - شیکاگۆ - ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
دامەزرێنەر ئالان پینکرتن
بارەگای سەرەکی ئان ئاربەر - ویلایەتی میشیگان - ئەمریکا.
ڕووبەری کارکردن جیهانیی
بواری کارکردن پاراستنی ئاسایش، بەڕێوەبردنی هەرێمی، لێکۆڵینەوە لە تاوان، چاودێری بازرگانی، چاودێری شەوانە، هەواڵگری. 
بواری کارکردن لە ئێستادا دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی AB سویدی لە ساڵی ١٩٩٩ بەردەوامە.
ماڵپەڕی فەرمی www.pinkerton.com

مێژوو

دەزگای پینکرتۆن زیاتر بەوە لە مێژوودا ناوی دەرکردووە، کە هاوەڵی سەرەکی شانزەیەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "ئەبراهام لینکۆڵن" بوون. کە لە ساڵی ١٨٦١ هەڵبژێردرا وەکو سەرۆکی نوێی ئەمریکا. ئەم دەزگایە هەواڵەکانی خۆیان لە ڕۆژنامەی "بەلتیمۆر"دا بڵاودەکردەوە و ئاماژەیان بەوە دەدا لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکی هەڵبژێردراو، کار دەکەن بۆ نەهێشتنی تاوانکاری لە تەواوی ئەمریکادا. هەروەها ئەم دەزگایە وەکو ئاژانسێکی پاراستنی نیشتمانی لە  جەنگی ناوخۆی ئەمریکا پارێزەری ئەبراهام لینکۆڵن بووە. 

شێوازی کارکردنی ئەم دەزگایە چۆن بووە؟

بەهۆی گەورەیی ڕووبەری ئەمریکا، کارێکی ئەستەم بووە ئەندامانی دەزگای پینکرتن بگەنە هەموو شوێنێکی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان. لەبەر ئەم هۆکارە کەسانێکیان لە شار و شارۆچکەکان وەکو شێریف و مارشاڵ دادەمەزراند کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە پۆلیسی هەرێمی ئەو ناچەیەوە هەبوو. بۆ نموونە لە هەرێمێکدا چەند شارۆچکەیەک هەبوون، هەر شارۆچکەیەک شێریفێکی هەبوو کە هەموویان پەیوەست بوون بە مارشاڵی هەرێمەکەوە. بەم جۆرە لە ڕێگەی تۆڕێکی بە یەکتر بەستراو کارەکانیان ڕایی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا پشتیان بە (بەکرێ گیراوانی یاسا) بەستووە کە بە زمانی ئینگلیزی پێیان دەڵێن Bonty hunter کە واتای ڕاوچی لە یاسا دەرچووان دەدات بە زمانی کوردی. ئەمانەش کەسانێک بوون لە پێناو پارەدا تاوانبارانیان دەستگیردەکرد و ڕادەستی پینکرتنەکان یان یاخود پۆلیسی هەرێمی دەکرد. 

دامەزراندن

لە ساڵی ١٨٥٠کاندا پۆلیسی سکۆتلەندی کۆچەر (ئالان پینکرتن) لەگەڵ پاێزەرێکی ویلایەتی شیکاگۆ بەناوی ئێدوارد ڕەکەر لە هۆڵێکی میلی ماسۆنیکی یەکتر دەبینن و پلان دادەنێن کەوا دەزگای North-westren police Agency دابمەزرێنن کە لە دواتردا بووە pinkerton Agency

ئالان پلانێکی باشی هەبوو، بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی تاوانکاری لە ناوچە دوورە دەستەکان و پاراستنی ڕێگاکان لە شەواندا. ئەویش گرێبەست کردن بوو لەگەڵ بەکرێ گیراوانی یاسا (ڕاوچی لە یاسا دەرچووەکان) و بۆ دابینکردنی بودجەی دامەزراوەکەش پشتی بە کۆمپانیاکان و گەورە بازرگانەکان بەست لە ڕێگەی گرێبەستەوە کە دڵنیایی پێدان کە کاروانەکانیان پارێزاو دەبێت ئەگەر متمانە بە پینکرتنەکان بکەن. 

گرنگترین پلان و پڕۆژەکانی دەزگای پینکرتن بۆ ئەمریکا

دەزگای پینکرتن، لە سەردەمی ئەبراهام لینکۆڵندا ١٨٦١-١٨٦٥ کۆمەڵێک پڕۆژە یاسای گرنگی خستە ڕوو و داوایان کرد وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن لە پێناو ئاسایش و ئارامیدا.

پاراستنی هێڵی ئاسنین 

لەم پڕۆژەیەدا کە هێڵی ئاسنینی کیشەوەری تەواو ببوو مەترسی زیاتر لەسەر سەرنشینان هەبوو لە کاتی گەشتەکانیان. بۆیە پینکرتنەکان چەکداریان بە شێوەی کەسی سڤیل لەگەڵ گەشتیارەکان سەر دەخست و لە هەمان کاتیشدا لە وارگۆنەکاندا پۆلیسی هەرێمی هاو ڕێگەیان بوو. لە هەمان کاتیشدا تەواوی ڕێگاکانی هێڵی ئاسنین لەژێر چاودێری وردی پینکرتنەکاندا بوون.

پاراستنی ڕێگەکان لە شەواندا

کەسانێک هەبوون لەڕێگەی گالیسکە و ئەسپ گەشتیان دەکرد، کاتێک شەویان لێ بەسەر دەهات، تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەهاتن، بۆیە ئالان پینکرتۆن پڕۆژەیەکی پێشکەش کرد کە لە شەواندا گەڕان و چاودێری ڕێگەکان بکرێت تا ڕێبواران بە ئاسانی گەشتەکانیان بکەن، هەر چەندە ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو نەبوو، چونکە بۆشایی ئاسایشی هەبوو لە نێوان هەرێمەکاندا. پۆلیسی هەرێمێک نەیدەتوانی بڕواتە هەرێمێکی تر، بەتایبەتیش کە جەنگی ناوخۆی ئەمریکا لە ئارادا بوو.

پاراستنی بازرگان و کەسایەتییە گرنگەکان

وەک دەزانرێت، بازرگانان بەردەوام کاڵا و شمەکیان بۆ دێت، زۆرجار چەتەکان و ڕێگرەکان هێرشیان دەکردە سەر بازرگانەکان و دەیان کوشتن و کاڵاکانیشیان دەبرد. بۆ ئەم مەبەستە پینکرتنەکان لەگەڵ بازرگانەکاندا ڕێیان دەکرد. هەروەها چاودێری ماڵی بازرگانەکانیان دەکرد تا پارێزراو بن. بەڵام زۆر جار ناحەقیشیان دەکرد ئەو کەسەی گرنگی زیاتری هەبایە پارێزگاریان لەو دەکرد.

لەناو بردنی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان

پڕۆژەیەکی درێژخایەنی ئالان پینکرتن بوو کە لە یاسا دەرچووان کۆتایی پێ بێنێت و سەقامگیری و ئاسایش لە ئەمریکا بەرقەرار بکات. بۆ ئەمەش هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەندامانی ناو دەستەکان لەبەرامبەر پارە و بەڵێنی لێخۆشبوونی هەمیشەیی بکڕێت. زۆرێک لە دەستەکانی بەم شێوازە لە ناو برد، بەڵام بەشێکی زۆریشیان تا کۆتایی ١٩١٨ ئامادەنەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئەم پڕۆژەیە لە ١٨٧٤ لەلایەن شێریف ئێدوین پی دانێڵس خرایە بواری جێبەجێ کردن. 

پینکرتنەکان لە سەردەمی مۆدێرندا

وڵاتی سوید لە ساڵی ١٩٩٩ بە بڕی ٣٨٤ ملیۆن دۆلار ئەم دەزگایەی کڕیەوە و کردوویەتی بە بەشێک لە دەزگای هەواڵگری و پاراستنی سوید

نیشانی بازرگانی پینکرتنەکان

ساڵی ٢٠١٨ کۆمپانیای Take two لە ڕێگەی کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمس یاری Red dead redemption II یان خستە بازاڕەوە کەوا بە وردی باسی ئەم دەزگایە و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەکات، دەزگای پینکرتۆن داوای یاسایی تۆمار کرد کەوا قازانجی یارییەکە بۆ خۆیان ببەن لە بارەی بەکارهێنانی ناوی دەزگاکەیان. بەڵام کەیسەکەیان لەبەرامبەر Take two دۆڕاند چونکە پارێزەرانی تەیک توو گوتبوویان: ئەم دەزگایە لە بنەڕەتدا ئەمریکییە و موڵکی ئەمریکایە، کەوا ئێستا سوید کڕیویەتییەوە پەیوەندی نییە بە مێژوو و کولتووری وڵاتەکەمان و ڕۆژاوای کێوی.


سەرچاوەکان



164 بینین