کاریگەری هاوڕێ لەسەر هەرزەکار

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2024-02-24-20:50:00 - کۆدی بابەت: 12013
کاریگەری هاوڕێ لەسەر هەرزەکار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری هاوڕێ لەسەر هەرزەکار (بە ئینگلیزی: The impact of friends on teenagers، بە عەرەبی: تأثير الأصدقاء على المراهقين)، هاوڕێیەتی گرنگە و هاوڕێیەتییەکی باش دەتوانێت ژیانت دەوڵەمەند بکات، ئەو پەیوەندییانەی کە لە تەمەنی هەرزەکاریدا دروست دەبن بەتایبەتی کاریگەرییان هەیە لەسەر ژیانی تاک. ئەم هاوڕێیەتییە دەتوانێت هەستی متمانەبەخۆبوون دروست بکات.

بۆچی هاوڕێیەتی لە ماوەی هەرزەکاریدا گرنگتر دەبێت؟ 

تەمەنی هەرزەکاری ئەو کاتەیە کە تاکەکان دەست دەکەن بە دروستکردنی ناسنامەی خۆیان یاخود کەسایەتی خۆیان لە دەرەوەی خێزانەکەیان. لە قوتابخانەی سەرەتاییدا مرۆڤەکان پەیوەستن بە دایک و باوکیانەوە بەڵام کاتێک منداڵان دەچنە قۆناغی هەرزەکارییەوە، پەیوەندییە دەرەکییەکان دەست دەکەن بە گرنگتربوون. هاوڕێیەتییەکی باش دەتوانێت هەستی متمانە و سەلامەتی بەهێز بکات. هاوڕێیەتی  زۆر گرنگە بۆ هەرزەکاران، چونکە وایان لێدەکات:

  • هەست بە سەربەخۆیی و بەهاداربوون بکەن لەگەڵ کەسانی تر جگە لە خێزانەکەیان.
  • ئەزموون لە پەیوەندی لەگەڵ خەڵک وەردەگرن.
  • دڵخۆشبوون لەگەڵ کەسانی تر و ئەنجامدانی سەرکێشی.

بۆچی هەبوونی هاوڕێی زۆر وەک هەرزەکارێک زیان بە تەندروستی دەروونی دەگەیەنێت؟

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ئەو هەرزەکارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە زۆریان هەیە لە تەمەنی پێگەیشتندا زیاتر تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی دەبن بە بەراورد بەوانەی کە کۆمەڵێک هاوڕێی کەم و نزیکیان هەیە. توێژەران لە زانکۆی ڤێرجینیا لێکۆڵینەوەیان لەسەر گرووپێکی ١٦٩ کەسی تەمەن ١٥ ساڵ کردووە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ تا ئەو کاتەی دەگەنە تەمەنی ٢٥ ساڵی. توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو هەرزەکارانەی کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوڕێی نزیکیان هەبووە، دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی کەمتریان هەیە، هەروەها هەست بە بەها بوونی خۆیان زیاتر دەکەن، هەروەها نیشانەکانی خەمۆکی کەمتر دەبێت کاتێک دەگەنە تەمەنی ٢٥ ساڵی بە بەراورد بە هاوڕێکانیان.

بە پێچەوانەوە ئەو هەرزەکارانەی کە بەناوبانگ بوون لەنێو هاوڕێکانیاندا ئاستێکی زیاتری دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەبوو وەک گەنجان. توێژەران دەڵێن، جۆری پەیوەندییە هەرزەکارییەکانمان کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە لە تەمەنی دواتردا. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنی ساڵانەی ١٠ ساڵەیە لەگەڵ ١٦٩ هەرزەکار لە گرووپێکی هەمەجۆری ڕەگەزی ئەنجامدراوە، پەیوەندییە نزیکەکانی هاوڕێ واتە هاوڕێی نزیک  وەک هاوڕێیەتییەکی کوالێتی بەرز پێناسە دەکات.

توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەم جۆرە هاوڕێیەتییە نزیکانە لە ماوەی هەرزەکاریدا لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستی دەروونی درێژخایەن، چونکە ئەزموونی ئەرێنی لەگەڵ هاوڕێکانیدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هەستە ئەرێنییەکان دەربارەی خۆیان لە قۆناغی ژیاندا کاتێک ناسنامەی کەسی گەشە دەکات.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەندروستی دەروونی

لەگەڵ پەیوەندییەکی کوالێتی بەرز لە هەرزەکاریدا کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێکهێنانی تەندروستی دەروونی لە تەمەنی پێگەیشتوودا، توێژەرانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی پشتبەستن بەو هاوڕێیەتییانەی کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دروست دەبن. لێکۆڵینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی ئەوەی گەنجان زیاتر و زیاتر لە ژیانیان ناڕازی بن. 

گرنگی هاوڕێیەتی لە تەمەنی هەرزەکاری

هۆکاری دڵخۆشی

هەموومان دەزانین کە کات بەسەربردنی کات لەگەڵ هاوڕێی باش دڵخۆشترمان دەکات. بەڵام زاناکان ئەم هەستەیان تاقیکردەوە و بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هاوڕێیەتی هەرزەکاران پەیوەندی بە تەندروستی دەروونییەوە هەیە. لێکۆڵینەوەیەک بە بەکارهێنانی داتای زیاتر لە ١١١ هەزار هەرزەکار دەریخستووە کە ئەو هەرزەکارانەی کە تێکەڵ بە تۆڕی هاوڕێیەتی بوون تەندروستی دەروونی باشتریان هەیە. توێژینەوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەو هەرزەکارانەی هاوڕێی زیاتریان هەیە نیشانەکانی خەمۆکییان کەمترە و هەست بە پەیوەندییەکی بەهێزتر دەکەن. سوودەکانی هاوڕێیەتی هەرزەکاران بریتین لە:

  • خۆبەڕێوەبردنی باشتر
  • کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ
  • دڵخۆشتر و گەشبینتر
  • بەهێزکردنی توانای ڕێکخستنی هەستی
  • باشترکردنی کرداری زانین
  • زیاتر هاوسۆزی و هەستی متمانە بەرانبەر ئەوانی تر

هاوڕێیەتی یارمەتی هەرزەکاران دەدات بۆ چارەسەرکردنی فشاری دەروونی

ئەم پەیوەندییانە یارمەتی کەمکردنەوەی تەنیایی و خەمۆکی و دڵەڕاوکێی هەرزەکاران دەدەن. هەروەها هاوڕێیەتی یارمەتی هەرزەکاران دەدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشاری ڕۆژانە. لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ١٠٨ خوێندکاری ئامادەیی لە ئوسترالیا دەریخستووە کە هاوڕێیەتی بەهێز بەتایبەتی یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەرزەکارەکان ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوێکی فشاری دەروونی وەک شکستهێنان لە تاقیکردنەوە.

کاریگەری فشار لەسەر ڕەفتاری هەرزەکاران

دایکان و باوکان هەمیشە تێگەیشتوون کە فشاری هاوڕێکان دەتوانێت هەرزەکارەکان هانبدات بۆ هەڵبژاردنی خراپ. ئەو هەڵبژاردنانە زۆرجار پەیوەندییان بە هەڵسوکەوتی مەترسیدارەوە هەیە وەک بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەڵسوکەوتی سێکسی ناسەلامەت و شۆفێریکردنی ناسەلامەت. ئێستا زانایان بەڵگەی تەواویان هەیە لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی فشاری هاوڕێکان هەیە. توێژینەوەیەک بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای وێنەگرتنی مێشک دەریدەخات کە ئەو هەرزەکارانەی کە ئەزموونی فشاری هاوڕێکانیان دەکەن ئەگەری ئەوەیان زیاترە بڕیاری مەترسیدار بدەن. 

بەڵام لێکۆڵینەوەیەک لەسەر نزیکەی ١٥٠٠ هەرزەکار و خێزانەکانیان ئەنجامی جیاوازیان هەبووە. ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە کە زۆربەی هەرزەکارە گەنجەکان لەلایەن هاوڕێکانیانەوە فشاریان لەسەر ناکرێت بۆ خواردنەوە، جگەرە کێشان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان بەشداریکردن لە ڕەفتاری مەترسیداری تر. لە ڕاستیدا توێژینەوەکە دەریخستووە کە هاوڕێکان ئەگەری زۆر زیاتریان هەیە پشتگیری هەوڵەکانی یەکتر بکەن بۆ ئەنجامدانی کارێکی باش لەجیاتی ئەوەی فشار لە یەکتر بکەن بۆ ئەوەی مەترسی هەڵبگرن یان هەڵبژاردنی خراپ بکەن.

کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هاوڕێیەتی لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی دەروونی و جەستەیی و کێشەی کۆمەڵایەتی، لەلایەکیشەوە دەکرێت ببێتە هۆی دڵخۆشی وکامەرانی و باشتربوونی تەندروستی دەروونی.

قسەکردن لەگەڵ هەرزەکاران دەربارەی هاوڕێیەتی

دایک و باوک ناتوانن هاوڕێی هەرزەکارەکانیان هەڵبژێرن یان کۆنترۆڵی هاوڕێیەتییەکانیان بکەن. بەڵام ئەوان پێویستە قسە لەگەڵ هەرزەکارەکانیان بکەن دەربارەی ئەوەی کە هاوڕێیەتی هەرزەکاران دەبێت چۆن بێت و یارمەتییان بدەن تێبگەن چۆن ببنە هاوڕێیەکی باش. ئەمەی خوارەوە چەند شتێکی گرنگە کە پێویستە هەرزەکاران بیزانن دەربارەی هاوڕێیەتی:

پەیوەندی ڕاستەقینە

باشترین هاوڕێیەتی هەرزەکار ڕێگە بە هەرزەکارەکان دەدات کە بە ڕاستگۆیی و کراوەیی قسە بکەن دەربارەی ئەوەی چۆن هەست دەکەن. هەروەها دەتوانن ئەو کارە بکەن بەبێ ئەوەی بترسن لەوەی دادگایی بکرێن یان سووکایەتییان پێ بکرێت. ئەم جۆرە پەیوەندییە ڕاستەقینەیە لە ماوەی هەرزەکاری و دواتریشدا پشتگیریان دەکات.

هێزی گوێگرتن

هاوڕێیەتی پشت دەبەستێت بە گوێگرتن و هەروەها بەشداریکردن. هاوڕێیەتی بەهێزی هەرزەکار پشت دەبەستێت بە گوێگرتن لە نزیکەوە و وەڵامدانەوە بە بەزەیی و هاندان و کاردانەوەی ئەرێنی.

پەستانی هاوڕێ

کاتێک هەرزەکارەکان لە هێزی فشاری هاوڕێکان تێدەگەن، دەتوانن بڕیاری ڕوونتر بدەن. دایک و باوک دەتوانن یارمەتییان بدەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن هاوڕێکان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە، بە هەردوو شێوەی ئەرێنی و نەرێنی.

کاتی دەوێت

هەروەک لێکۆڵینەوەکەی سەرەوە دەریخستووە، کاتی دەوێت بۆ دروستکردنی هاوڕێیەکی باش. هەندێک جار ئاسانترە بۆ هەرزەکاران کە هاوڕێ دروست بکەن لە بارودۆخەکانی دەرەوەی قوتابخانە کە بەرژەوەندی هاوشێوەیان هەیە لە کامپ، لە تیمە وەرزشییەکان، یان لە چالاکییە دەرەکییەکان.

ناکۆکی سروشتییە

ئاساییە بۆ هەرزەکارەکان کە شەڕ و ناکۆکییان هەبێت. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هاوڕێیەتی کۆتایی پێبێت. هاوڕێیەتی هەرزەکاران یارمەتی هەرزەکاران دەدات فێربن چۆن ڕووبەڕووی ململانێ ببن و چۆن بزانن کە دەتوانن چی بکەن بە شێوەیەکی جیاواز. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان فێر دەبن کە چەند گرنگە لێبووردەبن بەرانبەر یەکتر.


سەرچاوەکان



279 بینین