میوانخانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-22:48:00 - کۆدی بابەت: 12184
میوانخانە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میوانخانە یان هۆتیل یاخود ئۆتێل (بە عەرەبی: فندق یان نزل، بە ئینگلیزی: Hotelشوێنی مانەوەی گەشتیاران و سەردانیکەرانە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ پێشکەشکردن و دابینکردنی خزمەتگوزای هەمەجۆر و پێویست بۆ کەسی سەردانیکەر. بوونی ئوتێل و میوانخانە لە شارە گەورەکان یارمەتی بوژانەوەی ئابووری دەدات، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە گەشتیاریین و سەردانیکەری زۆریان هەیە. لە سەردەمی ئێستادا دروستکردنی و دامەزراندنی میوانخانە تایبەتمەندی و یاسای خۆی هەیە، دەتوانرێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت و ببێتە هۆکارێکی گرنگی دابینکردنی داهات.

مێژووی دەرکەوتنی میوانخانە

میوانخانە و شوێنی مانەوە لە سەردەمە کۆنەکانەوە بوونی هەبووە، کتێب و سەرچاوە مەسیحییە کۆنەکان ئاماژەیان داوە بەوەی کە شوێنی مانەوەی گەشتیاران و سەردانیکەران لە کڵێسا وپەرستگا کۆنەکان بوونی هەبووە، ڕۆمان و یۆنانییە کۆنەکان بە هەمان شێوە شوێنی مانەوەی تایبەتیان هەبووە بە گەشتیاران و بازرگانان، یۆنانییە کۆنەکان بە دامەزرێنەری میوانخانەکان دادەنرێن.

قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی میوانخانەکان

میوانخانەکانی سەردەمە کۆنەکان

لە سەردەمە کۆنەکان و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو شوێنانەی عەرەب و موسوڵمانی لێبوون میوانخان نەبووە، چونکە هەر گەشتیارێک لە ناوچە عەرەبییەکان هەبووایە دەبرانەوە ماڵەکان و پێشوازییان لێدەکرا، عەرەبەکان لە کۆنەوە بە میواندۆستی ناسرابوون و لە شار و شوێنەکانیان میوانخانەیان نەبوو. یۆنانییە کۆنەکان بە یەکەم نەتەوە دادەنرێن کە میوانخانەیان بۆ گەشتیاران دروست کردووە و ئەوان میوانخانە و شوێنی مانەوەیان لە نزیک پەرستگاکانیان بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانی پەرستگا دروست دەکرد.

ڕۆمانەکان بەهەمان شێوەی یۆنانییەکان شوێنی مانەویان بۆ گەشتیاران دروست کردووە، بەڵام ئەوان گۆڕانکارییان لە دیزاین و شێوەی میوانخانەکان کردووە و بە یاسایی شوێنەکەیان کردووەتەوە و پاسەوانیان بۆ داناوە، بەهۆی ئەوەی ڕۆمانییەکان زۆر شوێنی جیهانیان داگیر کرد، بیرۆکەی دامەزراندنی میوانخانە لە زۆر شوێن بڵاوبووەوە و لە یاسای شارەکان گرنگی بە میوانخانەکان دەدرا و پاسەوانی تایبەتی بۆ دیاری دەکرا.

میوانخانەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست

سەدەکانی ناوەڕاست سەردەمی بەرەوپێشچوونی میوانخانەکان بوون بە تایبەتی لە ناوچەکانی ئەورووپا و ڕۆژاوا، لە شارە گەورەکان میوانخانەی تایبەتی و گەورە کرانەوە بە جۆرێک بوو هەر شارێکی گەورەی ئەورووپا میوانخانەیەکی تایبەت بەخۆی هەبوو. میوانخانەکان لەسەر ڕووبەری فراوان دروست دەکران و پاسەوانی تایبەتییان بۆ دیاریکراوە، گەشتیاران و بازرگانان سوودمەندی یەکەمی میوانخانەکانی شارە گەورە بوون. پاشان میوانخانەکان لە دوو بەش دروست دەکران و بەشێکی گرانبەها و فراوانیان بۆ دەوڵەمەند و کەسانی خانەدان دادەنرا و بەشێکیشی بۆ کەسی ئاسایی تەرخان دەکران.

میوانخانەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا

میوانخانەکانی سەردەمی هاوچەرخ تایبەتمەندی خۆی هەیە، بە گشتی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ گرنگی بە بەرەوپێشبردنی میوانخانەکان درا، شوێنیان بۆ تەرخان دەکرا و لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەرەکان و ڕیگە سەرەکییەکان ئۆتێلەکان دروست دەکران تاکوو گەشتیاران ڕاستەوخۆ سەردانی ئۆتێلەکە بکەن. گرنگی بە شێواز و دیزاینی تەلارسازی درا، پاشان گرنگی درا بە دیزاینی ناوەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری هەمەجۆر، وەک دروستکردنی خواردنگە لە نێو ئۆتێلەکان، دروستکردنی بەرزکەرەوە و ئەسانسۆر، دروستکردنی هۆڵی پێشوازی و چەندان خزمەتگوزاری تر.

واتای ناوەکەی

لە زمانی عەرەبی وشەی (الفُنْدقُ) یان (النُزُل) بەکاردەهێنرێت و هاوواتای وشەی خانە کە لە زمانی فارسی وەرگیراوە، وشەی خان بە واتای شوێن و کۆگا دێت و لە ڕابردوودا بۆ شوێنی تایبەت بە گەشتیاران بەکارهاتووە. لە زمانی ئینگلیزیشدا وشەی (Hotel) بەکارهێنراوە و بنەچەی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەر زمانی لاتینی و یونانی کۆن.

کۆنترین میوانخانەی جیهان

بەپێی کتێبی ژمارەی پێوانەیی گینس کۆنترین ئۆتێل کە تاکوو ئێستا مابێت و زیانی بەرنەکەوتبێت دەکەوێتە وڵاتی ژاپۆنەوە، ئۆتێلێکە بە ناوی (ئۆتێلی نیشایما ئۆنسێن، بە ئینگلیزی: Nisiyama Onsen Keiunkan) کە لە ساڵی ٧١٨ـی زایینی کراوەتەوە و تاوو ئێستا نزیکەی ٤٦ نەوەی خێزانەکە کاریان لەسەر بەڕێوەبردنی میوانخانەکە کردووە و تاکوو ئێستا و بە بەردەوامی میوانخانەکە بەردەوامە لە خزمەتکردن، بۆیە بە کۆنترین میوانخانەی جیهان دادەنرێت کە تاکوو ئێستا لە خزمەتکردن بەردەوامە.

بەرزترین و درێژترین میوانخانەکانی جیهان

بەپێی کتێبی ژمارەی پێوانەیی گینس ئۆتێلی جی دەبلیو ماریۆت لە دووبەی بە درێژترین ئۆتێل دادەنرێت ١٦٠٠ ژوور لەخۆدەگرێت و ١٤ خواردنگەی هەیە و بەرزییەکەی ١١٦٦ پێیە. هاوکات وڵاتی ئیماڕات چەند ئۆتێلێکی تر لەخۆدەگرێت کە هەر بە ئۆتێلە بەرزەکانی جیهان هەژمار دەکرێن نموونەی ئوتێلی جیۆڤێرا (Gevora) کە بە درێژترین ئۆتێل دادەنرێت لە جیهاندا کە دەکەوێتە سەر شەقامی شێخ زایید لە شاری دووبەی، ئوتێڵەکە لە ١٢٨ نهۆم پێکهاتووە. هاوکات بەهەمان شێوە ئۆتێلی ڕۆز ڕەیحان هەر لە دووبەیە و بەرزییەکەی ١٠٩٣ پێیە ٦٨٠  ژووری هەیە. ئۆتێلی بوورجی عەرەب لە دووبەی بەهەمان شێو لە میوانخانە بەرزەکانی جیهانە بەرزییەکەی ١٠٥٦ پێیە. لە وڵاتانی تری نموونەی تایلەند و شەنگەهای و چین و ئەندۆنیسیا ئۆتێلی بەرز و درێژ بوونیان هەیە بەڵام بەرزییەکانیان لە هەزار پێ تێپەڕ ناکەن.

گرانترین میوانخانەکانی جیهان

زۆرن ئەو میوانخانانەی کە بە گرانترین ئۆتێلەکانی جیهان دادەنرێن گرنگترینیان:

  • ئوتێلی نۆبۆ Nobo Hotel: دەکەوێتە لاس ڤێگاس و نرخی مانەوەی یەک شەو ٣٥ هەزار دۆلارە.
  • ئوتێلی فۆڕ سیزن Four seasons Hotel: نرخی مانەوەی یەک شەو ٥٠ هەزار دۆلارە و دەکەوێتە شاری نیویۆرکی ئەمریکاوە.
  • ئوتێلی چیڤاڵ بلان Cheval Blanc: دوورگەی تایبەتی لە کەناراوەکانی مالدیف ئەم ئوتێلە لەخۆدەگرێت کە نرخی مانەوەی یەک شەو ٥٠ هەزار دۆلارە.
  • ڕۆیاڵ پێنتهاوس لە ئوتێلی وێڵسۆن Hotel President Wilson Geneva: ئەم ئوتێلە دەکەوێتە وڵاتی سویسراوە و نرخی مانەوەی یەک شەو ٨٠ هەزار دۆلارە.
  • پێنتهاوس پۆلیڤارد لە ئوتێلی کۆزمۆپۆلیتان Boulevard penthouses: دەکەوێتە لاس ڤێگاسەوە و نرخی مانەوەی یەک شەو یەک ملیۆن دۆلارە.


سەرچاوەکان



96 بینین