چەتەی دەریا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-21-15:08:00 - کۆدی بابەت: 12191
چەتەی دەریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەتەی دەریا (بە عەرەبی؛ القرصان، بە ئینگلیزی؛ Pirate) دامەزراوەیەک بووە کە لە زەریای ئەتڵەسی و دەریای کاریبی و زەریای هیند و دەریای چین و زەریای هێمن بوونیان هەبووە، کە هەستاون بە تاڵانکردنی کەشتییە بازرگانییەکان کە ڕۆیشتوون بۆ ئەمریکا یان بە پێچەوانەوە لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ ڕۆژهەڵات. کاتێک باسی چەتەی دەریا دەکرێت ڕاستەوخۆ ئەوەمان بە بیردادێت کە ئاڵایەکی ڕەش و کەلـلە سەرێک و دوو ئێسکی یەکتربڕ هێمایانە. 

مێژوو

مێژووی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە لە هەر ناوچەیەک و لە کات و ساتێکدا بووە کە جیاوازە لە هی ناوچەیەکی تر بەڵام ئەوەی گرنگە چەتەکانی دەریای کاریبییە کە لە ساڵی ١٦٥٠ دامەزراون و تا ساڵی ١٧٢٣ لە چالاکیدا بوون. ئەمەش بە پێی سەرچاوەکانی وڵاتانی کاریبی بەتایبەتی جامایکا و کووباچەتەکانی دەریای سوور، زەریای هیندی و دەریای چین لە ساڵی ١٦٩٠ دامەزراون کە بەشێک لە نیمچە دوورگەی کۆریاشی دەگرتەوە. 

هۆکاری دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە چی بوو؟ هەر ناوچەیەک و هۆکاری تایبەتی خۆی هەبووە بۆ دامەزارندنی ئەم ڕێکخراوە. بۆ نموونە چەتەکانی دەریای چین و نیمچە دوورگەی کۆریا زیاتر بەکرێ گیراو بوون و کاریان دەکرد بۆ لەناوبردنی یاخیبووان یاخود ئەو کەسایەتییە سەربازییانەی کە خیانەتیان کردبوو. یان دۆزینەوەی گەنجینە شاردراوەکان. چەتەکانی "کەیپ هۆرن" کە دەکەوێتە باشووری ئەفریقا ئامانجیان پشکنینی کەشتییەکان بوو کە لەوێ تێپەڕدەبوون ئەگەر شتێکی نامۆ لە کەشتییەکەدا هەبوایە سەرنشینەکان دەکوژران و کەشتییەکەش بە تاڵان دەبردرا. 

بەڵام چەتەکانی دەریای کاریبی بە مەبەستێکی تر دامەزران ئەویش گوزەرانی خراپی دەریاوانەکانی ئەورووپا بوو، کە باج و سەرانەی زۆریان لێ دەسەنرا یان داهاتێکی کەمیان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەربەرەکانێی ئایینی هەبوو لە نێوان ئەم چینەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی ئایینی وڵاتانی ئەورووپی. بۆیە زۆرێک لە دەریاوانەکان کۆچیان کرد بۆ وڵاتانی کاریبی و لەوێ پەیوەندییان کرد بە ڕێکخراوی چەتەکانەوە. وەک تۆڵە کردنەوەیەک، هەر کەشتییەک لە نێو زەریای ئەتڵەسی تا کاریبی و بەرمۆدا تێپەڕبوایە ئەگەرێکی کەم هەبوو کە هێرشی نەکرێتە سەر و نەبێتە قوربانی دەستی چەتەکان. 

ژمارەی چەتەکان بە فەرمی چەند بووە؟ 

تەنها ئامارێک لەبەردەست بێت دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٧ و ١٨ یە کە ٥٠٠٠ چەتە لە زەریای ئەتڵەسیدا بوون، لە ناوچەکانی تری جیهان نەخەمڵێنراوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری ئەو ناوچەیە چونکە زەریای ئەتڵەسی و دەریای کاریبی وەک هێڵێک بوو لە نێوانی ئەمریکا و ئەورووپادا هەر لەبەر ئەمە ژمارەیەکی زۆر چەتە لە و ناوچەیەدا بڵاوەیان پێ کرابوو تا ڕق و کینەی خۆیان بڕێژن بە ئەورووپییەکان. بۆ نموونە کاتێک کەشتی galleonsـی ئیسپانی لە دەریای کاریبیدا ڕووبەڕووی چەند کەشتییەکی چەتەکان بووەوە کە تا نقوم نەکرا وازی لێ نەهێنرا.

جیاوازی بووکانەرس و کروس چییە؟ 

دوو جۆری چەتە هەبوون لە زەریای ئەتڵەسی یەکێکیان پێی وتراوە بووکانەرس، ئەوی تر کروس. بووکانەرس ئەوانەن کە شوێنی پەناگەیان دوورگەی (هیسپانیۆلا) بوو لە کاریبی. و تەنها هێرشیان دەکردە سەر ئیسپانییەکان و گەنجینەکان و کەلوپەلی گران بەهایان دەبرد. بەڵام کروس، ئەمانە پەناگەیان دوورگەی ماڵتا بوو لە زەریای ئەتڵەسی. زۆرینەیان موسڵمان بوون دژی داگیرکەری بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا دەجەنگان. واتا ئەمیان ڕێکخراوێکی سەربازی بوو وەک لەوەی تاڵان کردن بێت. سەرکردەی ئەم ڕێکخراوە کەسێک بوو بەناوی "بەربۆسا" یاخود "بەربەرۆسا" کە ناوی تەواوی بە "خەیرەدین بەربەرۆسا" تۆمارکراوە لە مێژوودا. 

چەتەکان لە کوێ دەمانەوە؟ 

مانەوەیان بە زۆری لە کەشتی و دەریادا بوو بەڵام زۆر جار لەنگەریان دەگرت و دەچوونە سەر وشکانی و بە شار و دوورگەکاندا گوزەریان دەکرد و لە میوانخانەکان دەمانەوە تا با هەڵی دەکرد و دووبارە دەچوونەوە سەر کەشتییەکان و چارۆکەکانیان هەڵدەکردەوە و ڕێگەی دەریایان دەگرتەوە بەر. بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە لەو دوورگانەی مرۆڤی تێدانەبووە یان ئەشکەوتەکانی لەسەر کەناری دوورگەکان بوون خۆیان حەشارداوە و ماونەتەوە. یەکێک لەو دوورگانەش مەدەگەشقەرە کە شوێنێکی ئارام بوو بۆ مانەوەیان. کاپتنەکانیش جاروبار دەچوونە میوانخانەکان و چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان لە بارەی بێ بەزەیی دەریا و ئۆقیانووسەکان دەگێڕایەوە و خەڵکی میوانخانەکەش بە تامەزرۆیی گوێیان دەگرت و هەمووان بێدەنگ دەبوون تا کاپتنەکە چیرۆکەکانی تەواو دەکرد. 

نموونەی هەندێک چەتەی دەریا

دەستەی ڕیش رەشەکان

کاتێک باسی چەتەی دەریا دەکرێت بێگومان بە پێی ڕاپرسییەک لە نێو زۆرێک لە وڵاتان (Black beard) بە ناسراوترین چەتە دادەنرێت بلاک بیرد یان بە کوردی (ڕیش ڕەش) کاپتنی کەشتی (تۆڵەی شاژنە ئانا) بوو و تێکشکێنەری ژمارەیەک کەشتی بەڕیتانی و فەڕەنسی و ئیسپانی بوو. لەوانە کەشتی (لا کۆنکۆرد). بە یەکێک لە مەترسیدارترین چەتەکان دادەنرێت. 

کاپتن ئێدوارد لۆو

ئێدوارد لۆو لە دایکبووی (وێستمیستەر) لە ساڵانی ١٧٢٠ لە هەموو ئاراستەکانی زەریای ئەتڵەسی بینراوە، کەسێکی دڵ ڕەق و خراپەکار بوو، گوێ و لێو و لووتی بارمتەکانی دەبڕی و هەستی بە خۆشییەکی زۆر دەکرد بەم کارە.

دەستەی ڕۆبێرتس یان ڕیدس

ژمارەیەک چەتەی ئافرەت بوون وەک ماری ڕیدس، ئانا بۆنی و چەندانی تر. ماری ڕیدس، لە دایکبووی لەندەن شارەزای شەڕە شمشێر و بووە سەرباز لە هێزی بەڕیتانی، کاتێک زانرا کچە ڕایکرد و ڕێگەی دەریای هەڵبژارد و بووە چەتە. هەمیشە بە پۆشاکی کوڕانەوە دەبینرا.  ئانا بۆنی، ئەندامی دەستەی ڕۆبێرتس یان ڕیدس بوو بە یەکێک لە ترسناکترین چەتەکان دادەنرێت کە لە جامایکا ژیاوە و ڕۆڵی هەبووە لە کوشتنی چەندین سەرکردە و دەریاوانی بەڕیتانی بەتایبەتی دەریاوانە شاهانەکانی بەڕیتانیا Royal navy. لە ساڵی ١٧٢٠ لە جامایکا لە سێدارە دراوە. 

کۆتایی چەتەکان

دوای ئەوەی سەردەمێکی پڕ لە ترس و تۆقاندنیان لە ساڵانی ١٦٥٠-١٧٢٠ دروست کرد و هەزاران کەسیان کوشت لە ڕێگەی دەریادا لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٧٢٠-١٧٢٤ وڵاتانی ئەورووپا یەکیان گرت بۆ لەناوبردنی تەواوی چەتەکان و گرتنی کاپتنەکانیان بەمەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی سیخوڕ و ڕاوچی داواکراوان Bonty hunter توانیان دەستیان بگات بە زۆرترین کاپتن و سەرکردەی چەتەکان و لەناویان ببەن. بەمەش سەردەمی ئاڵتوونی چەتەکان کۆتایی هات.

چەتەی دەریا لە نێو ئەدەب و سینەمادا

دوای نەمانی چەتەکانی دەریا بەشێک لە نووسەرانی دونیا هەستان بە نووسینی ڕۆمان و کورتە چیرۆک لە بارەی چەتەکانەوە هەر بۆ نموونە نووسەری سکۆتلەندی "ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن" ڕۆمانێکی نووسی لە ساڵی ١٨٨٣ بەناوی treasure island واتا دوورگەی گەنجینە. کە بە یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکان دادەنرێت لەسەر چەتەی دەریا و چەندین فیلم و کورتە فیلمی لەسەر بەرهەم هێنراوە. جگە لە نووسینی کتێب زنجیرەیەک فیلم لە وڵاتی کۆریا و ئەمریکاش بەرهەم هاتوون لە بارەی چەتەکانەوە ناوبانگترین فیلمی کۆری (Pirates) و ناوبانگترین زنجیرە فیلمی هۆڵیودیش (Pirates of the Caribbean).


سەرچاوەکان



110 بینین