بێرلینگتۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-03-22-07:52:00 - کۆدی بابەت: 12214
بێرلینگتۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بێرلینگتۆن (بە ئینگلیزی: Burlington، بە عەرەبی: برلينغتون)، قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی ڤێرمۆنتە لە ئەمریکا و ناوەندی بەڕێوبەرایەتی چیتێندن کاونتیە. ئەم شارە دەکەوێتە دووری ٧٢ کیلۆمەتر لە باشووری سنووری ئەمریکا-کەنەدا و ١٥٣ کیلۆمەتر لە باشووری مۆنتریال. ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا ٤٤.٧٤٣ کەس بوو. بێرلینگتۆن کەم قەرەباڵغترین شاری هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە کە قەرەباڵغترین شاری ویلایەتەکەی خۆیەتی. کۆلێجی شامپلین و زانکۆی ڤێرمۆنت (UVM) لە بێرلینگتۆنە و هەروەها گەورەترین نەخۆشخانەی ڤێرمۆنت، سەنتەری پزیشکی UVM، لە سنووری شارەکەدایە. شارەکە خاوەنی گەورەترین فڕۆکەخانەی ڤێرمۆنتە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بێرلینگتۆنە و دەکەوێتە شاری ساوز بێرلینگتۆنی دراوسێیەوە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، بێرلینگتۆن کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، زستانی سارد و هاوینی گەرم و شێدارە. تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە نێوان ١.٧- پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا ٢٣.٩ پلەی سیلیزی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. ساڵانه ١٠.٩٢ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ڕێژەی دابارینیش تاڕادەیەکی زۆر بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا یەکسانە و مانگەکانی وەرزی هاوین باراناویترینن. شوێنی جوگرافی شارەکە لە ڕۆژەڵاتی دەریاچەی شامپلین هەندێک جار هۆکاری هەڵکردنی باوبۆرانێکی لەناکاوی باو و بەفری ناوخۆییە و ساڵانە بە تێکڕایی ٢١٨ سانتیمەتر بەفر لەم شارەدا دەبارێت بەڵام لەوانەیە ئەم ژمارەیە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا بێت و بەرز یان نزم بێتەوە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٤- پلەی سیلیزییە کە لە ١٥ـی کانوونی دووەمی ١٩٥٧ و ١٢ـی شوباتی ١٩٧٩ـدا تۆمارکرا، هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٣٨ پلەی سیلیزییە کە لە ١١ـی ئابی ١٩٤٤ـدا تۆمارکرا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەی دانیشتووانی شاری بێرلینگتۆن ٤٢.٨٩٩ کەسە. هەروەها ١٦.٨٥١ خێزان لە شارەکەدا دەژین و تێکڕای ژمارەی کەسەکان بۆ هەر خێزانێک ٢.١٣ کەس بوو. ژمارەی دانیشتووانی بێرلینگتۆن لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا گەشتە ٤٥.٤٤٢ دانیشتوو، شارەکە گەورەترین شاری ویلایەتەکەی و ٩٨١ـەیەم گەورەترین شاری وڵاتەکەیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا گەشەی ساڵانەی دانیشتووانەکەی لە ئێستادا ٠.٥٢%ـەیە.

شوێنی لەدایکبوون

٨٥.١٥%ـی دانیشتووانی شاری بێرلینگتۆن لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش ٣٠.٨٤%ـیان لە ویلایەتی ڤێرمۆنت لەدایکبوون. هەروەها ٥.٣%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئاسیان.

ڕەگەز

پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێست: ٨٥.٧%
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: ٤.٩%
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠.٤%
  • ئاسایی: ٦.٠% (١.٣% چینی، ١.١% بوتانی،٠.٩% نیپاڵی، ٠.٦% ڤێتنامیی، ٠.٥% هیندی، ٠.٤% بێرمە، ٠.٣% ئەندەنوسی، ٠.٢% کۆری، ٠.١% کەمبۆدیای، ٠.١% لائوسی، ٠.١% فلیپینی، ٠.١% ژاپۆنی، ٠.١% تایی)
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 2.5%
  • هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 2.6% (٠.٧% پۆرتۆ ڕیکۆ، ٠.٤% مەکسیکی، ٠.٣% دۆمینیکانی، ٠.٢% کوبای، ٠.٢% ئیسپانی، ٠.٢% کۆڵۆمبی، ٠.١% هۆندوراسی، ٠.١% پیرۆی، ٠.١% ئەرجەنتین)

زمان

٨٧.٣٨%ـی دانیشتووانی بێرلینگتۆن تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٢.٦٢%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت زمانێکی تری هیندۆئەورووپییە و لەلایەن  ٦.٨٢%ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێت.

ئایین

٣٩.٦%ـی دانیشتووانی شارەکە ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:

  • باپتیست: ١.٤%
  • ئەسقەف: ١.١%
  • کاسۆلیک: ٢٥.٤%
  • لۆسەری: ٠.٥%
  • میتۆدیست: ١.٨%
  • پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی‌یەکان): ٠.٤%
  • ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری ( لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): ٢.٣%
  • ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: ٠.٦%
  • ئایینە مەسیحییەکانی تر: ٤.٣%
  • ئایینی جوولەکه: ١.٠%
  • ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: ٠.٢%
  • ئایینی ئیسلام: ٠.٢%

داهاتی کەسی

بەپێی ڕاپرسییەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٩، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لەم شارەکەدا ٥١.٣٩٤ دۆلار، داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک ٨٧.٠٣٠ دۆلار و داهاتی تاکەکانی شارەکە ٢٨.٤٨٠ دۆلارە. هەروەها داهاتی مامناوەندی ئەو نێرانەی کە بە فوڵ تایم  کاریان دەکرد ٥٠.٥٢٠ دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی مامناوەندی ئەو مێیانەی کە بە شێوەی فوڵ تایم شارەکە ٣٨.٤١٨ دۆلار بوو. جگە لەوانەش، ١٠.٦%ـی خانەوادەکان و ٢٦.٤%ـی دانیشتووان لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون، لە نێویاندا تەمەنی ٢٧.٣%ـیان لە خوار ١٨ ساڵی و ١٣.٦%ـیان ٦٥ ساڵ و سەرووتر بوو.

ئابووری

ئابووری بێرلینگتۆن پشت بە هەریەک لە پەروەردە، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بازرگانی، گواستنەوە،  خزمەتگوزارییەکان و بەرهەمهێنان دەبەستێت. لە ساڵی ٢٠١١ـدا ڕێژەی بێکاریی شارەکە ٤.٨% بوو. گەورەترین خاوەنکارەکانی بێرلینگتۆن بریتین لە سەنتەری پزیشکی زانکۆی ڤێرمۆنت و زانکۆی ڤێرمۆنت، کە یەکەمیان ٦.٨٢٣ و دوومیان ٣.١٣٧ کەسیان دامەزراندووە. کۆمپانیاکانی تری شارەکە بریتین لە جی ئێس بڵۆجێت کۆمپانی، کە یەکێکە لە کۆنترین و گەورەترین کۆمپانیای فڕنی بازرگانی لە وڵاتەکەدا و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. کۆمپانیای جێنراڵ ئیلیکتریک نەرمەواڵە بۆ پیشەسازی چاودێری تەندروستی لە ساوز بێرلینگتۆن، لە شوێنی پێشووی بارەگای سەرەکی سەنتەرەکانی ئای دی ئێکس پەرەپێ دەدات. هەروەها جێنڕاڵ داینامیکس ٤٥٠ کرێکاری ناوخۆیی و کۆمپانیای دیڵەر نزیکەی ١٠٠٠ کارمەندی دامەزراندووە. جگە لەمانەش، بارەگای چەند کۆمپانێکی تر لە شارەکەدان، ساڵانە چەند فیستیڤاڵێک لە بێرلینگتۆن بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەکی زۆر ئامادەبوویان هەیە. هەریەک لە بازرگانی وردە و کەرتی گەشتیاری بەشێک لە ئابووری شارەکە پێک دەهێنن.


سەرچاوەکان



61 بینین