ئایا دەتوانین یاری ڤیدیۆیی بۆ فێربوون بەکاربێنین؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-22-14:22:00 - کۆدی بابەت: 12215
ئایا دەتوانین یاری ڤیدیۆیی بۆ فێربوون بەکاربێنین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

ئایا دەتوانین یاری ڤیدیۆیی بۆ فێربوون بەکاربێنین؟ (بە عەرەبی: هل يمكننا استخدام ألعاب للتعلم، بە ئینگلیزی: Can we use video games for learning) یاری ڤیدیۆیی بریتییە لە جووڵەیەکی ئەلیکترۆنی کە لە ڕێگەی پڕۆگرام و بزوێنەری تایبەتەوە دروست دەکرێت بە ئامانجی کەیف خۆشی و کات بەڕێکردن لە لایەک و پێدانی زانیاری و گەیاندنی پەیامێک. 

جۆرەکانی یاری ڤیدیۆیی

یاری ڤیدیۆیی دەکرێت بە دوو پۆلەوە، پۆلی یەکەم یارییە چیرۆکییەکانن کە بەبێ بەکارهێنانی هێڵی ئینتەرنێت لەسەر ئامێرەکە کاردەکەن. پۆلی دووەم یارییە ئۆنڵاینەکانن کە چەند کەسێک لە شوێنی جیاواز دەتوانن بە پەیوەست بوون بە هێڵی ئینتەرنێت یاری بکەن.  یارییە ئۆنڵاینەکان تەنها بۆ چێژ و بەسەر بردنی کاتێکی خۆشە لەگەڵ هاوڕێکان و کەسە نزیکەکان. 

ئایا یاری ڤیدیۆیی سوودی هەیە؟ 

کاتێک باسی یاری ڤیدیۆیی دەکرێت ڕاستەوخۆ لە چەند یارییەکی ئۆنڵایندا بچووک دەکرێنەوە بەتایبەتی ئەو ناوەی لای هەمووان ڕوونە یاری PUBG و چەند یارییەکی تر کە پسپۆڕانی دەروونی تەنها باس لە زیانەکانی یاری ئۆنڵاین دەکەن و دەڵێن هیچ سوودی نییە جگە لە زیان.  بەڵام لە یاری چیرۆکی دەکرێت سوود وەربگرین و لە پاڵ چێژ و کات بەسەربردن. کاتێک یاری ڤیدیۆیی بەبازاڕ کرا لەلایەن پزیشکانی دەروونی ئامانجیان لەوە بوو بەکارهێنەران سوود وەربگرن و کاتێکی خۆشیش بەسەر بەرن. 

چۆن دەکرێت لە یاری ڤیدیۆیی فێربین؟ 

یارییە ڤیدیۆییەکان هاوشانی فیلم و زنجیرە و کتێب چەشنی هەیە و هەر چەشنێکیش بۆ کۆمەڵێک تەمەنی جیاوازە. بەڵام هەندێک چەشن گشتی و خێزانین و هەموو کەسێک و ئەندامانی تەواوی خێزان بێ ترس دەتوانن ئەنجامی بدەن. ئەو چەشنەی کە بۆ فێربوونە پێی دەوترێت (Educational) واتا پەروەردەیی کە یارییەکانی ئەم چەشنە یان ژانەرانەیە لە بابەتەکانی قوتابخانە و زانکۆکان نزیکە یان ئامرازەکانی پەروەردەی منداڵ بەشێوەیەکی دروست. 

شێوازی یارییە پەروەردەییەکان بەکارهێنەر ئاراستە دەکات بۆ لایەنی ئەرێنی ژیان، بۆ نموونە منداڵێک لە بەیانیان کە لە خەو هەستا یەکەم شت بیکات چییە، چۆن بە شێوازێکی دروست نان بخوات یان چۆن کاتەکانی دابەشکات یان کاتێک لە وانەیەکدا باش نییە ئەوا تێبینی و ڕاهێنانی زیاتر بکات، بەنموونە لە بیرکاری خراپیت یاری ڤیدیۆیی هەیە بەناوی Math games کە تایبەتە بە وانەی بیرکاری و هەر وانەیەک تۆ تێیدا خراپیت ئەتوانی بە شێوەی یاری ڕاهێنان بکەیت و تاقیکردنەوەی خۆت بکەیت. کە وا دەکات نە ڕقت لە بیرکاری بێت و نە ترسیشت لێی بێت و دیمەنەکەشت لەبەر چاو بمێنێت. یان کەسێک لە وێنەکێشاندا خراپە یان نازانێت ڕەنگەکان لەگەڵ یەکتر بگونجێنێت لە کاتی وێنەکێشاندا ئەوا یاری ڤیدیۆیی هەیە تایبەت بەم بابەتە بەناوی Painting games کە لە ڕێگەی پلەبەندی وێنەی ئاسان بۆ ئاڵۆز بە زیاتر لە هەنگاوێک وا دەکات هونەری وێنەکێشان و تێکەڵکردنی ڕەنگ فێرببیت. 

یاخود بە شێوەیەکی گشتی دەتەوێت هەڵسەنگاندن بۆ زیرەکی خۆت بکەیت لە ڕێگەی یاری ڤیدیۆیی کە تا چەند زانیاری گشتی و زانستیت هەیە ئەوا Quiz games باشترین بژاردەن کە هەم چێژبەخشن و هەمیش سوودیان هەیە. یارییە مەتەڵ ئامێزەکان بۆ منداڵ Puzzle games for kids کە زنجیرەیەکی بەرفراوان یاری هەیە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی یادگەی منداڵە.  هەموو ئەمانە لە پاڵ پەروەردەیی لە ژانەری خێزانیشن کە تەواوی ئەندامانی خێزان دەتوانن بەیەکەوە بیکەن. 

ئایا جگە لە ژانەری پەروەردەیی هیچ ژانەرێکی تر سوودی هەیە بۆ فێربوون؟ 

بە گوێرەی توێژینەوەکان و ڕاپرسییەکان هەموو ژانەرێکی تر سوودی هەیە بە مەرجێک بە گوێرەی Rate (تەمەن) هەڵببژێردرێن. کاتێک یاری دەکڕیت لەسەر بەرگەکەی لە ڕێگەی ژمارە یان پیتی ئینگلیزی ئاماژە بە ناوەڕۆکی یارییەکان دەدرێت. بۆ نموونە یارییەک توندوتیژی، وشە و دیمەنی نەشیاو، ماددەی هۆشبەر، قومار لەخۆبگرێت بە M هێما دەکرێت. کە ئەم یارییانە زیاتر بۆ سەرووی ١٨ ساڵ ڕێپێدراون. بەڵام ئەو یارییانەی بۆ منداڵ شیاون و خاڵین لەو بابەتانە بە F هێما دەکرێن یان بە ژمارە حەوت. 

بۆیە ئەگەر منداڵەکانمان فێری یاری ڤیدیۆیی کرد دەبێت بە وریایی یارییان بۆ هەڵبژێرین و خۆیان ئازاد نەبن لە هەڵبژاردنی یاری. چونکە هەندێک بابەت هەن هێشتا لەو تەمەنەدا ئامادەی نین بەبینینیان کاریگەری خراپ دروست دەکات. بەشێوەیەکی گشتی هەندێک یاری ڤیدیۆیی لە ژانەرەکانی تر گەیاندنی پەیام و گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتە. یان ئاشناکردن بە کولتوور و جوگرافیای و میتۆلۆجیا و مێژووی وڵاتان. 

نموونەی هەندێک یاری ڤیدیۆیی کە وەک ئینسایکلۆپیدیان

  • زنجیرە یارییەکانی Call of duty کە یاری تەقەکەرن و بەشێکیان باس لە جەنگی دووەمی جیهانی دەکەن. و باسی ڕووداوەکانی جەنگ دەکات. 
  • زنجیرە یاری Battlefield یارییەکی تەقەکەر و جەنگییە، باسی مێژووی جەنگی جیهانی و جەنگەکانی دواتر دەکات. 
  • زنجیرەی Conflict یاری جەنگییە و هەر بەشێک باسی جەنگێکی مێژوو دەکات. 
  • God of war باسی میتۆلۆجیا دەکات هی یۆنان و نۆڕس. میتۆلۆجیا واتا بابەتی خواوەند و نەمرەکانی مێژوو. کە زانیاری تەواومان دەدەنێ لەسەریان. 
  • زنجیرە یارییەکانی Assassin´s creed کە ئینسایکلۆپیدیایەکی تەواوە لەسەر مێژوو، جوگرافیا، کولتوور، زمان و چەندین بابەتی تر. کە وڵاتەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا دروستکراون و کاتێک بە نزیک باڵەخانەیەک یان شەقامێکدا دەڕۆیت زانیاری زیاترت دەداتێ لەسەر ئەم شوێنە و مێژووی دروستکردنی. 


سەرچاوەکان



59 بینین