ئەو خووانەی ددانی منداڵ تێکدەدەن

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-03-22-22:26:00 - کۆدی بابەت: 12225
ئەو خووانەی ددانی منداڵ تێکدەدەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو خووە زیانبەخشانەی کە زیان بە ددانی منداڵ دەگەیەنن (بە عەرەبی: العادات سیئة مضرة لٲسنان اطفال، بە ئینگلیزی: Bad habits that damage children's teeth) لە هەر قۆناغێکی گەشەکردندا منداڵان خووی جیاوازیان دەبێت هەرچەندە ئەگەر دایک و باوکان گرنگی نەدەن و دەستوەرنەدەن بۆ ڕاستکردنەوەیان لەکاتی خۆیدا، ئەوا ئەم خووانە زیان بە تەندروستی منداڵان دەگەیەنێت. یەکێک لە گرنگترین دیاردەکانی کۆمەڵگای هاوچەرخ ئەو خووە دزێوانەن کە منداڵان هۆگری دەبن ئەویش وەک پەنجە مژین، مژینی مەمکەمژە، مژینی بووکە شووشە، هەناسەدان لە دەمەوە، زمان جوین لە نێوان ددانەکانی هەردوو شەویلگە و نینۆک قرتاندن بە ددانەکان و چەندین خووی تر. 

گرنگترین ئەو خووانەی زیان بە ددانی منداڵان دەگەیەنن

پەنجە مژین: کاتێک منداڵەکان گەشە دەکەن و پەرەدەسێنن، بە قۆناغە جیاوازەکاندا تێدەپەڕن کە باو دەبێت پەنجە گەورەیان یان پەنجەکانیان بخۆن و بمژن. ئەم خووە منداڵ ئارام دەهێڵێتەوە. 

نینۆک قرتاندن بە ددانەکان: زۆرێک لە منداڵان پەرە بە خراپی خووی قرتاندنی نینۆکەکانیان بە ددان دەدەن. هەرچەندە ئەمە باوە، بەڵام بۆ ددانی بچووکەکان خراپە. ئەگەر منداڵەکان پەنجەی نینۆکەکانیان بە ددان بقرتێنن، ئەوا مەترسییان زیاد دەکات لە زیان گەیاندنیان بە ددانەکانیان، نموونەی درزکردن یان دروتسبوونی ناڕێکی ددانەکانیان. ئەم خووە لەوانەیە ببێتەهۆی ددانە کیڕێییەکی زۆر. ئەگەر منداڵەکانتان بەردەوام بن لەم خووە ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ددانەکانیان. هەندێک کاتیش ئەم کردارە دەبێتە هۆی گواستنەوەی بەکتریا بۆ ناو دەم.

هەناسەدان لە دەمەوە: هەناسەدانی دەم زیان بە گەشەی جەستەیی منداڵ دەگەیەنێت. ددانی تێکچوو و قەرەباڵغەکردنی دەم و تێکچونی شەویلگەکان بەهۆی ئەم خووە خراپەوە دروست دەبن. هەروەها بەردەوام پی ئێچ PHـی لیک دەگۆڕدرێت، هەندێک لە کاریگەرییەکانی دژە بەکتریایی کەم دەکاتەوە و  زیاتر توشی تیکچوونی ددان دەبن.

هۆکاری دروستبوونی خووی زیانبەخش لە منداڵاندا

شایەنی باسە ئەم دیاردە دزێوانە لەنێو کۆمەڵگەی وڵاتانی جیهاندا وەک ئەورووپا و لەنێو کۆمەڵگای ئێمەشدا لە تەشەنەسەندندایە، هەریەک لەو خووانەی ئاماژەیان پێکراوە زیانی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام هەستیارترینیان پەنجە مژین، نینۆک قرتاندن بە ددانەکان و هەناسەدانە لە ڕێگەی دەمەوەیە. هۆکارەکانی ئەمانەش بریتین بە شێوەیەکی سەرەکی بریتین لە دایک و باوکانی منداڵان کە سەرقاڵی کاری ڕۆژانەی خۆیانن و دوورن لەوەی منداڵەکانیان بەشێوەی لەبار و دروست پەروەردە بکەن، لە هەمانکاتدا سۆز و خۆشەویستی پێویست کە زۆر گرنگە بۆ ئەو جگەرگۆشانە کەمتەرخەمییەکی بەرچاوی تێدا بەدی دەکرێت، کە ئەویش بە شێوەییەکی ناڕاستەوخۆ ڕوودەدات بەهۆی سەرقاڵی باوک و دایکان بە کاری ڕۆژانەیانەوە، لەبەر سەختی ژیان ئەم دوورکەوتنەوەیە و کەمتەرخەمییە لە پەروەردەدا هۆکارە بۆئەوەی منداڵان ڕووبکەنە خووی دزێوی وەک پەنجە مژین و چەندانی تر.

لە ڕاستیدا هۆکاری دیکەش زۆرن بۆ ئەو خووە دزێوانە وەک هۆکاری بۆ ماوەیی، کە منداڵ لە باوانییەوە هەندێک خووی بۆ دەگوازرێتەوە. نموونەیەک لەسەر خووە زیانبەخشەکان کە زیان بە ددان دەگەیەنێت بریتییە لە هەناسەدان لە دەمەوە کە دەکرێت هۆکارەکەی بۆماوەیی بێت یان هۆکاری دیکە بێت، بێجگە لە بۆماوەیی وەک گەورەبوونی گەروو بەهۆی هەوکردنی درێژخایەنەوە یان بەهۆی زیادە گۆشتی ناو لووت یانیش بەهۆی گیرفانی لووت Sinusitis یان لادان و خواری دیواری هەردوو کونە لووت Nasal septum، کە هۆکارە بۆئەوەی وا لە منداڵەکە بکات بەدەمی هەناسە بدات و بەردەوام دەمی کراوە بێت بۆ وەرگرتنی بڕی تەواوی پێویست لە ئۆکسجین. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە لە زۆربەی کۆمەڵگە نەدارەکاندا منداڵان خووی پەنجەمژین یان زمانجوینیان هەیە وەک هەوڵێک بۆ خۆتێرکردن. 

زیانەکانی خووەکان لەسەر گەشەکردنی شەویلگە

پرۆسەی خووی دزێوی وەک پەنجە مژین و زمانجوین یان هەناسەدان لە دەمەوە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ماسولکەکانی دەموچاو (ڕوو) پەستان بخەنە سەر ئێسکی هەردوو شەویلگەی سەروو و خوار، ئەم پەستانە لەلاوە وا لە ئێسکی شەویلگەی سەروە دەکات گەشەکردنەکەی بە جۆرێکی نائاسایی بێت واتە شەویلگەی سەروو تەسکتر بێت لە شەویلگەی خواروو واتە بەشێوەیەکی پەستێنراو دەردەچێت خووی پەنجەمژین دەبێت بە ڕێگرێک لە بەرامبەر گەشەکردن و دەرکەوتنی ددانەکان بەشێوەیەکی ئاسایی خۆی کە زۆرجار وا لە ددانەکان دەکات نەگەنە یەک واتە منداڵەکە دەم دادەخات ددانەکانی پێشەوەی شەویلگەی سەروو ناگاتە ددانەکانی شەویلگەی خواروو واتە بۆشاییەکی گەورە پەیدا دەبێت کە پڕاوپڕ بە ئەندازەی قەبارەی پەنجەی منداڵەکەیە.

لەهەمان کاتدا ئەم پەنجەمژینە دەبێتەهۆی ئەوەی کە پەستان بخاتەسەر بەشی پێشەوەی شەویلگەی سەروو کە بەرەو پێشەوەی دەریدەپەڕێنێت و بەشی پێشەوەی شەویلگەی خواروو بەرەو دواوە دەبات، واتە شێوەی ڕووی منداڵەکە تێکدەچێت ئەویش بەو هۆیەی کە کاریگەریی تەنیا لەسەر ددانەکان نییە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئێسکی ڕووی هەردوو شەویلگەکە هەیە. شایەنی باسە کە خووگرتن بە بەکارهێنانی مەمکەمژە بۆ ماوەی چەند ساڵێک واتە وازلێنەهێنانی و بەکارهێنانی لە ماوەی دروستبوون و سەردەرکردنی ددانەکان هەمان کێشە دروستدەکات لە دداناکان و شەویلگەدا.

چارەسەرکردنی خووە زیانبەخشەکان چۆن دەبێت؟

گرنگترین هەنگاوی چارەسەر ئەوەیە کە بەزووترین کات بتوانرێت دەستنیشانی هۆکاری ئەو خووە بکرێت، ئەگەر هەر کێسەیەک هەبێت لە هەوی ئاڵووەکان یان بوونی هەر زیادە گۆشتێک لە ڕێڕەوی لووتدا کە هۆکاری سەرەکین بۆ هەناسەدان لە دەمەوە، بە زووترین کات چارەسەر بکرێت لە لای پزیشکی پسپۆڕ، ئەویش بە لابردنی ئەو زیادە گۆشتانە یان ئەو حاڵەتانەی کە هۆکارن بۆ هەناسەدان لە دەمەوە، خۆ ئەگەر دایک و باوک نەیانتوانی یان ئەوەیان پشتگوێخست کە منداڵەکەیان خووە دزێوەکە وازلێبهێنێت ئەوا پێویستە لەسەریان منداڵەکە پیشانی پزیشکی پسپۆڕی ددانی بواری ڕاستکردنەوەی ددان بدەن بەر لە تەمەنی شەش ساڵان، واتە بەر لەوەی منداڵەکە ددانە هەمیشەییەکانی دەست بە دەرکەوتن بکەن، پزیشکەکە دەتوانێت شێوازێک بەکاربهێنێت کەوا لە منداڵەکە بکات ئەو خووە دزێوە وازلێبهێنێت، کە پێش ئەمەش پشت دەبەستێت بە بەکارهێنانی دوو جۆر ئەویش جێگیر یان جووڵاو-ناجێگیر کە منداڵەکە بۆ ماوەیەکی گونجاو لە دەمیدا دەبێت ڕێگر دەبێت لە پەنجە خستنە ناودەم و کاریگەرییەکی وای دەبێت ئەو پەیوەندییە ناهێڵێت کە منداڵەکە خووی پێوەگرتبوو، منداڵ هەست بە نائارامی دەکات کاتێک پەنجە دەخاتە ناو دەم و پەنجەی بە مەڵاشوویەوە دەنوسێت کە دوای ماوەیەک پزیشکەکە بۆی دەردەکەوێت منداڵەکە هۆگری ئەو خووە دزێوەی نەماوە، ئەوکات ئامرازی ڕاستکردنەوەی ددانەکان و ئامرازی ڕێگرەکە لە دەمی منداڵەکە دەردەهێنێت و منداڵەکە ئەو کارە دزێوەی بیردەچێتەوە پرۆسەی تێکچوونی شەویلگە و ددانەکانی دەوەستێت بەڵام ئەگەر ئەو چارەسەرە نەبێت لەوانەیە شێوە دزێوی ئێسکی ڕوو و شەویلگە و ددانەکان زۆر بە زەقی دیاربن، بۆیە تازوو کارەکە دەستنیشان بکرێت و دەست بە چارەسەرەکە بکرێت ئەنجامی باشتر دەبێت، هەر بۆیە باوک و دایک ئەرکێکی زۆر گرنگیان لەسەرە کە سۆز و خۆشەویستییان پێ ببەخشن و لە نزیکەوە چاودێرییان بکەن.


سەرچاوەکان



87 بینین