پشکنینی تیژیی چاو

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-03-22-23:51:00 - کۆدی بابەت: 12231
پشکنینی تیژیی چاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی تیژیی چاو (بە ئینگلیزی: Visual acuity، بە عەرەبی: حدة البصر) بە گشتی ئاماژە بە ڕوونی بینین دەکات، بەڵام لە بواری تەکنیکییەوە ڕێژەی توانای کەسێک بۆ ناسینەوەی وردەکارییە بچووکەکان نیشان دەدات. تیژیی چاو پشت دەبەستێت بە فاکتەری بینین و دەماری. فاکتەری بینایی چاو کاریگەری لەسەر تیژبوونی بینینیی وێنەیەک لەسەر تۆڕی چاوهەیە. فاکتەرە دەمارییەکان بریتین لە تەندروستی و کارکردنی تۆڕی چاو، ڕێڕەوە دەمارییەکان بۆ مێشک، و فاکەڵتی لێکدانەوەی مێشک.

ئەمە ڕێگایەکی خێرا و ئاسانە بۆ پسپۆری چاودێری چاو بۆ پشکنینی بینین و تێبینی کردنی هەر گۆڕانکاریەک. ئەم پشکنینە لە ڕێگەی نیشاندانی چارتێکەوە کە نووسراو یان ھێمای لەسەر نیشاندەدرێت لە مەودایەکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەی چاوەکان لە ڕووی  پیوانەی ڕوونی بینین و تیژی کەسەکەوە ھەڵبسەنگێندرێت و دیاریبکرێت، کە چاوی کەسەکە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت شتاکان لەو مەودا دیاریکراوە بە ڕوونی و تەواوی ببینیت.

ئەو کەسانە کێن کە پێویستییان بەم پشکنینە ھەیە؟

  • منداڵان پێویستە زوو ئەم پشکنینە ئەنجام بدەن ئەمیش بۆ دیاریکردنی ھەر کێشە و گرفتێک کە لە بینین ھەیانە. ئەم پشکنینە یارمەتیدەرێکی تەواو دەبێت بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکە لە قۆناغی زوودا.
  • ھەموو کەسێک پێویستی بەم پشکنینە ھەیە بۆ دڵنیابوون لە تەواوی بینین، بەڵام ئەو کەسانەی کەوا ھەست دەکەن گۆڕانکاری لە بینینیان ڕوویداوە یان کێشەیان لە بینین ھەیە پێویستیان بەم پشکنینە دەبێت بۆ دیاریکردنی ھەر گۆڕانکارییەکان لەو حاڵەتەی کە تێیدان. واباشترە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 54 ساڵیدان هەموو دوو بۆ چوار ساڵ جارێک و ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار 40 ساڵییەوەیە 5 بۆ 10 ساڵ جارێک پشکنین بکەن.

چۆن پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت

دوو جۆری گشتی پشکنینەکە بریتین لە سنێلین و هەڕەمەکی ئی E.

سنێڵن snellen

ئەم جۆرەیان بریتیە لە نیشاندانی ھێماو نووسین لەسەر شاشەی تاقیکردنەوە،ئەمیش بەم شێوازە دەبێت واتا نیشاندانی ھێما و نووسین بە شێوە و قەبارە و ڕێکخستنی جیاواز. پێشاندراوە لە 14 بۆ 20 پێ دوور، ئەم  هێڵکارییە یارمەتی دیاریکردن دەدات کە چۆن دەتوانیت پیتەکان و شێوەکان ببینیت.

لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا، تۆ دادەنیشیت و لە دوورییەکی دیاریکراو دەوەستیت دوور لە نەخشەکە و چاوێک دادەخەیت. بە دەنگی بەرز ئەو پیتانە دەخوێنیتەوە کە دەیبینیت بەو چاوەی دانەخراوە. تۆ ئەم پرۆسەیە دووبارە دەکەیتەوە بە چاوەکەی ترت. بە شێوەیەکی ئاسایی، دکتۆرەکەت داوات لێ دەکات کە پیتی بچووکتر و بچووکتر بخوێنیتەوە هەتا چیتر ناتوانیت بە وردی پیتەکان جیا بکەیتەوە.

هەڕەمەکی ئی random E

 پشکنینی هەڕەمەکی بینایی E هاوشێوەی هێڵکاری چاوی سنێڵن. ئەم جۆرەیان بریتیە لە نیشاندانی E بە شێوەی جیا لەسەر شاشەی پشکنینەکە، ئەمە هێڵکاری دیواریە، بەڵام لە جیاتی ڕیزێک لە پیتە جیاوازەکان، تەنها ئیی E لەسەر چاپ كراوە. ئەمیش بەم شێوازە جارێک رووی بۆ سەرەوە، جارێک رووی بۆ خوارەوە، جارێک ڕووی بۆ لای ڕاست، جارێک ڕووی بۆ لای چەپ بەپێ دووری و نزیکی ھەر جارێکیان تاقیدەکرێتەوە. ئەمە یارمەتی دیاریکردنی چاویلکەی نموونەیی یان هاوێنەی تایبەتمەند دەدات، ئەگەر پێویستت بە ڕاستکردنەوەی بینینە.

تێگەیشتن لە ئەنجامی پشکنینەکەت 

٦/٦ یان ٢٠/٢٠ باشترینە بۆ کەسێکی ئاسایی. واتا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت شتەکان لە دووری شەش مەتر ببینێت بە ستانداری بریتانی یان بە شێوەی ئەمریکی واتا کەسێکی ئاسایی دەتوانێت شتەکان لە دووری بیست پێ ببینێت. مەبەست لەم دوو ژمارەیە ئەوەیە ژمارەی سەرەوە ئاماژەیە بۆ مەودای بینینی کەسەکە بۆ ھیمای سەر شاشەکە، ژمارەی خوارەوەش ئاماژەیە بۆ مەودای بینینی کەسێکی ئاسایی. ئەگەر بێتوو تۆ بینینت ٢٠/٢٠ یان ٦/٦ بێت ئەوا تۆ کەسێکی بینینەکەت ئاساییە، ھەر چەندە لەم ڕێژەیەش کەمتر ھەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تۆ چاوت لە کەسێکی ئاسایی باشترە بۆ نموونە ٢٠/١٠ ئەمە باشترین بینینە لەو کەسانەی کە بینینیان ئاساییە.

ئەگەر بێتوو تۆ بینینت ٢٠/٢٠ یان ٦/٦ نەبێت ئەوا پێویستە بینینت چاک بکەیتەوە ئەویش لە ڕیگەی چاویلکە یان دانانی عەدەسە یان لە ڕیگەی نەشتەرگەری دەبێت. کەواتە ھەر چەندێک ژمارەکەی خوارەوە بچووکتر بێت ئەوەندە بینینی کەسەکە باشترە، چونکە مانای وایە ھەر چەندێک وێنەکە دوورتر دەکرێت ئەوا تۆ دەتوانیت بە ڕوونی بیبینی. ھەر چەندێک ژمارەکان گەورەتر بێت ئەوا ئاستی بینینی کەسەکە خراپترە، چونکە چەند ژمارەکە گەورەتر بێت ئەوەندە وێنەکە لە پشکنینەکەدا گەورەتر دەکریت و دێتە پیشەوە. ئەمەش ئەوە دەگەێنێت ھەر چەندێک ھێما و ژمارەکان گەورەتر بێت ئەوەندە ئاستی بینیت خراپە.

ئەو ھۆکارانەی کار دەکەنە سەر ئەنجامی پشکنینی تیژیی چاو

  • ڕووناکی لەوانەیە کاربکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە، بۆیە ئەو شوێنەی کە ئەم پشکنینەی لێ ئەنجام دەدرێت پێویستە لە کاتی پشکنینەکە ڕووناکییەکی گونجاو لە ژوورەکەدا هەبێت.
  • ماندوبوونی زۆر وا دەکات کەسەکە سەرنجی لاواز بێت و دواتریش لەوانەیە کار بکاتە سەر ئەنجامی ئەم پشکنینە.
  • دانانی قەترەی فراوانکردنی بیلبیلەی چاو پێش ئەم پشکنینە، چونکە ئەم قەترانە دەبێتە ھۆی کرانەوەی بیلبیلەی چاوی کەسەکە و بەرچاوی کەسەکە ڵێڵ دەکات. ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە بۆ سەر بینینی کەسەکە.


سەرچاوەکان



54 بینین