هونەری ئیسلامی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-17:42:00 - کۆدی بابەت: 12264
هونەری ئیسلامی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری ئیسلامی (بە ئینگلیزی: Islamic art، بە عەرەبی: فن إسلامي) بەشێکە لە کولتووری ئیسلامی و ئەو هونەرە بینراوانە دەگرێتەوە کە لە سەدەی حەوتەمی زایینیەوە لەلایەن کەسانێکەوە کە لە چوارچێوەی ئەو خاکانەدا دەژیا کە دانیشتووانی موسوڵمان تێیدا نیشتەجێ بوون یان حوکمڕانییان دەکرد بەرهەم هێنراون.

هونەری ئیسلامی گشتی بە شێوەیەکی نەریتی نوێنەرایەتی هونەرێکی دیاریکراوی نییە، جگە لە بەکارهێنانی بەربڵاوی فۆڕمی ڕووەکی، بەزۆری لە جۆرەکانی ئەرەبێسکی (نەخشی عەرەبی) خولگەیی.

ئەم هونەرانە زۆرجار لەگەڵ خۆشنووسی ئیسلامیدا تێکەڵ دەکرێن، نەخشی ئەندازەیی بە شێوەیەکی گشتی لە هونەرە جۆراوجۆردا دەبینرێن، لە شتە بچووکەکانەوە لە سیرامیک یان کاری کانزادا تا دەگاتە دیکۆراتی گەورە لە کاشیکردن لە دەرەوە و ناوەوەی بینا گەورەکان، لەنێویاندا مزگەوتەکان.

فۆرمەکانی تری هونەری ئیسلامی بریتین لە نیگارکێشانی بچووکی ئیسلامی، دەستکردنەکانی وەکوو شووشەی ئیسلامی یان کۆفە و هونەری قوماش، وەک فەرش و نەخشاندنی قوماش.

پێشکەوتنە سەرەتاییەکانی هونەری ئیسلامی لە ژێر کاریگەری هونەری ڕۆمانی، هونەری سەرەتایی مەسیحی (بەتایبەت هونەری بیزەنتین) و هونەری ساسانی بوون، لەگەڵ کاریگەرییەکانی دواتر لە نەریتە کۆچەرییەکانی ئاسیای ناوەڕاست. هونەری چینی کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر نیگارکێشی و کۆفە و قوماشی ئیسلامی هەبوو.

هونەری ئیسلامی هەر لە سەرەتای خۆیەوە لەسەر بنەمای وەشانی نووسراوی قورئان و بەرهەمە ئایینییە سەرەکییەکانی تر دامەزراوە، ئەمەش بە ڕۆڵی گرنگی خۆشنووسی ڕەنگ دەداتەوە.

هونەری ئیسلامی ئایینی بە شێوەیەکی تایبەت بە نەبوونی پەیکەر و دروستکردنەوە، بەکارهێنانی بەرفراوانی نەخشی گوڵاوی خەتخەت، ئەندازەیی و ئەبستراکت ئەندێشەیی) تایبەتمەند بووە.

لە هونەری نائایینی (ئەوانەی زۆر پابەند نەبوون بە ئایینەوە.) جیهانی موسوڵماناندا، نوێنەرایەتیکردنی فۆرمەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ لە مێژوودا لە نزیکەی هەموو کولتوورە ئیسلامییەکاندا گەشەیسەند، هەرچەندە بەشێکی بەهۆی هەستی ئایینیەوە کە دژی وێنەکێشانی بوونەوەرە زیندووەکان بوون بە مەبەستی ئەوەی کە پێچەوانەی ئایینە، زۆر جار لە تابلۆکاندا بە شێوازێکی تایبەت دەکێشران، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جۆرەها دیزاینی دیکۆراتی خوازراو.

زۆرجار هەردوو شتومەکی هونەری ئایینی و نائایینی هەمان ئاماژە و شێواز و فۆرم پیشان دەدەن. لەوانە خۆشنووسی، تەلارسازی، قوماش و کەلوپەل، وەک فەرش و کاری دار.

هونەر و پیشە دەستییە نائایینییەکان بریتین لە بەرهەمهێنانی قوماش، وەک جلوبەرگ، فەرش یان چادر، هەروەها کەلوپەلی ناوماڵ، کە لە کانزا، دار یان کەرەستەی تر دروست دەکرێن.

جگە لەوەش تابلۆی مینیاتۆری هێمایی نەریتێکی دەوڵەمەندی هەیە، بەتایبەتی لە نیگارکێشانی فارسی و موگڵ و عوسمانیدا. ئەم وێنانە زۆرجار مەبەست لێی وێناکردنی چیرۆکە مێژووییە یان شیعرییە ناسراوەکان بووە.

بەڵام هەندێک لێکدانەوەکانی ئیسلام بریتین لە قەدەغەکردنی وێناکردنی بوونەوەرە زیندووەکان، کە بە ئەنیکۆنیزمیش ناسراوە. ئەنیکۆنیزمی ئیسلامی بەشێکی لە قەدەغەکردنی بتپەرستی و بەشێکیش لەو باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت کە دروستکردنی فۆڕمی زیندوو تەنها مافی خودایە.

خۆشنووسی

خۆشنووسی لە هونەری ئیسلامیدا لە هەموو شوێنێک هەیە و گرنگی پێدەدرێت، بەزۆری خەتنووسەکان پێگەیەکی بەرزتریان هەبووە لە هونەرمەندەکانی تر، خۆشنووسی زیاتر لە نووسینەوەی قورئاندا سەرچاوە دەگرێت، هەروەها لە دراو، کاشی، کاری کانزا و زۆربەی نیگارۆکە نەخشێنراوەکان هەندێک ڕێنووس لەخۆدەگرن.

هەروەها بەکارهێنانی خۆشنووسی ئیسلامی لە تەلارسازیشدا ڕەنگی داوەتەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو لەدەرەوەی خاکە ئیسلامییەکانیش درێژبووەتەوە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بەکارهێنانی خۆشنووسی چینییە بۆ ئایەتەکانی قورئان لە مزگەوتی گەورەی شییان. 

وێنەکێشان

دروستکردنی وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ لە کولتوورە ئیسلامییەکاندا هەندێک لێکدانەوەی لەسەرە کە وێنەکردنیان قەدەغە دەکەن. هەرچەندە نەریتی نیگارکێشانی سەردیوار بەتایبەتی لە جیهانی فارسیدا هەبووە، بەڵام باشترین شێوەی وێنەکێشان کە بەشێوەیەکی گەشەسەندوو لە جیهانی ئیسلامیدا ماوەتەوە مینیاتۆرە، کە وێنەی مرۆڤ بوو. 

فەرش و مافوور و چنراو

هیچ بەرهەمێکی هونەری ئیسلامی لە دەرەوەی جیهانی ئیسلامیدا لە فەرش زیاتر ناسراو نەبووە، کە زیاتر بە مافووری ڕۆژهەڵاتی (فەرشەکانی ڕۆژهەڵات) ناودەبرێت.

فەرش و مافوورەکان لە ژیانی ڕۆژانەی ئیسلامی و موسڵماناندا بەکاردەهێنرێت، لە ڕووپۆشی زەوییەوە تا دەوڵەمەندکردنی تەلارسازی و جوانکاری، لە پاڵپشتەوە تا جانتا و فەردە بە هەموو شێوە و قەبارەیەک، هەروەها بەرماڵ و دابینکردنی شوێنی پاک بۆ نوێژکردن.

سیرامیک

لە هونەری ئیسلامیدا سیرامیک بەکارهێنانی بەرچاوی هەیە، چی لە گڵکاری و چی لە کاشی بۆ دیوار. یەکەم کۆمەڵگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی شووشە و گڵکاری لە سەدەی هەشتەمدا لە شاری ڕەقەی سووریا دروستکرا. هەروەها جیهانی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاست کاری گڵکاری بە وێنەی ئاژەڵ و مرۆڤی ڕەنگاوڕەنگ هەبوو. نموونەی لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاستدا دەبینرێت، بە تایبەتی لە فارس و میسڕدا.

کاشیکاری

سەرەتاییترین بینا گەورە ئیسلامییەکان، وەکوو قوبە بەردەکە لە قودس، دیوارەکانی ناوەوەیان بە موزاییک (دروستکردنی نەخش بە وردە کاشی) بە شێوازی بیزەنتین ڕازێنرابووەوە، بەڵام بەبێ دروستکردنی شێوەی مرۆڤ.

لە سەدەی نۆیەمەوە نەریتی ئیسلامی جیاوازی کاشی شووشەیی و ڕەنگی گەش بۆ دیوار و قوبە ناوەوە و دەرەوە پەرەی سەند. هەندێک لە دیزایینەکانی پێشووتر بە بەکارهێنانی تێکەڵەی کاشی کە هەر یەکەیان ڕەنگێکیان هەیە و بە شێوازێک بڕدراون، بچووکن و چەند شێوەیەکی کەمن، کە بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی نەخشی ئەندازەیی ئەبستراکت. دواتر زیاتر شارەزاییان وەرگرت و بۆیاخیان پێش گەرمکردنی کاشییەکان بەکارهێنا.

شووشە

لە زۆربەی سەدەکانی ناوەڕاست شووشەی ئیسلامی لە ئۆراسیادا پێشکەوتووترین بوو، هەناردەی ئەورووپا و چین دەکران. هەروەها بەبریقەکردن لە کەلوپەل و کۆفەدا بەکاردەهێنرا، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەم لە میسر، لە سەدەی دوازدەهەمدا بەربڵاو بوو. چەندین جۆری شووشە بڵاوبوویەوە و بەکارهێنرا.

کانزاکاری

کاری کانزای ئیسلامی سەدەی ناوەڕاست جیاوازیەکی تەواوی لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکەی هەیە، کە چەندین مۆدێل و ڕازاندنەوە بە ڕەنگی گەش و ڕووکەشکردن زاڵە، هەروەها لە هەندێک پارچەدا بەتەواوی کانزا بەنرخەکان بەکاردەهێنران.

لە بەرانبەردا کاری کانزای ئیسلامی کە ماون لەو شتانەی کە زۆربەیان لە مس و برۆنز و پۆڵان پێکدێت، شێوەی سادەن، بەڵام زۆرجار و ڕووکارەکانیان زۆر بە ڕازاندنەوەی چڕ بە چەندین تەکنیک ڕازاوەتەوە، هەروەها ڕەنگەکانیان زیاتر سنووردارە بە ڕەنگی ئاڵتوونی، زیوی، نی ئیلۆی مس یان ڕەش.

زۆرترین مانەوەی سەدەکانی ناوەڕاست شتگەلێکی وردی مسیین، ئەوەندە جوانن کە بتوانن بپارێزرێن، بەڵام ئەوەندە بەنرخ نین کە بتوێنەوە. هەروەها کەلوپەلی ناوماڵیشیان لێ دروستکراوە وەکوو گۆزەڵە و گۆزەی ئاو. 

هونەرەکانی تر

چەندین دەستکەوتی هونەری تری ئیسلامی هەن لەوانە، نەخشاندنی بەردی ڕەق، زێڕنگەری، نەخشاندنی عاج و کاری چەرم. لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا کاری ئیسلامی لەو بوارانەدا لە ناوچەکانی تری جیهان بەهایەکی زۆری هەبوو، زۆرجاریش لە دەرەوەی ناوچەی ئیسلامی بازرگانییان پێوە دەکرا. هەروەها بەکارهێنانی بەردە بەنرخەکان، ئاوریشم، خانوو و مۆبیلیات گرنگی خۆیان هەبووە.


سەرچاوەکان



141 بینین