هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی تاقیگەی پزیشکی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-23-21:48:00 - کۆدی بابەت: 12277
هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی تاقیگەی پزیشکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ناساندن

هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی تاقیگەی پزیشکی (بە ئینگلیزی: Medical aboratory error) بریتین لە هەر هەڵە و کەموکوڕییەک هەر لە وەرگرتنی خوێن و ئەنجامدانی پشکنینەکان تاکوو لێکدانەوەی ئەنجامەکان. پشکنینەکانی تاقیگە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان هەیە، هەر لەبەر ئەمەش هەر هەڵە و کەموکوڕییەک ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکان دروست دەکات، دەبێتە هۆی زیادکردنی تێچوون و کەمکردنەوەی دڵنیایی نەخۆشەکان. تەواوی پڕۆسەی ئەنجامدانی پشکنینەکان بازنەیەکی تەواوکەری یەکتر پێک دەهێنن. بۆ سێ بەش دابەش دەکرێن کە بریتین لە پێش ئەنجامدانی پشکنین، لە کاتی ئەنجامدانی پشکنین و دوای ئەنجامدانی پشکنین.

  • پڕۆسەی پێش ئەنجامدانی پشکنینەکان (pre analytical) بریتییە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی تایبەت بە پشکنین، وەرگرتنی سامپڵی تایبەت بە پشکنینەکە و گواستنەوەی سامپڵەکە بۆ تاقیگە.
  • پڕۆسەی کاتی ئەنجامدانی پشکنین (analytical) بریتییە لە ئامادەکردنی سامپڵەکە و ئەنجامدانی پشکنینەکان.
  • پڕۆسەی دوای ئەنجامدانی پشکنین (post analytical) بریتییە لە نووسینی ڕاپۆرت دەربارەی ئەنجامی پشکنینەکە و ئامادەکردنی بۆ ئەو کەسەی داوای ئەنجامدانی پشکنینەکەی کردووە.

دەکرێت لە هەر یەک لەم هەنگاوانەدا هەڵە و کەموکوڕی ڕووبدات، ئەنجامدانی هەڵە لە هەر هەنگاوێکدا کاریگەری لەسەر هەنگاوی دواتر دروست دەکات.

هەڵەکانی پێش ئەنجامدانی پشکنین

بریتین لە:

  • هەڵە لە وەرگرتنی خوێندا، وەک پەستانی زۆر خستنە سەر شوێنی وەرگرتنی سامپڵەکە.
  • بەکارهێنانی تیووبی نەگونجاو و هەڵە، پشکنینەکان تیووبەکانیان جیاوازە و پێویستە بەپێی پشکنینەکان تیووبەکان بەکاربهێنرێن. بۆ نموونە خوێن لە تیووبێک کە دژەمەیینی تێدایە بۆ بەدەستهێنانی سیڕەم بەهەڵە دادەنرێت.
  • بەهەڵە دیارکردنی تیووبەکان وەک نووسینی ناوی نەخۆش، بەروار و کاتی وەرگرتنی سامپڵەکە کە پێویستە بەشێوەیەکی ڕاست بنووسرێن.
  • وەرگرتنی خوێن لە کاتێکی هەڵەدا، بۆ هەندێک پشکنین پێویستە نەخۆشەکە بۆ ماوەیەک بەر لە وەرگرتنی خوێن هیچ خواردنێکی نەخواردبێت و هیچ دەرمانێکی بەکارنەهێنابێت. ئەگەر لە هەر کاتێک بێت خوێن لە نەخۆش بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە پشکنینانە وەربگیرێت، ئەوا کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دروست دەکات.
  • درەنگ گواستنەوەی سامپڵەکە بۆ تاقیگە، هەندێک کات درەنگ گواستنەوەی سامپڵەکە دەبێتە هۆی مەیینی خوێنەکە و دواتر هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا. بەهەمان شێوە جگە لە سامپڵی خوێن گواستنەوەی درەنگی سامپڵی پیسایی یان سامپڵەکانی تریش کاریگەری لەسەر پشکنینەکان دروست دەکات.
  • هەڵگرتنی سامپڵەکان لە پلەیەکی گەرمی نەگونجاودا.
  • بەستنی تۆڕنیکا بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی زیادبوونێکی ناڕاستی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.
  • وەرگرتنی بڕێکی کەم لە سامپڵ کە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان بڕێکی گونجاو نەبێت، لەم کاتەدا پێویستە دووبارە سامپڵ لە نەخۆش وەربگیرێتەوە.

هەڵەکانی تاقیگە لە کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکاندا

  • هەڵە ئەنجامدانی هەنگاوەکانی پشکنینەکە.
  • بەباشی سەنتەرفیوج نەکردنی سامپڵەکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی سیڕەمێکی گونجاو و خاوێن دەست نەکەوێت.
  • بەباشی ئەنجام نەدانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ بۆ ئامێرەکان و کەرەستەکانی تاقیگە کە دەبێتە هۆی باش ئیشنەکردنی ئامێرەکان.
  • هەڵە لە پێوان و هەژمارکردنی ئەنجامی پشکنینەکە، ئەمەش ڕەنگە بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە بێت وەک کزی چاو کە ئەنجامی پشکنینەکان بەهەڵە بخوێنرێتەوە یان بەهۆی بارودۆخی بەپەلەوە.

هەڵەکانی دوای ئەنجامدانی پشکنین

  • داخڵنەکردنی ئەنجامی پشکنینەکان
  • دواکەوتن لە داخڵکردنی ئەنجامەکان

خەمڵاندنی ئەنجامەکان بە شێوەیەکی هەڵە

  • ناردنەوەی ئەنجامەکان بۆ نەخۆشێکی هەڵە

دەکرێت هەندێک ڕێ و شوێنی وەک خوێندنی چۆنیەتی وەرگرتنی خوێن بەشێوەیەکی ئەکادیمییانە، هەڵبژاردنی کەرەستە و پێویستی باش و گونجاو، گەڕان و خوێندنەوە لەسەر ئامێرە تازەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان و چەندین ڕێگەی تر بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەڵانە بگیرێتە بەر، تاکوو ئەنجامی پشکنینەکانی تاقیگە زیاتر پشت پێ بەستراو بن و لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکاندا یارمەتیدەر بن.


سەرچاوەکان



49 بینین