خەوتن لەسەر لا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2024-03-27-22:36:00 - کۆدی بابەت: 12345
خەوتن لەسەر لا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەوتن لەسەر لایەک یان بە لادا خەوتن (بە ئینگلیزی: sleeping on your side) خەو بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خواردن و خواردنەوە گرنگە بۆ زیندوو مانەوە و بەردەوامی، بە هەمان شێوە خەوتنیش گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. بوونی خەوێکی باش و ئارام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانە و باری دەروونی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا باری خەوتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشێتی خەودا.

زۆرجار خەوتن لەسەر پشت پێشنیار دەکرێت بۆ بوونی خەوێکی باش نەبوونی ئازار لە بەیانیاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا خەوتن لەسەر لا چەندین سوودی تەندروستی هەیە. توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە خەوتن لەسەر لا زیاتر لەناو کەسانی پێگەیشتووی بە تەمەندا باوە. سەرەڕای ئەوەی کە خەوتن لەسەر لا سوودێکی زۆر هەیە، بەڵام تەنها کاتێک ئەم سوودانە بە دەست دەهێنیت کە بە باری ڕاست و تەندروستدا بخەویت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بە شێوەیەکی ناتەندروست لەسەر لا بخەویت، ئەوا تووشی ئازاری بڕبڕەی پشت و مل و جومگەکان دەبیت.

سوودەکانی خەوتن لەسەر لا

لە کاتێکدا کە خەوتن لەسەر پشت بە باری نموونەیی دادەنرێت، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە سوودەکانی خەوتن لەسەر لا لە سوودەکانی خەوتن لەسەر پشت کەمتر نییە. کاتێک خەوتن لەسەر لا بە ڕاستی و دانانی لەش لە بارێکی دروستدا ئەنجامدرا، ئەوا خەوتن لەسەر پشت دەتوانێت ئازاری خوارەوەی پشت و جومگەش کەم بکاتەوە، هەروەها ئازاری درێژخایەنی پەیوەست بە حاڵەتە درێژخایەنەکانەکانی جومگەکان کەم دەکاتەوە.

یەکێکی تر لە سوودەکانی خەوتن لەسەر لا کەمکردنەوەی پرخەیە، کە یەکێکیشە لە نیشانەکانی هەناسەتوندی لە کاتی خەودا (sleep apnea)، ئەم حاڵەتە حاڵەتێکی تەندروستی جددیە کە دەبێتە هۆی تێکدانی هەناسەدان و تووشبوون بە چەندین ئاڵۆزیی درێژخایەنی وەک:

دۆخی پەککەوتنی هزری دەستەواژەیەکە کە بۆ پێناسەکردنی دۆخی سەرلێشێوان، لەدەستدانی یادەوەری، کێشە لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی مانای شتەکان، بە قوورسی ناسینەوەی خەڵک و شوێن و شتەکان یان گۆرانی باری دەروونی بەکاردێت. ئەم دۆخەش دەکرێت بە بوونی خوویەکی باشی خەوتن ڕێگری لێ بکرێت، بەڵام توێژینەوەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە خەوتن لەسەر لاش دەکرێت سوودی بۆ تەندروستی گشتی مێشک هەبێت.

لە کۆتاییدا ئەگەر تۆ کەسێک بیت کە لەسەر لا دەخەویت ئەوا تەندروستی گشتیی هەناوت باشتر دەبێت. ئەم بارە یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدات بەباشی کاربکات، کە ئەمەش کێشەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی هەرسی وەکوو دڵەکزێ و قەبزی و بای سک دەڕەوێنێتەوە.

ئاستەنگەکانی خەوتن لەسەر لا

دەکرێت خەوتن لەسەر لا چەندین سوودی هەبێت، بەتایبەت بۆ کەسێک کە کێشەی ئازاری پشت یان هەناسەتوندی کاتی خەوی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لەش پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە بەدرێژایی شەو تاکوو ئازار لە شوێنەکانی تری لەشدا دروست نەبێت، ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی بارەکانە لە لای ڕاستەوە بۆ لای چەپ و بە پێچەوانەوە.

هەروەها گرنگە کە ئاگاداری شێوازی دانانی چەناگەت بیت بە دانانی سەرت بەتەواوی لەسەر پشتییەکە، چونکە ئەگەر سەرت خوار بکەیتەوە بەرەو لای سنگت و بە تەواوی لەسەر پشتییەکەت نەبێت، ئەوا دەکرێت تووشی ئازاری مل ببیت.

ئایا خەوتن لەسەر لا دەبێتەهۆی ئازاری شان؟

یەکێک لە ئاستەنگە تێبینی کراوەکان بریتییە لە ئەوەی کە دەکرێت مەترسی تووشبوون بە ئازاری شان زیاد بکات. ئەگەر لەسەر لای ڕاست یان چەپ بخەویت، ئەو شانەی لەسەری پاڵکەوتوویت دەکرێت لەسەر دۆشەکەکەت پەستانی بکەوێتە سەر و بەرەو لای ملت لاربێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕێکی لە وەستانی شانت و بوونی ئازار لە بەیانییاندا. بوونی پشتی و دۆشەکێکی پتەو دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ دووربوون لە ئەم کێشەیە، هەروەها هێشتنەوەی سەر لە هێڵێکی ڕێک لەگەڵ شاندا بە هەمان شێوە هۆکارە بۆ دووربوون لە ئەو ئازارە.

خەوتن لەسەر لای ڕاست یان لای چەپ؟

خەوتن لەسەر لای چەپ بە بەسوودترین دادەنرێت بۆ تەندروستی گشتی لەشی مرۆڤ، بەڵام لە هەمان کاتدا هەردوو لا دەتوانن سوودیان هەبێت بۆ هەناسەتوندی کاتی خەو و ئازاری درێژخایەنی خوارەوەی پشت. پێویست ناکات بەدرێژایی شەو لەسەر یەک لا بمێنیتەوە، سەرەتا لە لای چەپەوە دەست پێبکە و تێبینی کاردانەوەی لەشت بکە.

ئاساییە کە لە کاتی خەوتندا بارەکانی خەوتنت بگۆڕیت، یان تەنانەت بکەویتە سەر پشت، بەڵام خەوتن لەسەر سک قورسترین بارە بۆ بڕبڕەی پشت و ئەندامە سەرەکییەکانی لەش، بۆیە تا دەتوانیت دووربە لە خەوتن لەسەر سک.

شێوازی دروستی خەوتن لەسەر لا

ئەگەر کەسێکیت کە بە خەوتن لەسەر لا ڕاهاتوویت یان دەتەوێت خۆت ڕابهێنیت تاکوو لەسەر لا بخەویت، گرنگە کە بزانیت چۆن بە دروستی لەسەر لا بخەویت. بەم شێوەیە زۆرترین سوودت لە خەوتن لەسەر لا دەست دەکەوێت، بەبێ ئەوەی کە بەیانیان بە ئازارەوە خەبەرت ببێتەوە و هەست بە نائاسوودەیی بکەیت، شێوازی دروستی خەوتن لەسەر لا:

  • لەسەر دۆشەکێک بخەوە کە نە زۆر نەرم و نە زۆر توند بێت، بەڵکوو توندییەکی مامناوەندی هەبێت، پشتییەکی توند بۆ ژێر سەرت بەکاربهێنە.
  • هەوڵ بدە سەرەتا لەسەر لای چەپ بخەویت، با گوێیەکانت لەگەڵ شانتدا لەسەر یەک هێڵ بن، هەروەها چەناگەت بەرەو خوارەوە نەبێت و سەرت بەرەو لای سنگت لار نەبووبێتەوە.
  • قۆڵ و دەستت لە خوارەوەی ڕووخسارت ڕابگرە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ باری وەستانتدا گونجاو بن.
  • پشتییەکی توند بخە نێوان ئەژنۆکانت، بەتایبەت ئەگەر کەسێکیت کە ئازاری خوارەوەی پشتت هەیە. ئەمەش ڕێگری دەکات لە زیانگەیاندن بە جومگەی ئەژنۆ و ڕان، هەروەها ڕێکی بڕبڕەی پشتت دەپارێزێت.
  • کەمێک ئەژنۆکانت بەرەو لای سنگت بەرز بکەرەوە تاکوو پەستان لەسەر پشتت کەم بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



76 بینین