خستنەڕووی خراپی منداڵ و فەرامۆشکردنی چاکەکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-06-21:32:00 - کۆدی بابەت: 2045
خستنەڕووی خراپی منداڵ و فەرامۆشکردنی چاکەکانی

ناوه‌ڕۆك

خستنەڕووی خراپەکانی منداڵ و فەرامۆش کردنی چاکەکانی

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە خستنەڕووی خراپەکانیان و فەرامۆشکردنی چاکەکانیان، واتە حەزیان لەوەیە لای خەڵکی بە گشتی و دۆست و هاوڕێیانی منداڵەکانیان بە تایبەتی، باس لە خراپەی منداڵەکانیان بکەن و چاکەکانیشیان نادیدە بگرن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە.

  • نەزانین و نەشارەزایی دایک و باوک.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی زانستیی دایک و باوک.
  • ئاشنانەبوون بە شێوازە دروستەکانی پەروەردە و  فێرکردن.
  • نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر هەست و دەروونی خۆیان و پەلەکردن لە بڕیاردان.
  • خۆشباوەری دایک و باوک.
  • کاریگەریی نەرینی کولتوری و داب و نەریت لەسەر ئەوان.
  • فشارە خێزان و کۆمەڵایەتیی و دەروونی و ئابوورییەکان.
  • جیاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • هەبوونی گرێی دەروونی.

ئەلبەتە هەموو ئەمانە و هۆکارەکانی دیکەش وا دەکات کە وا زیانێکی زیدە بە منداڵ بگات، و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەشەی هزری و زانستیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی ئەو جێبهێڵێت، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:

  • مندال بڕوای بە خۆی و دایک و باوکی و دەرووبەری نامێنێ.
  • دەبێتە کەسێکی ترسنۆک و ورەبەزیو.
  • کەسێکی شەرمنی لێدەردەجێت.
  • دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز و لاپەڕ.
  • متمانە بە تواناکانی خۆی نابێت.
  • تووشی بەدگومانی و دڵپیسی دەبێت.
  • هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.
  • هەست بە شڵەژان و داڕووخانی دەروونی دەکات.
  • لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایک و باوک بەم تیرە هەستی منداڵەکانیان بریندار نەکەن و هەڵەی خۆیان ڕاستکەنەوە، پێویستە ئەم هەنگاوانەی خروارەوە بنێن:

  • هیچ هەڵە و کەموکوڕی و خراپییەکی منداڵەکانیان لای هیچ کەسێک باس نەکەن، ئەگەر حاڵەتێکی ئاواش هاتەپێش، پێویستە بە تەنیا لەگەڵیان دابنیشن و بە شێوەیەکی پەروەردەیی و دوور لە تەریقکردنەوە و شکاندنەوە پێیان بڵێن.
  • هەمیشە چاکەکانیان بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەی هانبدرێن و بەردەوام بن لەسەر چاکەکردن.
  • پەڵە و لەز نەکەن لە بڕیاردان.
  • خۆیان ئاشناکەن بە شێوازە پەروەردەییەکان.
  • بیر لە تۆڵەسەندنەوە و شکاندنەوەی نەوەکانیان نەکەن.
  • مەبەست لە سزادان، ڕاستکردنەوە بێت نەک شکاندنەوە.
  • خۆشەویستی ببێتە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان.


سەرچاوەکان



771 بینین