شەڕی ناوخۆی سووریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-28-16:15:00 - کۆدی بابەت: 6741
شەڕی ناوخۆی سووریا

ناوه‌ڕۆك

کێشەی سووریا

جەنگی ناوخۆی سووریا کە بە قەیرانی سووریا و شۆڕشی سووریاش دەناسرێت (بە عەرەبی: الحرب الأهلية السورية)، یەکێکە لە لێکەوتەکانی دوای بەهاری عەرەبی ٢٠١١، جەنگێکی خوێناوییە و زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوامە لە نێوان حکوومەتی بەعسی سووریا و هێزە ئۆپۆزسیۆن و شۆڕشگێڕەکانی سووریا، لەگەڵ دەست تێکەڵکردنی هێزە تیرۆرست و وڵاتە هەرێمی و دەرەکییەکان لە ناوچەکەدا بۆ هاوکاری هەر یەکێک لەو هێزانەی لە جەنگەکەدا بەشدارن.

مێژوو

ساڵی ٢٠١١ کە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە تونس و میسڕ و وڵاتانی عەرەبی سەریهەڵدا و ناونرا بەهاری عەرەبی، سووریاش بە هەمان شێوە خۆپیشاندانی تێدا کرا بەڵام حکوومەت هەر لە سەرەتاوە هێرشی کردە سەر خەڵکی و بە توندترین شێوە دژیان وەستایەوە و چەندین کەسی لێ کوشتن، هەر زوو جیاواز لە وڵاتەکانی دیکە هێزی چەکداری دروست بوون بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد و بەهۆی درێژەدان بە ململانێکانەوە ئەو هێزانەی دیکە کە ساڵانی پێشوو وەستابوون لە چالاکی دەستیان پێکردەوە و ناوچەکە بوو بە مەیدانی جەنگ، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی هێزە تیرۆرستی و توندڕەوەکانی جیهان لەوێ کۆبوونەوە.

دوای ئاڵۆزی زۆر لە سووریا هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا، سوپای سووریای ئازادیان دروستکرد و ناوچەکانی حەلەب و هەندێک ناوچەی باشووری سووریایان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام دوای ماوەیەک هەندێکیان کشانەوە و جیابوونەوە و لەگەڵ داعش و بەرەی نوسڕە یەکیان گرت، ساڵی ٢٠١٥ یەکینەکانی پاراستنی گەل کە تا ئەوکات زۆربەی ناوچە کوردییەکانیان کۆنتڕۆل کردبووەوە لەگەڵ هێزە ئاشووری و عەرەبی و کەمایەتییەکانی دیکە یەکیان گرت و هێزەکانی سووریای دیموکراتیان دروستکرد، هەندێک لە تورکمانەکان لەگەڵ سوپای ئازاد مانەوە و ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە هاوکاری دەکرێن، لەگەڵ ئەوەی چەندین ئاگربەست ڕاگەیەندراوە و ساڵی ٢٠١٧ گەورەترین ئاگربەست ڕاگەیەندرا بەڵام هێشتا جەنگ بەردەوامە. 

بەرەکانی جەنگ

لەم نێوەندەدا بۆ ڕێگری لە ڕووخانی ڕژێمی عەلەوی سووریا کە ئێران بە شیعەیان دادەنێت، هەریەک لە ئێران و حیزبوڵای لوبنان بە چەک و سەرباز و کەسانی شارەزا یارمەتی حکوومەتی بەشار ئەسەدیان دا، دواتر وڵاتی ڕووسیاش لە هاوپەیمانییەتیەکەدا بەشداربوو و چەندین چەکی نوێی لە سووریا لە بەرژەوەندی حکومەتی سووریا تاقیکردەوە، جیا لەوانەش هەریەک لە عێراق و بیلاڕووس یارمەتی سووریا دەدەن، بەرەی دژی دەسەڵات بریتین لە هەریەک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە تیرۆرستییەکان، کە هەر یەکێکیان لە لایەنێکەوە یارمەتی دەدرێن، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە چەند لایەنێک پێکدێت و پێکەوە دەیانەوێت حکومەتی سووریا بڕوخێنن و ببنە دەسەڵاتدار بۆ چاکسازی و نوێکردنەوەی وڵاتەکە، لەلایەن هەریەک لە تورکیا و قەتەڕ و ئەمریکا(هەتاوەکوو ٢٠١٧) و سعودیە(هەتاوەکوو ٢٠١٧) و بەریتانیا(هەتاوەکوو ٢٠١٨) و فەڕەنسا(هەتاوەکوو ٢٠١٨)ـوە یارمەتی دەدرێن.

لە پاڵ ئەمەشدا ڕێکخراوی ئیسلامی (داعش) کە هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٩ لە جەنگدا بەردەوام بوو، دژی زۆرینەی لایەنەکانی سووریا شەڕی دەکرد بەتایبەت هێزەکانی سووریای دیموکرات، داعش لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەوە یارمەتی دەدرا هەتاوەکوو ساڵی ٢٠١٤.

هێزەکانی سووریای دیموکرات هاوپەیمانییەتەکە کە زۆرینەیان کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانن، لەلایەن ئەمریکا و پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە یارمەتی دەدرێن، پێشتر لەلایەن هەریەک لە ڕووسیا و فەڕەنسا و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە یارمەتی دراون.

مافی مرۆڤ

پێشووتر لە سووریا مافی مرۆڤ و ڕادەربڕین زۆر کەم بوو و سەرکوت دەکرا، بەتایبەت ئەو هێزانەی دژی حکومەت بوون، لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە هەتاوەکوو ٢٠١١ وڵاتی سووریا لە دۆخی ئاگاداریدا بووە و کۆبوونەوەی پێنج کەس پێکەوە قەدەغە بووە، هەزاران کوردی ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٦٢ـەوە بەبێ ناسنامە ژیاون و وەک کەسانی بێگانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

لەم جەنگەدا زیاتر لە ٢٥٠,٠٠٠ کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە ٢٥,٠٠٠ـیان منداڵبوون، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ کۆی گشتی کوژراوانی جەنگەکە گەیشتۆتە ٣٤٦,٦١٢ بۆ ٤٨١,٦١٢ کەس و زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس کۆچیان کردووە و ئاوارەبوون.

کەرەستەکان

لەم جەنگەدا زۆرینەی چەکە نوێ و کۆنەکانی جیهان تاقیکراونەتەوە و بەکارهێنراون، هێزە پیادەکان سوود لە چەکی سووک و قورس و نارنجۆک وەردەگرن و کەمتر چەکی قورسیان پێیە، بەڵام چەکی دژەتانک و دژەئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئاڕ پی جی و مووشەکە سووکەکان لەخۆدەگرن، هێزەکانی حکومەتی سووریا جگە لە سوکایەتی و زیندانیکردنی سەدان هەزار کەس و کوشتنی دەیانی دیکە، سوودی لە هەموو جۆرە چەکێک بینیووە دژی بەرامبەرەکانی، وەک بەکارهێنانی گازی سارین و خەردەل و کلۆر کە زۆرینەی قوربانیەکانی کەسانی سڤیل و منداڵن.

جگە لە گازە خنکێنەرەکان سوودی لە بۆمبی هێشوویی بینیووە کە چەکێکی قەدەغەکراوە و دەیان و سەدان پارچەی لێ دەبێتەوە و کوژراوێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

ساڵی ٢٠١٧ـیش ئێران بە مووشەکی بالیستی لە کرماشانەوە هێرشی کردە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا.

نەخۆشی

بەهۆی چەک و تەقینەوە و ئاوارەبوون و کۆچی هەمیشەیی خەڵکی و زۆربوونی هەژاری و کەمی دەرمان و ترس و تۆقینەوە ڕێژەی نەخۆشی زۆر زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵانی دیکە، هەریەک لە نەخۆشییەکانی سورێژە و گرانەتا و هەوکردنی جگەر و دەفتریا و سیل و سکچوون و کۆکەڕەشە و لیشمانیاسیس بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

شوێنەوار

سووریا وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە مێژووی چەندین شارستانیەت و شوێنەواری ناوازە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە ٢٩٠ شوێنەوار زیانیان بەرکەوتووە و ١١٠ دانەیان زیانی گەورە و ٢٤ دانەیان بە تەواوی وێرانبوون، پێنج دانە لە شەش شوێنەوارە پارێزراوەکەی یونسکۆش زیانیان بەرکەوتووە.

سەرکردەکان

سووریا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن داعش هێزەکانی سووریای دیموکرات
بەشار ئەسەد (سەرۆکی سووریا) بەشار زەعبی (سەرۆکی بەرەی باشوور) ئەبوبەکر بەغدادی (سەرۆکی داعش) ساڵح موسلیم (پەیەدە)
عەلی عەبدوڵا ئەیوب (وەزیری بەرگری) جەمال مەعروف (بەرەی شۆڕشگێڕان) ئەبوفاتیمە جوحەیشی (جێگر) مەزڵوم عەبدی (فەرماندەی گشتی)
عیسام حەلاق (هێزی ئاسمانی) زەکائی ئیقسقالی (فەرماندەی تورکی) حاجی بەکر (سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازی) ڕیاز دەرار (ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات)
سوهەیل حەسەن (هێزەکانی پڵنگ) ئەبو یەحیا حەمەوی (ئەحرار شام) ئەبوئەیمەن عێراقی ئیلهام ئەحمەد (ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات)
عەلی مەملوک (ئەنجوومەنی ئاسایش) ئەحمەد عیسا شێخ (بەرەی ئیسلامی) ئەبوعەلی ئەنباری (جێگری سەرۆک لە سووریا) ئاسیا عەبدوڵا (پەیەدە)
محەمەد مەحلا (دەزگای هەواڵگری) ئەبو جابر شێخ (ئەمیری بەرەی ئازادکردنی شام) ئەبوعومەر چیچانی (وەزیری جەنگ) سیپان حەمۆ (یەپەژە)
عەلی خامنەیی (ڕابەری ئێران) ئەبو محەمەد جەولانی (سەرکردەی سەربازی بەرەی ئازادکردنی شام) تاریق حەرزی  ستیڤن تاونسند (ئەمریکی)
ڤلادیمێر پۆتین (سەرۆکی ڕووسیا) ئەبو هیمام شامی (سەرکردەی سەربازی بەرەی نوسڕە) ئەبوسیاف (وەزیری نەوت)  

هێزی بەرەی حکوومەت

لایەن ژمارەی سەرباز
سووریا ١٨٠,٠٠٠ 
دەزگای هەواڵگری گشتی ٨,٠٠٠
هێزەکانی بەرگری ٨٠,٠٠٠
حیزبوڵا ٦,٠٠٠ - ٨,٠٠٠
حیزبی بەعس ٧,٠٠٠
ڕووسیا ٤٨,٠٠٠
ئێران ٣,٠٠٠ - ٥,٠٠٠

هێزی بەرەی ئۆپۆزسیۆن

لایەن ژمارەی سەرباز
سوپای سووریای ئازاد ٤٠,٠٠٠ - ٥٠,٠٠٠
بەرەی ئیسلامی ٤٠,٠٠٠ - ٧٠,٠٠٠
ئەحرار شام ١٨,٠٠٠ - ٢٠,٠٠٠
ئازادکردنی شام ٣١,٠٠٠

هێزەکانی داعش

ساڵ ژمارەی سەرباز
ساڵی ٢٠١٦ ١٥,٠٠٠ - ٢٠,٠٠٠
ساڵی ٢٠١٧ ١٠٠٠

هێزەکانی سووریای دیموکرات

لایەن ژمارەی سەرباز
هەسەدە زیاتر لە ٥٠,٠٠٠
یەپەگە و یەپەژە ٥٧,٠٠٠ بۆ ٦٠,٠٠٠
ئەنجوومەنی سەربازی ئاشووری ٢,٠٠٠
سوپای شۆڕشگێڕان ٣,٠٠٠

قوربانیان

حکوومەتی سووریا ٦٣,٢٥١ - ٩٨,٢٥١
میلیشیا ٤٨,٠٠٠ - ٦٢,١١٢
حیزبوڵا ١,٥٩٢ - ١,٨٠٠
ڕووسیا ٤١ (+ ١٣١ شارەزای سەربازی)
سەربازی دیکەی بەرەی سووریا زیاتر لە ٧,٠٠٠
بەرەی ئۆپۆزسیۆن ١٢٢,٥٣٩
تورکیا ٧١ 
داعش ٢٤,٢٣٢ (زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لەلایەن یەپەگەوە کوژراون)
هێزەکانی سووریای دیموکرات ٣,٨٨٤

 


سەرچاوەکان



3568 بینین