چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیابوونەوە لەسەر منداڵان

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-12-12-21:53:00 - کۆدی بابەت: 11716
چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیابوونەوە لەسەر منداڵان

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا 

چۆنییەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیابوونەوە لەسەر منداڵان (بە ئینگلیزی: How to minimize the negative impact of divorce on children، بە عەرەبی: كيفية تقليل التأثير السلبي للطلاق على الأطفال) توێژینەوەکان دەریان خستووە ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵەکان لە کاتی جیابوونەوەدا دروست دەکات بەڕێژەیەکی زۆر خودی جیابوونەوەکە نییە، بەڵکوو درێژەکێشانی ئەو ناکۆکی و گرژییەیە کە لەنێوان دایک و باوکەکەدا لەدوای جیابوونەوە بەردەوام دەبێت. هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژی و ناڕێکیانە لەدوای جیابوونەوە بۆ تەواوی خێزانەکە ڕێگەیەکی باشتر دەبێت. زۆر کات دایک و باوکان بەشێوەیەکی خۆنەویستانە لەدوای جیابوونەوە هەندێک کار ئەنجام دەدەن، کە کاریگەری نەرێنی بەسەر منداڵەکانەوە دەبێت.

چەند ڕێگایەک تاکوو ئەم کاریگەرییانە لەسەر منداڵەکان کەمبکرێتەوە

پێویستە پێش جیابوونەوە بۆ منداڵەکان ڕوونبکرێتەوە و پێیان بوترێت کە پێویستە چاوەڕوانی چی بکەن. ترس لە بەجێهێشتن و وازهێنان دەبێتە هۆی ئەوەی لەدوای جیابوونەوە منداڵان لە تاریکیدا بهێڵێتەوە. زۆر کات منداڵان خەیاڵی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی ئەو شتانەی کە نایزانن بەکاردەهێنن، زۆر کاتیش ئەو چیرۆکانەی خۆیان لە خەیاڵی خۆیاندا دروستی دەکەن لە ژیانی ڕاستی ترسناکترە، بەهۆی ئەم هۆکارانە باشترە لەگەڵ منداڵەکان گفتوگۆ بکرێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە.

باشترە دایک و باوکان لە قسەکردن بەشێوەیەکی نەرێنی دەربارەی یەکتر بەدوور بن. منداڵان دەزانن کە ئەوان بەشێکن لە دایک و باوکیان کاتێک دایک و باوکێک بەشێوەیەکی خراپ بەرامبەر یەکتر قسە دەکەن، منداڵەکان ڕەنگە بیربکەنەوە کە ئەوانیش هەمان ئەو تایبەتمەندییانە نیشان دەدەن ئەمەش نیگەرانییان بۆ دروست دەکات. لە هەندێک پەیوەندیدا کەمکردنەوەی گرژی نێوان خێزانەکان کارێکی ئاسان نییە، بەڵام قسەکردنی ئەرێنی لایەنێکیان دەتوانێت کاریگەرییە نەرێنییەکانی لایەنەکەی تریان نەهێڵێت.

داوا لە منداڵەکەت مەکە دایک یان باوکی هەڵببژێرێت، منداڵەکەت مەخە ئەم هەڵبژاردنەوە.  پێویست ناکات منداڵەکان لەنێوان دایک و باوکیان هەڵبژاردن بکەن. کاتێک دەربارەی ئەوە قسە دەکرێت کە پێویستە منداڵەکان لەلای دایک یان باوکیان ژیان بەسەر بەرن یان ڕۆژە پشووەکان لەگەڵ کامیان بەسەر بەرن پێویستە ئەمە لەلایەن دایک و باوکەکانەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و منداڵان نەخەنە ئەم هەڵبژاردنانەوە. ئەوان دەیانەوێت دایک و باوکیان ڕازی بکەن بڕیاردان و هەڵبژاردن لەنێوان ئەم دوانەدا تەنها تووشی نیگەرانییان دەکات و لە داهاتوودا کاریگەری خراپیان لەسەر بەجێ دەهێڵێت.

گرنگی بە خۆت بدە. منداڵان لەم کاتەدا پێویستییان بە پشتگیری دایک و باوکیان دەبێت. ئەگەر ئەوانیش هەستی نەرێنی لە خۆیاندا دروست بکەن و هەوڵی باشترکردنی خۆیان نەدەن ئەمە کاریگەری لەسەر توانای ئاگاداربوون لە منداڵەکان دروست دەکات دەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن وەک پێویست لەم کاتەدا ئاگاداری منداڵەکان ببن. مەترسە لەوەی داوای یارمەتی بکەیت لە کاتێکدا پێویستت بە یارمەتییە.

لە کاتی ناساندنی هاوبەشێکی نوێ بە منداڵەکانت لەسەر خۆ بە. بە دەگمەن پێداویستییەکانی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکان کاتێک دێتە سەر ناسینی کەسێکی نوێ هاوبەش دەبێت. گرنگە بۆ دایک و باوکان بەرژەوەندی منداڵەکانیان لە پێش هەموو شت دابنێن، پێویستە پێش ناساندنی هاوبەشێکی نوێ بە منداڵەکان دڵنیا ببیتەوە کە پەیوەندییەکە پەیوەندییەکی جدییە و لە بەرژەوەندی منداڵەکاندایە. بەم دواییانە منداڵەکەت ئەزموونی جیابوونەوەی دایک و باوکیان کردووە پێویست ناکات دووبارە بە ئەزموونی جیابوونەوەیەکی تردا تێپەڕببن.

داوا لە منداڵەکەت مەکە دەربارەی لایەنەکەی تر زانیارت بۆ بهێنێت، دەتوانیت لە سەرچاوەی تر بەدەستی بهێنیت پێویست ناکات منداڵەکەت ناچار بکەیت ڕۆڵی سیخوڕ بەسەر دایک یان باوکییەوە ببینێت.


سەرچاوەکان



367 بینین