تڕابزۆن

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-01-05-23:26:00 - کۆدی بابەت: 11820
تڕابزۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تڕابزۆن (بە عەرەبی: طرابزون, بە تورکی: Trabzon) تڕابزۆن یەکێکە لە شارە هەرە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی تورکیا، کە دەناسرێتەوە بە زۆری ڕێژەی سەوزایی و سروشتە جوانەکەی. سەرەڕای ئەوەی کە بە گەورەترین شار دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ڕەش. کەش و هەوای شارەکە باراناوییە تەنانەت لە مانگەکانی هاوینیشدا، هەر بۆیە خاوەنی دارستانی چڕ و شاخ و کێوە، چەندەها  ڕووبار و چۆم و کانیاوی هەیە. بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن کە ناوی تڕابزۆن لە ناوی یۆنانی (Trapezous)  ناوە سەرەکییەکە خشتەکییە و پاشگری (ous) بە واتای شوێنێک دێت کە خاوەنی شتێک بێت. (Trapez) ئاماژەیە بۆ لوتکەی گردە تەختەکە کە لە شارە کۆنەکەی تڕابزۆندا بە شورای سەدەی ناوەڕاست دەورەدراوە.

ئەم شارە جیاواز لە شارەکانی تری تورکیا خاوەنی چەندەها ڕێگایە کە دەیگەیەنێت بە شارەکانی تر. ئەمەش وای کردووە هاتووچۆ کردن بۆ ئەو شارە ئاسان بێت. تڕابزۆن ناوەندێکی زۆر باشی بازرگانییە بۆ دانیشتووانی دەوروبەری دەریای ڕەش.

ڕێژەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٢ بە (٨١٨،٠٢٣) کەس سەرژمێری کراوە، ڕووبەری شارەکە ٤،٦٢٨ کم٢ بوو. دانیشتووانی تڕابزۆن زیاتر بە ڕاوکردنی ماسی و فڕۆشتنی،  بژێوی ژیان دابین دەکەن و هەروەها خواردنی سەرەکیشیان ماسییە بەهۆی  ئەو ڕووبار و دەریایەی لە دەوروبەریانە. هەروەها (فندق و گوێزیش) بەشێکی باشی داهاتی ترابزۆن پێک دەهێنن بەهۆی سەوزاییە چڕەکەیەوە ناوچەکە زۆر گونجاوە بۆ چاندنی بەروبووم.

لە ڕووی مێژووییەوە

لە سەردەمی ڕومەکان

مێژووی ئەو شارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی لە کۆتایی سەدەی چوارەم دا دابەش بوو بەسەر دوو بەشدا، دواتر شارەکە لە ژێر دەستی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵاتدا مایەوە، کە دواتر بە ئیمپراتۆرییەتی (بێزەنتین) ناوی لێنرا. کاتێک شەڕ لە نێوان بیزەنتییەکان و عەرەبەکان دەستیپێکرد، عەرەبەکان خەڵکی ژێر سەروەری ڕۆمیان بە (روم) ناوبرد. ناوچەکانی ژێر دەستی سەروەری ڕومیان بە دیار ڕوم ناوبرد.   

بیزەنتیەکان لە روانگەی سەربازییەوە گرینگییەکی زۆریان بە ترابزۆن داوە، لە سەدەی شەشەمدا دیوارەکانی شارەکە بە تەواوی چاککراونەتەوە و گەورەکراون. ڕێگایەک لە تڕابزۆن بۆ فارس کراوەتەوە و هەوڵدراوە بۆ دامەزراندنی ئاینی مەسیحی بۆ ئەوەی هۆزەکان و دانیشتوانی سەر ڕێگاکە گوێڕایەڵ بن.

لە سەدەی هەشتەمدا قاڵاکە تووشی داگیرکاری بوو لەلایەن توورک و عەرەبەکانەوە و بوو بە دوو بەشەوە. بەشی دەرەوەی قەڵاکە کەوتە ژێر دەستی توورکەکانەوە و بەشی ناوەوەش هەر لە دەستی یۆنانییەکان مایەوە.

لە سەدەی ١٠ دا ئیسلامیزم لە دەرەوەی قەڵاکە خیرا بڵاوبوویەوە و توورکەکان دەبوون بە موسوڵمان. لە ساڵی ١٠٨١ بۆ یەکەم جار ناوی تورکیا هێنرا، شارە سەرەکییەکەشی تڕابزۆن بوو، کە دواتر بەشی باشووری تڕابزۆن کە هۆزی جان ی تێدا دەژیا  ڕووی لە ڕۆژئاوا کرد و ناوی لێنرا (سامسون).

لە ساڵی ١٢٠٤ دا بنەماڵەی کۆمینۆس شانشینی خۆی لە جۆرجیا ڕاگەیاندووە و بە یارمەتی جۆرجییە مەسیحییەکان هاتە تڕابزۆن و کردی بە پایتەختی خۆی و ویلایەتی تڕابزۆن سەریهەڵدا. بە پێی ئەوەی پاشا ئەنادۆڵێکی مەسیحی بوو دەوڵەتەکە بە تڕابزۆن ڕوم ناوبرا.

لە سەدەی ١٣ بەشی دەرەوەی  قەڵاکە بوو بە شارێکی گەورەی بازرگانی و کە بە (شاگردی هەموو ئاسیا) باس دەکرا. کۆشکی پاشا و بینا فەرمییەکان و لەسەر دەشتە بەرزەکانی قەڵای ناوەوە دانرابوون. ژیانی بازرگانی ئەو وڵاتە بەرەو فراوانی ڕۆیشت لەکەناراوەکانی  شارەکە قەڵاو کۆگا هەبوون.

لە ناوەڕاستی سەدەی ١٣ ویلایەتی تڕابزۆن بوو بە ناوەندی بازرگانی ئەورووپا و ئاسیا. کۆمەڵە دیوارێکی گەورە بە دەوری شارەکەدا دروست کرا. لە سەدەی ١٥ دا پاشا (تامێران) هێرشی کردە سەر ئەنادۆڵ و تڕابزۆنیشی گرت، بەڵام نەیخستە سەر ئیمپڕاتۆرییەتی خۆی، بەڵکو لە ژێر دەستی کوڕەکەیدا کە (خەلیل میرزا)  بوو وە  باجی لەسەر دانا.

دوای ئەو هەموو داگیرکارییەی کە ڕوویدا لە تڕابزۆن، مانەوەی تڕابزۆن ٢٥٠ ساڵی خایاند، دواتر ناوی گۆڕا و کڵێسای بەناوبانگی تێدا دروستکرا، بەسترایەوە بە دەوڵەتی ئەنادۆڵەوە. بەهۆی هەڕەشەی گەشەسەندنی شیعەکان لە فارس دیوار بە دەوری شارەکە دروستکرد. لە ساڵی ١٥١٢ دا (ئەسکەندەر پاشا) بوو بە حاکمی تڕابزۆن. لە ساڵی ١٥١٤ دا ئەرزنجان بوو بە دەوڵەت و تڕابزۆن بەسترایەوە بەو دەوڵەتەوە.

لە ساڵی ١٥٦٦ پایتەختی ئەنادۆڵ بوو بە تڕابزۆن و جارێکی تر سیستەمی کارگێڕی گۆڕا، ئەرزەڕۆم بوو بە دەوڵەت و ترابزۆن بەسترایەوە بە ئەوێوە. دواتر لە ساڵی ١٥٨٢ ویلایەتی تڕابزۆن باتوم کە پایتەختەکەی ترابزۆن بوو دامەزرا و کڵێسای (ئایا سۆفیا)  بوو بە مزگەوت.

پاشان لە ساڵی ١٦٤٠ (ئیڤلیا سێلێبی) هاتە تڕابزۆن و لە کتێبەکەیدا کە ناوی (ناوی سێیحەت)ە، بەم شێوەیە باسی تڕابزۆن و خەڵکەکەی دەکات: (هاوڵاتیانی تڕابزۆن جل و بەرگی خاوێن، کەسانی خوێندەوار و حەزیان لە قسەکەری باشە. کەسانی خوێندەوارن و حەزیان لە نووسینی شعرە، خەڵکەکەی بەسەر حەوت بەشدا دابەشبوون ئەوانیش، دیار و ئاغاکان، زاناکان، بازرگانەکان، پیشەسازەکان، دەریاوانەکان، باخەوان، ماسیگرەکان).

لە ناوەڕاستی سەدەی ١٧ چەند جارێکی تر تڕابزۆن کەوتەوە ژیر هێرشی ڕووسەکان و فارسەکان و بەرەو تێکچوون ڕۆیشت. دواتر لە ساڵی ١٧٤٩ (حەکیمئۆغڵوو علی پاشا) یەکێک لە وەزیرە گەورە بەناوبانگەکانی پاریزگاری ترابزۆن دووبارە ئاشتی ڕاگەیاندەوە.

لە سەردەمی عوسمانی

لە ساڵی ١٨٣٢ دا لە کتیبە بەناوبانگەکەی (چارلز تێکسییەر) بە ناوی (ئاسیای بچوک) زۆر وەسفی تڕابزۆن کراوە و وەک ناوەندێکی باشی بازرگانی و پیشەسازی ناونراوە. بەندەرەکانی ئەو شارە دەستییان بە فراوان بوون کرد و فندقیان هەناردەی بەلجیکا و وڵاتانی تر دەکرد. سەرەتا هەر ١٥ ڕۆژ جارێک هەناردە لە بەینی تڕابزۆن و ئەستەنبوڵ هەبوو، دواتر تڕابزۆن بوو بە یەکێک لە ٣٩ پاریزگاکەی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی.

مزگەوتی چارسی لە ساڵی ١٨٤١ دروستکراوە، لە ساڵی ١٨٤٢ کتێبخانەی فەتڤاهانە دروستکراوە. کتێبخانەی هاتونیە و فاتیح لە ساڵی ١٨٤٤دروست کراون، نافورەی کلچیۆئۆغڵو مەمیس ئاغا لە ساڵی ١٨٤٥دروست کراوە، لە ساڵی ١٨٤٩کانیاوی عەبدوڵڵا پاشا خرایە خزمەتەوە. لە ساڵی ١٨٥٠ ساراچزادە، لە ساڵی ١٨٥١ پازارکاپی مێدرێس دامەزرا، کتێبخانەی ئیمارات فراوانتر کرا. لە ساڵی ١٨٥٠ دەستی بە دروستکردنی ڕێگای خێرا ئەرزرۆم - ترابزۆن کرد. مزگەوتی عەزیزییە لە ساڵی ١٨٦٢ دروستکراوە. کە لە ئێستادا ئەمانە هەم شوێنی گەشتیارین وە هەم وەک و شوێنەوار گرینگی زۆریان هەیە لەم شارە لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ تڕابزۆن بوو بە شاریکی گەورە و پارێزگای تریشی بۆ زیاد بوو وەک (ڕیزە ، سامسون ، بەتوم ، تۆڕۆڵ )

قوتابخانەیەکی ئەمریکی لە ساڵی ١٨٦٥، قوتابخانەیەکی فەرەنسی لە ساڵی ١٨٧٥ و قوتابخانەیەکی فارسی لە ساڵی ١٨٨٣ کرایەوە، بیانییەکان هۆتێلێکیان لە شارەکەدا بەڕێوەدەبرد. ناوچەی بازرگانی دەوڵەمەند و زیندوو بوو. گۆڕەپانی کاڤاک ناوەندی وەرزش بووە و خەڵکی سەر ئەسپ لەوێ یاری جێرید (جاڤلین)یان دەکرد. ژمارەی دانیشتوانی شارەکە نزیکەی ٤٠ هەزار کەس بووە. کاتێک شەڕی ڕووسیا - تورکیا لە ساڵی ١٨٧٦ دەستی پێکرد، ترابزۆن وەک ناوەندێکی دابینکردنی سوپا بەکارهێنرا. تڕابزۆن بەردەوام بوو وەک خاکی دەستپێکی ڕێگای نێو دەوڵەتی بۆ ئیران و شارێکی گرینگی بەندەری دەریای ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ.

کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ سەریهەڵدا، حکومەت نەیتوانی بێلایەنی خۆی بپارێزێت و ناچار بوو لە لایەن ئەڵمانیاوە بچێتە ناو شەڕەکەوە. شارەکە لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩١٤ لەلایەن ٢٣ کەشتی جەنگی ڕووسیەوە بۆردومان کرا. کۆمەڵەیەکی گەورەی گەنجی خەڵکی ترابزۆن لە شەڕی ساریکامیس لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا گیانیان لەدەستدا. لەگەڵ بەردەوامبوونی بۆردومانەکان، سەربازە وشکانییەکانی ڕووسیا لە ٢٤ی  شوباتی دا سنووری کەنار دەریاکەیان تێپەڕاند و ڕیزەیان داگیرکرد و هاتنە سنووری شارۆچکەی ئۆف. دانیشتوانی ئۆف و ناوچە لاوەکییەکانی لە ژێر فەرماندەیی (گورجو ئاڤن)ی پاسا، فەرماندەی ئەو ناوچەیە، یەکتریان گرت. سوپای ڕووسیایان لە سنووری ترابزۆن ڕاگرت، بەڵام ڕووسەکان لە ٥ی ئازاری ١٩١٦ ئۆف و لە ١٨ی نیسانی ١٩١٦ بە هەر شێوەیەک بێت ترابزۆنیان داگیرکرد. ترابزۆن لە ٢٤ی شوباتی ١٩١٨ لە داگیرکاری دوژمن ڕزگاری بوو و پەیوەندی بە وڵاتی دایکیەوە کرد.

لە ڕووی گەشتیارییەوە

تڕابزۆن بە شوێنی گەشتیاری زۆر بەناوبانگە ، خەڵک  سەردانی دەکەن و ڕێژەی گەشتیاران ساڵانە  بە زیاتر لە ٢ ملیۆن هەژمار کراوە. بەشێک لە شوینە بەناوبانگەکانی ترابزۆن بۆ سەردانیکردن بریتین لە : (شوێنەکەی ئەتەتوورک، بازاڕی ناوەندی تڕابزۆن، باخچەی زاگنۆس، مۆزەخانەی شاری تڕابزۆن، مزگەوتی خاتوو گووڵبەهار، مزگەوتی ئایا سۆفیا، گردی بۆزتەپێ، کڵێسای خاتوو ئانا، باخچەی ناوەندی ئەڵتیندەرێ، ماڵەکەی خاتوو گووڵبەهار، باخچەی چای تڕابزۆن، قەڵای ترابزۆن، ئەکواریومی ترابزۆن، ئەشکەوتی کاڵکۆی، کێڵگەی هیدرنەبی).

ئایا سۆفیا

کڵێسای (ئایا سۆفیا) بە پلانی خاچی یۆنانی داپۆشراو لە سەردەمی پاشا مانوێلی یەکەم کۆمێنۆس لە سەدەی ١٣ دروستکراوە. دروستکردنی تاوەری زەنگ و زەنگۆڵەی کڵێساکە لە ساڵی ١٤٢٧ تەواو بوو و کێشانی وێنەکان لەسەر کەوانەکانی دەرگای چوونە ژوورەوەی کڵێساکە لە ساڵی ١٤٤٤ کۆتایی هات، کڵێساکە بەردەوام بوو لە خزمەتکردن تا ساڵی ١٦٧٠ کاتێک عوسمانییەکان ناوچەکەیان گرت؛ گۆڕدرا بۆ مزگەوت، و پاشان لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک کۆگا و نەخۆشخانە بەکارهات، دواتر جارێکی دیکە وەک مزگەوت کاری کرد. لە ساڵی ١٨٦٣ مزگەوتەکە نۆژەنکرایەوە، فرێسکۆکان بە گچکە داپۆشرا، پلیکانە بۆ تاوەری زەنگ دروستکرا کە وەک منارە  بەکاردەهێنرا.

کڵێسای (ئایا سۆفیا) لە ساڵی ١٩٦٤ کرا بە مۆزەخانە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٣ دووبارە کرا بە مزگەوت، دەکەوێتە ٣ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شارەکە و نابێت لەگەڵ مۆزەخانەی (ئایا سۆفیا) لە ئەستەنبوڵ تێکەڵ بکرێت. ناوەکەی لە زمانی یۆنانیەوە هاتووە (ئایا سۆفیا) بە واتای (حیکمەتی ئیلاهی) دێت.

ئەم کۆشکە کە لەلایەن بانکدارێکی دەوڵەمەندی یۆنانی بە ناوی (کۆنستنتینۆس کاپاگیانیدیس) ەوە  دروستکراوە، نموونەیەکی تەلارسازی باشی خانووەکانی سەدەی نۆزدەهەمی ئەورووپییە. ئەتاتورک لە ساڵی ١٩٣٠ و ساڵی ١٩٣٧دا کاتێک سەردانی ترابزۆن دەکات لەم خانووەدا ماوەتەوە، دوای مردنی لە ساڵی ١٩٣٨ لە ئەستەنبوڵ، کۆشکەکە لە ساڵی ١٩٦٤ لەلایەن شارەوانی ترابزۆن کڕدراوە و لەو کاتەوە وەک مۆزەخانە نمایشکراوە. ٧ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە و دەکەوێتە ناحیەی سۆگوکسو.


سەرچاوەکان



399 بینین