گۆناس گۆتنبەرگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-03-00:00:00 - کۆدی بابەت: 1060
گۆناس گۆتنبەرگ

ناوه‌ڕۆك

گۆناس گۆتنبەرگ ١٤٠٠ - ١٤٦٨ ز

گۆتنبەرگ لە شاری (مینز)ـی ئەڵمانیا لە دایک بووە، زۆر لە قۆناخەکانی تەمەنیشی هەر لەوێ بەسەر بردووە. خانەوادەکەی بە کاری پیشەسازیی کانزایی و پەیکەرتاشیی خەریک بوون. ئەوە بۆ ئەو پاشخانێکی باش بووە، تاکوو وەک پەیکەرتاش و زیڕنگەرێکی سەرکەوتوو دەردەکەوێت. کارامەیی و لێهاتووی ئەو وای کرد بۆ یەکەمجار پیری کانزایی دروت بکات، ئەمەیش وەک بناغەیەکی سەرەتایی بۆ جیهانی چاپەمەنی.
تا سەردەمی گۆتنبەرگ چاپەمەنی هەر بەهۆی تەختە دار و تاشەبەردەوە بووە، تەنیا بۆ یەک جار توانراوە سوودی لێ وەربگیرێت. بەڵام گۆتنبەرگ لەم ڕووەوە شۆڕشێکی بەرپا کرد، توانی پیتی ئاسنین بۆ چاپی کتێب و نووسراوەکان، دروست بکات، بە شێوەیەکی کە ناکرێ بە پیت هەڵکۆڵینی بەر لە خۆی بەراورد بکرێت.
ئەمە وای کرد کە تاکوو ئێستە ئەم داهێنانەی گۆتنبەرگ ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرەی پێ بدرێت و لە هەموو گێتیی پێڕەو بکرێت.
دەگێڕنەوە جارێک گۆتنبەرگ بۆ سەیران دەچێتە نێو دارستانێک، حەزی نەکردووە بە دەستبەتاڵیی بگەڕێتەوە لای منداڵەکانی. بیر دەکاتەوە ئاۆ چ شتێک باشە بۆیان بەرێتەوە؟ کتوپڕ شتێک بە میشکی دادێت، بە کێردێک چەند پیتێک لە توێکڵی دار دادەتاشێت و بە دیاریی بۆیان دەباتەوە، زۆر سەرکەوتووانە ئەم کارە دەکات، دوات لە نێو کاغەزێک لوولیاندەدا و دەیانخاتە نێو گیرفانی.
گاهێک دەگاتەوە ماڵەوە منداڵەکانی لێ جەم دەبن و دەڵێن: باوکە چیت بۆ هێناوین؟ ئەویش پیتەکان لە گیرفان دەردەهێنێت بۆ ئەوەی نیشانیان بدات. دەبینێت کاغەزەکە ئاوی توێکڵە دارەکەی هەڵمژیوە و وێنەی پیتەکانیشی لەسەر دەرچووە!
گۆتەنبەرگ لەم ڕووداوە واقی وڕم دەمێنێت، بە قووڵی و وردیی دەکەویتە بیر کردنەوە، پاشان بڕیار دەدات سوود لەم ڕووداوە وەربگرێت. دوای ماوەیەک توانی پیتی چاپەمەنیی دابهێنێت، دیارییەکەی نەک تەنیا پێشکەش بە منداڵەکانی، بەڵکە پێشکەش بە هەموو مرۆڤایەتیی کرد.
دیارە ئەم کارە گرنگە هەر تەنیا بە جارێک بەرهەم نەهاتووە، بەڵکە گۆتنبەرگ چەندان هەوڵی بۆ داوە، چەندان کەسی دیکەیش بەشدارییان تێدا کردووە، کە دەبێ هەمیشە هەوڵەکانیان لەبەر چاو بگیرێت.
بەشێک لە زاناکان دەڵێن: گۆتنبەرگ لە سییەکانی سەدەی پانزە ئەم پیتانەی داهێناون، پاشان لە ساڵێ ١٤٤٨ ز پارەی لە کەسێکی نزیکی خۆی بە قەرز وەرگرتووە و چاپخانەیەکی پێ داناوە. سەرەتا ئامرازی چاپی وەک عەسارەیەکی ترێ گوشین داهێنا، دواتر ڕێکی خست و پیتەکانی لەسەر دانان. کاخەزی دەختە ژێر جیهازەکە و پیتەکان چاپ دەبوون، دیارە ئەمەیش ڕەنجێکی زۆر ویستووە.
ڕاستیەکەی تاکوو ئێستە شتێکمان لەبەر دەست نییە بڵێین ئەوە بۆ یەکەم چاپەمەنی گۆتنبەرگ دەگەڕێتەوە، ئەوەی هەیە تەنێ چاپکردنی ساڵنامەیەکە لە ساڵی ١٤٤٨ز، هەروەها دووسەد دانەی کتێبی موقەدەسیشی چەپ کردووە، کە ئێستە تەنیا چل و هەشت دانەی لێ ماون.
ئەگەر چی بەشێک لە توێژەران دەڵین بەر لە گۆتنبەرگیش چاپەمەنیی هەبووە و ئەو داینەهێناوە، بەڵام دیارە ئەم قسەیە هیچ لە نرخ و بایەخی ئەو پیاوە کەم ناکاتەوە، چونکە هەر داهێنەرێکی جیهانیی بگرێت، ئەو تەرزە قسانەی لە  مەڕەوە دەکرێن.
هەرچەند گۆتنبەرگ بە دۆزینەوەی پیتە بزوێنەکان کاڵکێکی زۆری بە هەموو خەڵکی جیهان گەیاند، بەڵام بۆ خۆی هیچ سوودێکی مادیی دەسگیر نەبووە، تەنانەت دەلێن بە هۆی کێشەیەک ڕاپێچی دادگا دەکرێت و ئامێری چاپەمەنیەکەیشی لێ زەوت دەکرێت و دەدرێتە هاوکارێکی، بە نێوی (یۆهان فاست).
هەرچۆنێک بێت گۆتنبەرگ یەک لەو داهێنەرە مەزنانەیە کە هەموومان دەبێ خۆمان بە قەرزاری بزانین.


سەرچاوەکان



960 بینین