ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO)

له‌لایه‌ن: - ژیوار صلاح ژیوار صلاح - به‌روار: 2024-02-29-18:00:00 - کۆدی بابەت: 12041
ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (بە عەرەبی: منظمة معاهدة الأمن الجماعي، بە ئینگلیزی: Collective Security Treaty Organazation)، ڕێکخراوێکی سیاسی-سەربازییە کە ڕووسیا و شەش کۆماری پێشووی سۆڤیەت لەخۆدەگرێت. مۆسکۆ لە ڕێگەیەوە هەوڵ دەدات شکۆمەندییەکانی پەیمانی وارشۆ بگەڕێنێتەوە و ڕووبەڕووی خواستەکانی ناتۆ ببێتەوە.

مێژووی دامەزراندی

دامەزراندنی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە بەستنی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ١٥ی ئایاری ١٩٩٢ لە تاشکەند (ئۆزبەکستان) لەلایەن سەرۆکەکانی ئەرمینیا، کازاخستان، قیرغیزستان، ڕووسیا، تاجیکستان و ئۆزبەکستانەوە واژۆ کرا. دواتر ئازەربایجان و بیلاڕووس و جۆرجیا پەیوەندییان پێوە کرد لە ساڵی ١٩٩٣. پەیماننامەکە لەگەڵ تەواوبوونی ڕێکارەکانی پەسەندکردنی نیشتمانی لە ٢٠ی نیسانی ١٩٩٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە ئەگەری درێژکردنەوەی زیاترەوە ئەنجامدرا.

لە ساڵی ١٩٩٩ هەریەکە لە ئەرمینیا، بیلاڕووس، کازاخستان، قرغیزستان، ڕووسیا و تاجیکستان پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆکرد سەبارەت بە درێژکردنەوەی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ، لەسەر بنەمای ئەو پرۆتۆکۆڵە پێکهاتەیەکی نوێی وڵاتانی بەشداربوو پێکهێنرا و ڕێکارێکی ئۆتۆماتیکی درێژکردنەوەی پەیماننامەکە بۆ پێنج ساڵ دامەزرا، بەڵام هەریەک لە وڵاتانی (ئازەربایجان و جۆرجیا و ئۆزبەکستان ئەندامێتی خۆیان لە پەیماننامەکەدا وەستاند). تا ساڵی ٢٠٠٢، پەیماننامەکە لە بنەڕەتدا ڕێککەوتنێکی ناوچەیی بوو، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نزیک لە بواری سەربازی-سیاسیدا.

لە ١٤ی ئایاری ٢٠٠٢ لە مۆسکۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی بەکۆمەڵ بڕیارێکی دا کە پێگەی ڕێکخراوێکی ناوچەیی نێودەوڵەتی بە پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ بدرێت. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ لە لوتکەی CIS لە چیسیناو، سەرۆکەکانی ئەرمینیا، بێلاڕووس، کازاخستان، قرغیزستان، ڕووسیا و تاجیکستان میساقی CSTO یان پەسەند کرد. لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٣، میساقی CSTO لە سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکرا. وە لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕێکخراوەکە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پلەی چاودێری وەرگرت.

میساق و ڕێکەوتننامەی پێگەی یاسایی CSTO لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٣ەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە بەرواری گەیاندنی دوا ئاگادارکردنەوەی نووسراوی پەسەندکردنی ئەو یاسایانە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە کە واژۆیان کردبوو بۆ سکرتێری گشتی CSTO. لەسەر بنەمای میساقەکە و پەرەپێدانی بڕگەکانی چالاکیی ڕێکخراوەیی و دارایی CSTO و ئۆرگانەکانی کاری لەسەر کرا و لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی بەکۆمەڵ لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٠٣ لە دوشانبێ پەسەندکرا.

ڕێکخراوەکە لە ئێستادا ئەم دەوڵەتانە لەخۆدەگرێت: کۆماری ئەرمینیا، کۆماری بیلاڕووس، کۆماری کازاخستان، کۆماری قرقیزستان، فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری تاجیکستان لە هاوینی ٢٠٠٦دا دەستی بە ئەندامێتی خۆی کردەوە و لە ساڵی ٢٠١٢دا کۆماری ئۆزبەکستان ئەندامێتیەکەی هەڵپەسارد.

ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە

١-پاراستنی ئاشتی، ئاسایش، سەقامگیری نێودەوڵەی و ناوچەیی.
٢-دەستەبەرکردنی پاراستنی بەکۆمەڵ لە سەربەخۆیی.
٣-پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەری وڵاتانی ئەندام.
٤-لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە دەوڵەتانی ئەندام ئەولەویەت دەدەن بە ئامڕازە سیاسییەکان.

ئەرکەکانی ڕێکخراوەکە

١-هەماهەنگی و فراوانکردنی هاوکاری سەربازی-سیاسی.
٢-پێکهێنانی پێکهاتەی فرەلایەن و میکانیزمی هاوکاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتانی ئەندام لەسەر بنەمای بەکۆمەڵ.
٣-پێشکەشکردنی یارمەتی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە ئەندامەی کە بووەتە قوربانی شەڕانگێزی.
٤-هەماهەنگی و هەوڵی هاوبەش بۆ خەباتکردن لە دژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و هەڕەشە ناتەقلیدییەکانی دیکە بۆ سەر ئاسایش.
٥-هەماهەنگی وڵاتانی ئەندام لە هەڵوێستەکانیان لە سیاسەتی دەرەوەدا سەبارەت بە پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.

پێکهاتەی ڕێکخراوەکە

ئەنجومەنی ئاسایشی بەکۆمەڵ: بەرزترین ئۆرگانی ڕێکخراوەکەیە، ئەنجومەن پرسە بنەڕەتییەکان و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لەخۆدەگرێت و بڕیار دەدات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی، هەروەها دڵنیای دەدات لە هەماهەنگی و چالاکییە هاوبەشەکانی وڵاتانی ئەندام بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە. ئەنجومەنەکە سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لەخۆدەگرێت، لەماوەی نێوان دانیشتنەکانی.

ئەنجومەنی هەمیشەیی: کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی ڕێگەپێدراو کە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە دەستنیشانکراون، بەرپرسیارە لە هەماهەنگی کارلێکی وڵاتانی ئەندام لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن ئۆرگانەکانی ڕێکخراوەکەوە دەدرێن.

ئەنجومەنی وەزیرانی کاروباری دەرەوە: دەستەیەکی ڕاوێژکاری و جێبەجێکاری ڕێکخراوەکەیە بۆ هەماهەنگی کارلێکی وڵاتانی ئەندام لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا.

ئەنجومەنی وەزیرانی بەرگری (CMD): دەستەیەکی ڕاوێژکاری و جێبەجێکاری ڕێکخراوەکەیە بۆ هەماهەنگی کارلێکی وڵاتانی ئەندام لە بواری سیاسەتی سەربازی، بنیاتنانی سەربازی و هاوکاری سەربازی- تەکنیکی.

لیژنەی سەربازی: لە ١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٢ لە ئەنجومەنی وەزیرانی بەرگری ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ بە ئامانجی بەپەلە تاوتوێکردنی پلاندانان و بەکارهێنانی هێز و ئامرازەکانی سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ و ئامادەکاری پێشنیارەکانی پێویست بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەرگری.

کۆمیتەی سکرتێری ئەنجوومەنەکانی ئاسایش (CSC): دەستەی ڕاوێژکاری و جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە بۆ هەماهەنگی کارلێکی وڵاتانی ئەندام لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان.

سکرتێری گشتی ڕێکخراو: باڵاترین بەرپرسی کارگێڕی ڕێکخراوە و ئەمینداریەتی ڕێکخراوەکە بەڕێوەدەبات. بە بڕیاری کۆمیتەی سکرتێری ئەنجوومەنەکانی ئاسایش لە نێو هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام دامەزراو.

سکرتاریەتی ڕێکخراو: ئۆرگانێکی کاری هەمیشەیی ڕێکخراوە بۆ جێبەجێکردنی پشتیوانی ڕێکخراوەیی، زانیاری، شیکاری و ڕاوێژکاری چالاکییەکانی ئۆرگانەکانی ڕێکخراو، مافی ئەوەی هەیە لەسەر بنەمای هەمیشەیی یان کاتی دەزگاکانی کار و یارمەتیدەری ڕێکخراوەکە دروست بکات.

ستافی یەکگرتووی CSTO: دەستەیەکی کاری هەمیشەیی ڕێکخراوەکەیە، کە بەرپرسیارە لە ئامادەکردنی پێشنیارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان لەسەر پێکهاتەی سەربازی CSTO.


سەرچاوەکان



87 بینین