کارفوور

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-22-14:37:00 - کۆدی بابەت: 12628
کارفوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کارفوور یان زنجیرە مارکێتی کارفوور یان گرووپی مارکێتەکانی کارفوور (بە عەرەبی: كارفور، بە ئینگلیزی: Carrefour) بریتییە لە چەند زنجیرە ناوەندێکی بازرگانی نێودەوڵەتی و لە وڵاتی فەڕەنسا دامەزراوە، لەڕووی قەبارە و گەورەییەوە کارفوور بە یەکێک لە گەورەترین گرووپی ناوەندە بازرگانییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت، پاشان لە دوای (واڵمارت) لە جیهاندا لەڕووی داهاتەوە بە دووەم گەورەترین گرووپی فرۆشتن دادەنرێت. کارفور لە جیهاندا نزیکەی ١٥٠٠ لقی هایپەرمارکێتی هەیە، جگە لە فرۆشگا بچووکەکانی وەک کارفۆر ئێکسپرێس، کارفور ستی و کارفوور ستی کافێ و چەندان بەشی تر، لقەکانی لە زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهان بڵاوبووەتەوه.

مێژووەکەی

یەکەمین کۆگای فرۆشتنی کارفۆر لە ساڵی ١٩٦٠ کرایەوە لە ناوچەی ئانیسی لە وڵاتی فەڕەنسا دامەزرا و کرایەوە. گرووپی هایپەرمارکێتەکانی کارفوور لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن مارسێل فۆرنیەر و دێنیس دیڤۆری و جاک دیڤۆری دامەزرا، دوای ئەوەی لە چەند خول و سیمینارێکی کارسازی و بازاڕگەری لە وڵاتی ئەمریکا بەشدارییان کردبوو، بۆیە کاریگەرییان لەسەر دروست بوو و لە ساڵی ١٩٥٩ بیرۆکەی کردنەوە و دامەزراندنی کۆگای فرۆشتنی پێداویستییەکانیان لە ناوچەکەی خۆیان جێبەجێ کرد. زنجیرەی کارفوور یەکەمین زنجیرە و ناوەندی بازرگانی بوو لە ئەورووپا کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەخێرایی گەشەی کرد و شێوازێکی نوێی لە کۆگاکانی فرۆشتنی بەرهەمەکان لە ئەورووپا داهێنا، کۆمەڵەی کارفوور یەکەمین زنجیرە مارکێت بوو کە لە یەک بینایەکدا هایپەرمارکێت و سۆپەرمارکێت و کۆگای فرۆشتنی شتومەک کۆبکاتەوە، یەکەمین هایپەرمارکێتی کارفوور لە ساڵی ١٩٦٣ لە پاریسی فەڕەنسا دامەزرا.

لە ساڵی ١٩٧٦ کارفوور مارکەیەکی بازرگانی بۆ ٥٠ جۆر بەرهەمەی خواردەمەنی تایبەت بە خۆی ڕاگەیاند، نموونەی زەیت، مەعکەرۆنی، شیر، پسکویت و چەندان بەرهەمی خۆراکی تر کە لە پاکەتێکی سپی ئامادەکراو بە نرخێکی کەمتر لەوەی کە لە بازاڕەکان هەبوو خستە بازاڕەکانەوە، کارفوور ئەو بەرهەمانەی بە لۆگۆی بازرگانی خۆیەوە دەفرۆشت و داهاتێکی زۆری لە برهەمە تایبەتییەکانی خۆی بەدەست هێنا. لە ساڵی ١٩٩٩ کارفوور لەگەڵ کۆمپانیای پرۆمۆد یەکیانگرت و نرخی گرێبەستی نێوان هەردوو کۆمپانیاکە گەیشتە نزیکەی ١٥٫٦ ملیار یۆرۆ و لەو سەردەمەدا بە نرخێکی زۆر گەورە دانرا. لە ساڵی ٢٠٠٩ کارفوور لۆگۆکەی نوێ کردەوە، هاوکات وشەی (Carrefour) لە زمانی فەڕەنسیدا واتای شوێنی یەکتربینین یان گەیشتن دەبەخشێت.

لقەکانی کارفوور لە جیهاندا

گرووپی کۆمپانیاکانی ماجد ئەلفەتیم کە کۆمپانیایەکی عەرەبییە و لقی سەرەکی لە وڵاتی ئیماڕاتە بەرپرسی دامەزراندنی لقەکانی گرووپی مارکێتەکانی کارفوورن لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوێن. دوای دامەزراندن و گەشەسەندنی لقەکانی کارفوور لە وڵاتی فەڕەنسا، بە شێوەیەکی خێرا لە زۆرێک لە وڵاتەکانی ئەورووپا لقەکانی کارفوور دامەزران و کرانەوە، هاوکات بەهۆی هەمەجۆری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی قازانج و داهاتێکی باشی هەبوو و خەڵکی و کڕیار زۆر پەسەندیان دەکرد. گرووپی کارفوور بە یەکێک لەو ناوەندە بازرگانیانە دادەنرێن کە زۆرترین لقیان لە وڵاتانی جیهان هەیە و بەردەوامن لە زیادکردنی لقەکانیان.

لقەکانی کارفوور لە فەڕەنسا

لقی سەرەکی کارفوور لە وڵاتی فەڕەنسایە، نزیکەی ٢٣٠ هایپەرمارکێتی کارفوور لەگەڵ ١٠٢٠ سۆپەرمارکێتی کارفوور و زیاتر لە ٢٠٠٠ سۆپەرمارکێت و کۆگای بچووکی کارفوور ستی لە زۆرێک لە شار و ناوچەکانی وڵاتی فەڕەنسا بوونیان هەیە.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتە عەرەبییەکان

سعوودیە، عومان، کوەیت، مەغریب، میسڕ، ئیماڕات، سووریا، ئوردن، توونس، بەحرەین، عێراق و قەتەڕ.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتانی ئاسیا

پاکستان، ئەندۆنیسیا، ئێران، تایلەند، تایوان، ژاپۆن، چین، هیندستان، مالیزیا، سەنگافۆرە، تایوان و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتانی ئەفریقا

مەغریب، میسڕ، توونس، سیشێل.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتانی ئەورووپا

مۆناکۆ، پورتوگال، ڕۆمانیا، ڕووسیا، تورکیا
ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پۆڵەندا، یۆنان، فەڕەنسا، قوبرس، بەلجیکا.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتانی ئەمریکا

بەڕازیل، ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، کۆماری دۆمینیکان.

لقەکانی کارفوور لە وڵاتی عێراق

گرووپی کۆمپانیاکانی ماجد ئەلفەتیم بەرپرسی دامەزراندنی لقەکانی کارفوور بووە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١١ لقێکی سەرەکی کارفوور لە شاری هەولێر لە فاملی مۆڵ کرایەوە و پاشان لە ساڵی ٢٠١٥ لقێکی تر لە ڕۆیاڵ مۆڵ لە هەولێر کرایەوە، هاوکات دوابەدوای شاری هەولێر لە شاری سلێمانیش چەند لقێکی کارفوور کرایەوە و لە ساڵی ٢٠٢٣ لقێکی سەرەکیش لە شاری کەرکووک کرایەوە، وابڕیارە لە ساڵانی داهاتوو لە چەند شارێکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش چەند لقێکی تری کارفوور بکرێتەوە.


سەرچاوەکان



39 بینین