ماسیی توونە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-13-13:10:00 - کۆدی بابەت: 7584
ماسیی توونە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماسی تونە (بە ئینگلیزی: Tuna fish)، یەكێكە لە ماسییە بڕبڕەدارەكان، ماسییەكی خێرایە و نشینگەكەی ئاوی زەریاكانە، ماسی تونە لە خێزانێكدا پۆلێندەكرێت كە لە هەشت تیرەی جیاواز پێكهاتووە و هەر‌یەكەیان ڕەنگ و قەبارەیەكی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێكە لە زۆرترین ئەو ماسییانەی مرۆڤەكان دەیخۆن و بەکاریدەهێنن، واتە خواستێكی زۆری لەسەرە، لەبەر ئەوەی تامێکی بە چیژی هەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە بۆیە ژمارەیەکی زۆری ڕاودەکرێت، بەهۆیەوە ڕووبەڕوی مەترسی لەناوچوون دەبنەوە، هەرچەندە هەتا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نییە، بەڵام بە بەردەوامی لەلایەن ڕاوچییەکانەوە لە هەموو جیهاندا ڕۆژانە بڕێکی زۆریان ڕاودکرێن.

سوودەكانی ماسی تونە

ماسی تونە هەڵگری سوودی خۆراكی زۆرە بۆ جەستەی مرۆڤ، وەك پاراستنی تەندروستی دڵ، چونکە دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا ٣ كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن، هەروەها هاوكارە لە كەمكردنەوەی بڕی چەورییە سیانییەكان، كەمكردنەوەی کەڵەکەبوونی كۆلیسترۆڵ لە لوولەخوێنەكاندا و كەمكردنەوەی پەستانی خوێن كە بڕێكی زۆر پۆتاسیۆمی تێدایە لەگەڵ بڕێكی كەم سۆدیۆم، ماسی تونە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و بڕێكی كەم لە كالۆری، بۆیە بە ژەمێكی نایاب دادەنرێت بۆ جڵەوكردنی كێشی جەستە، بەهۆیەوە‌ له ‌زۆرینەی خشتە خۆراكییەكاندا بوونی هەیە، بەكارهێنان و خواردنی ماسی تونەی تازە و نوێ گونجاوترە لە جۆرە لە قوتونراوەكان كە دەكرێت هەندێك پێكهاتەی زیانبەخشی تێدابێت بۆ جەستەی مرۆڤ، بۆیە زۆر خواردنی بە كارێكی دروست هەژمارناكرێت بەتایبەتی بۆ خانمانی دووگیان، گۆشتی ئەم ماسییە ڕێگری دەکات لە توشبوون بە جەڵدەی دەماغ، بەهۆی ڕێکخستنی تێپەڕبوونی خوێن بۆ مێشک، پارێزگاری دەکات لە پاراستنی تەندروستی چاو، هەروەها هاوکاری پاراستنی تەندروستی گورچیلەکان دەکات، بە هاوکاریکردنی جەستە لە ڕزگاربوون لە ماددە ژەهراوییەکان.

زیانەکانی ماسی تونە

دەکرێت ماسی تونە زیانبەخش بێت کاتێک بڕێکی زۆری لێ دەخورێت، یاخود دەکرێت ماسییەکە ڕووبەڕوی هەلومەرجی سەخت بووبێتەوە لە نشینگەکەیدا، یان بە شێوازێکی هەڵە ڕاوکرابێت، وەک دروستکردنی کێشە لە مێشکدا، بەهۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری ژەهر لە جەستەیدا، یان زیان گەیاندن بە تەندروستی دڵ، ئەمەیان بەهۆی پیسبوونی نشینگکەیانەوە دەبێت کە ماددە کانزاییەکان لە جەستەیدا کەڵەکە دەبن، و بەدوایدا زیان دەگەیەنن بە تەندروستی دڵ، یاخود دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی جەستەی مرۆڤ، وەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ڕوودەدات، کە خواردنە دەریاییەکان یەکەم هۆکاری ژەهراویبوونن.

شێوەی دەرەوەی

ماسی تونە تایبەتمەندە بە هەبوونی ماسولکەی بەهێز و بەهۆیەوە دەتوانێت لە ژینگە سەخت و ساردەکاندا ژیان بکات، قەبارەی ئەم ماسییە بە گوێرەی جۆرە جیاوازەكانی دەگۆڕێت، بۆ نموونە بچووكترینی بەلایەنی زۆرەوە دەگاتە ٥٠ سانتیمەتر و كێشی دەگاتە نزیكەی ١.٨ كیلۆگرام، لە كاتێكدا ماسی تونەی ئەتڵەسی پەڕەكە شین كە بەگەورەترینی جۆرەكان دەدانرێت درێژییەكەی دەگاتە ٤.٦ مەتر و كێشی دەگاتە ٦٨٤ كیلۆگرام، جەستەی ئەم جۆرە ماسییە لاوازە و بە جۆرێكە كە هاوكارییەتی لە ئەوەی ببێتە ڕاوچییەكی چالاك، هەروەها یەكێكە لە خێراترین ماسییەكان و هەندێكیان دەتوانن لە كاتژمێرێكدا ٧٥ كیلۆمەتر ببڕن، واتە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا مەودایەکی زۆری زەریاکان تێدەپەڕێنن، زۆرینەی جۆرەكانی لە ڕەنگدا هاوشێوەن بەشی سەرەوەی جەستەیان تۆخه شینێکە کە نزیکە لە ڕەشەوە‌ و ناوچەی سكیان زیوییە، دوو جۆر پەرەکەی هەیە جۆرێکیان دوو دانەیە و لە ناوچەی پشتیدان ئەو دانەکەی دیکە لە نزیک کۆمیەتی، هەروەها لە نێوان پەرەكەكانی پشت و كۆمی ڕیزێك پەڕەكەی بچووكتر هەیە، و ئەم جۆرە ماسییە هاوشێوەی هەندێك لە جۆرەكانی دیكە توانای هەیە كە پلەی گەرمی جەستەی لە سەرووپلەی گەرمی ژینگەكەیەوە بهێڵێتەوە، واتە یەکێکە لە ماسییە خوێن گەرمەکان کە پلەی گەرمی جەستەی جڵەو دەکات.

خۆراک

ماسی تونە گیانەوەرێکی گۆشتخۆرە، و خۆراکەکەشی خواردنی ماسییەکانی دیکەیە، بە جۆرێک کە هەندێک جۆری دیاریکراو ڕاودەکە و دەیانکەن بە ژەمی خۆراکی، وەک ماسی ماکریل و ماسی ڕەنجە و ماسی نازڵی، یان جگە لە ماسییەکان دەکرێت گیانەوەرە ئاوییەکانی دیکە ڕاوبکەن وەک، مەرەکەب و توێکڵدارەکان، هەروەها ماسی تونە دەتوانێت جگە لە گۆشت گیا و ڕووەکە دەریاییەکانیش بخۆن، ماسییەکانی تونە خۆشیان دەبن بە نێچێری ڕاوچییەکانی دیکە جگە لە مرۆڤەکان دۆلفین و قرشەکانیش ڕاویاندەکەن و دەیانکەن بە ژەمی خۆراکی.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی زۆربوونی ماسی تونە بە گوێرەی ناوچە جوگرافییەکانیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە ماسییەکانی نۆکەندی مەکسیک لە نێوان مانگەکانی ٤-٦ یەکگرتن ئەنجام دەدەن، بەڵام ئەوانەی دەریای سپی ناوەڕاست لە نێوان مانگەکانی ٦-٨ یەکگرتن دەکەن، لەکاتی هێلکەداناندا مێینەکان دەتوانن ٣٠ ملیۆن هێلکە دابنێن، کە هەتا کاتی هەڵهاتن و پێگەیشتنیان تەنها ٢ ملیۆنیان ڕزگاریان دەبێت، هەموو ئەوانی دیکە لە لایەن گیانەوەرەکانی دیکەوە دەخورێن، لە سەرەتادا لە ناوچەی ئاوە گەرمەکاندا دەژین، لە دوای پێگەیشتنیان هەموو جۆرەکان بە بەردەوامی جێگەکانیان دەگۆڕن، و دەچنە نێو ئاوە ساردەکانەوە بۆ گەڕان بە دوای خۆراکدا، وە بە گشتی ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ماسی تونە لە نیوان ١٥-٣٠ ساڵ دەبێت، یاخود دەکرێت هەندێکیان هەتا تەمەنی ٤٠ ساڵی بتوانن بژین.

جۆرە سەرەکییەکانی

جۆرەکانی ماسی تونە بۆ دوو پۆلێنی جیاواز دابەشدەکرین، یەکێکیان ماسییە تازەکانە و بەشی دووەمیش ئەو جۆرانەیە کە لە قوتو نراون، ئەوانەی لە قوتو نراون ئەگەر سەرەکانیان لانەبرێت و بە داخراوی بمێنێتەوە، دەکرێت بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەڵبگیرێت بە بێ ئەوەی ماسییەکە بەسەربچێت، بەڵام لێرەدا تەنها باسی جۆرە زیندوو و تازەکان دەکەین، بەناوبانگترین و بەتامترینیشیان ئەمانەن:

  • ماسی تونەی پەڕەکە شین
  • ماسی تونەی سپی
  • ماسی تونەی پەڕەکە زەرد
  • ماسی تونەی ئالباکۆر
  • ماسی تونەی تەمەڵ یاخود ماسی تونەی جانتا
  • ماسی تونەی چاوزەق


سەرچاوەکان



1886 بینین