ڕێنمایی کەسانی نابینا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-10-15-17:13:00 - کۆدی بابەت: 11449
ڕێنمایی کەسانی نابینا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێنمایی کەسانی نابینا (بە ئینگلیزی: Instructions for people with blindness، بە عەرەبی: تعليمات للٲشخاص مصابين بالعمی)، بریتییە لە ڕێنمایکردن و شیکردنەوەی کەسایەتی دەروونی و پەروەردەیی و خێزانی منداڵانی نابینا و یارمەتیدانیان لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی کە نابینایان هەیانە، لە دەرئەنجامی ئەو بەریەککەوتن و مامەڵەکردنەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ نابینایاندا دروستی دەکەن بۆ ئەوەی نابینا لەگەڵ بارودۆخەکاندا بگونجێنن و ڕێگەیەکیشە بۆ دەرخستن و پەرەپێدانی توانا و بەهرەکانی نابینایان. 

ئایا نابینایان پێویستیان بە ڕێنمایی هەیە؟ 

هەموو مرۆڤێک بە درێژایی ژیانی پێویستی بە ڕێنمایی هەیە مرۆڤ هەرکە لە دایک دەبێت پێویستی بە دەورووبەرەکەی دەبێت بۆ دابینکردنی خواردن و خواردنەوە و پاککردنەوە و پێدانی سۆز و خۆشەویستی و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام هەتا دەگاتەوە ئەو تەمەنەی کە پشت بەخۆی دەبەستێت، هەروەها مرۆڤ لە ژیانیدا تووشی هەموو جۆرە کێشەیەک دەبێت و ڕادەی قورسی کێشەکان جیاوازیان هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە نابینا بێت، گرنگترین کێشەکانی نابینا خۆی لە کێشە کۆمەڵایەتی و پەروەردەی و دەروونی، سیاسی، سروشتی، تەندروستی، خێزانی، سیاسی و کێشە تەکنەلۆجییەکاندا دەبینێتەوە کە هەموو ئەم کێشانە پێویستیان بە ڕێنمایی کردنە جا چ بۆ کەسانی ئاسایی یاخود نابینا. 

ئامانجەکانی ڕێنمایی دەروونی 

  • نابینایان وەکو هەر مرۆڤێکی تر مافی ژیانێکی شەرەفمەندانەیان هەیە. 
  • هەرچەندە ئەوانەی نابینان، بەڵام هێز و توانایان لە کەسانی چاوساغ کەمتر نیە و توانایان زیاترە لە کەسانی ئاسایی. 
  • دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ نابینایان چونکە پێویستیان بەم جۆرە خزمەتگوزارییانە هەیە. 
  • کاربکرێت بۆ گۆڕینی تێڕوانینی خراپی تاک و خێزان و کۆمەڵگا دەربارەی پرسی نابینایان. 
  • کاربکرێت بۆ ئەوەی کەسی نابینا نەبێت بە بارێکی قورس بۆ خێزان و کۆمەڵگا، هەوڵبدرێت بە کردنەوەی سەنتەری تایبەت تا سوود لە بەهرە و توانا زانستی و لێهاتووییەکانیان وەربگیرێت.

بوارەکانی ڕێنمایی نابینایان 

ڕێنمایی دەروونی 

١- چارەسەرکردنی ئاستی گونجاندنی کەسایەتی. 
٢- یارمەتیدانی نابینایان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکان. 
٣- ڕاستکردنەوەی تێڕوانینەکانی نابینایان بۆ تێگەیشتن و ناسینی خودی خۆی. 
٤- بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا ڕێنمایی بکرێت، بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانی بەرەو باشتر بگۆڕێت.
٥- هاندانی نابینایان تا پشت بەخۆیان ببەستن و دوور بن لە چاوی بەزەیی و شکانەوە بۆ ئەوەی تووشی دڵەڕاوکێ نەبن و ڕووبەڕووی هەڕەشە و زۆرلێکردن و توندوتیژی نەبنەوە. 
٦- دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی نا ئومێدی و نیگەرانی. 
٧- هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر ڕق و کینە دووبەرەکی بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە. 
٨- یارمەتی نابینایان بدرێت تا هەست بە ئاسایش و ئارامی بکەن لە ناو خێزان و کۆمەڵگادا. 

ڕێنمایی کۆمەڵایەتی 

١- هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئاڕاستە کۆمەڵایەتییە نەرێنییەکان و بیرۆکە هەڵەکان دژ بە نابینایان. 
٢- بایەخ پێدانی حەز و ئارەزووەکانی نابینایان. 
٣- هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخ و ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکان. 
٤- ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی. 
٥- دروستکردنی هەستی ڕەزامەندی لای تاکەکانی ئەو خێزانانەی کە کەسی نابینایان هەیە. 
٦- یارمەتیدانی دایکان و باوکان بۆ نەمان و سڕینەوەی هەستکردن بە گوناهباری. 

ڕێنمای پەروەردەیی

١- منداڵی نابینا مافی پەروەردەکردن و فێرکردنی هەیە هەروەکو کەسانی ئاسایی. 
٢- نابینایان وەکو کەسانی تر خاوەن بەهرە و تواناکانی خۆیانن. 
٣- یارمەتیدانی نابینایان لەو کێشانەی کە لە قوتابخانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. 
٤- دابینکردنی مامۆستای پسپۆڕ و پەروەردەی تایبەت لە قوتابخانەکاندا.
٥- بەشداریکردنی نابینایان لە کۆڕ و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا مافێکی سەرەتاییە و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ڕۆشنبیران. 
٦- دابینکردنی هۆکارەکانی هاتووچۆ بۆ نابینایان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە. 
٧- دابینکردنی قوتابخانەی تایبەت کە گونجاو بێت بۆیان لە ڕووی شوێنی یاری و توالێت.

ڕێنمایی تەندروستی 

١- گرنگیدان بە چارەسەرە تەندروستییەکان بە باشترین شێوە. 
٢- دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕ و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە کاتی پێویستدا. 
٣- جەخت بکرێتەوە لە سەلامەتی تەندروستی نابینایان و بەردەوام بە دواداچوون بۆ دۆخی تەندروستیان بکرێت.
٤- ڕاهێنان پێکردنی نابینایان لەسەر بەکارهێنانی گۆچان و ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونیان. 

ڕێنمایی کار 

هەنگاوی سەرەکی لای رێنمایی کار یارمەتیدانی نابینایانە بۆ ئەوەی لە خودی خۆی تێبگات و توانا و ئاستی کرداری خۆی بزانێت و کاری پێبکات تا ببێت بە تاکێکی بە سوود لە کۆمەڵگاکەیدا، یارمەتی بدرێت بۆ دابینکردن و پێدان و فێرکردنی کارێکی گونجاو، هەتا لەگەڵ تواناکەیدا بگونجێت. ڕێنمایی کار هەڵدەستێت بە فێرکردن و ڕاهێنانی نابینا بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی شایستە و بە سوود بۆ خێزان و کۆمەڵگاکەی، چونکە کۆمەڵگا هەموو کەسێک دەگرێتە خۆی بەبێ جیاوازی، پێویستە کەسانی نابینا متمانەی خۆیان لای تاکەکانی کۆمەڵگا بەدەست بهێنن و کۆمەڵگەش ببێتە هاندەر بۆ ڕێزگرتن لە تواناکانی نابینایان لە دابینکردنی هەلی کار کە لەگەڵ توانای ئەودا بگونجێت، هەتا ئەوانیش ببن بە تاکێکی بەرهەم هێن نەک بەکاربەر. 


سەرچاوەکان



456 بینین