شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتنی مردوو لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-12-15-22:53:00 - کۆدی بابەت: 11737
شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتنی مردوو لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتنی مردوو لە ئیسلامدا (بە عەرەبی: غسل و تکفین و دفن الميت في اسلام، بە ئینگلیزی :Washing, shrouding and burying the dead in Islam) یەکێکە لە مەرج و ئەرکەکان لە ئیسلامدا کە هەر کەسێک کۆچی دوایی بکات پێویستە چەند پرۆسە و هەنگاوێکی سەرەکی هەیە پێش ناشتنی جێبەجێ بکرێت، پێویستە بە شێوەیەکی دروست بشۆردرێتەوە و بە شێوەیەکی تایبەتی کفن بکرێت، پاشان نوێژی مردووی لەسەر بکرێت و دواتر بەڕێبخرێت و لە گۆڕستانی تایبەت بە موسڵمانان بنێژرێت. 

لە هەردوو ڕیبازی سوننە و شیعە لە ئیسلامدا پرۆسەی شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتن بۆ مردوو ئەنجام دەدرێت، بەڵام چەند جیاوازییەکی بچووک لە هەنگاوەکانی پرۆسەکەدا هەیە.

ئایا شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتنی مردوو لە ئیسلامدا فەرزە؟

بەپێی بۆچوونی تەواوی زانایانی ئیسلام شۆردنەوە و کفنکردن و ناشتنی مردوو و نوێژکردن لەسەر مردوو "فەرزی کیفایەیە"، واتا ئەگەر موسڵمانێک یان چەند موسڵمانێک ئەرکەکە جێبەجێ بکەن فەرزەکە لەسەر موسڵمانەکانی تر دەکەوێت و لادەچێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ کەسێک ئەرکەکە جێبەجێ نەکات ئەوە هەموو کەسە نزیکەکانی مردووەکە تاوانبار و گوناهبار دەبن.

لە ڕێبازی شافعی و حەنبەلی پێویستە هەموو مردوویەک بشۆردرێتەوە، تەنانەت ئەو مردووەی کە بە بێ شۆردنەوە بە هەر هۆکارێک بێت بنێژرێت دەتوانرێت دەربهێنرێتەوە و بشۆردرێتەوە.

مەرجەکانی شۆردنەوەی مردوو

  • پێویستە دوای دڵنیابوونەوە لە مردنی کەسەکە و جێبەجێکردنی کاروبارە  کارگێڕییەکانی نەخۆشخانە، ڕاستەوخۆ دەست بکرێت بە پرۆسەی شۆردنەوەی مردوو و باشتر و سوننەتە پرۆسەکە دوانەخرێت.
  • پێویستە کەسێکی نزیکی مەحرەمی مردووەکە لە پرۆسەکە بەشدار بێت.
  • پێویستە ئەو شوێنەی کە پرۆسەی شۆردنەوەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت پارێزراو بێت و لە کەسی ترەوە دیار نەبیت.
  • پێویستە کەرەستە و پێداویستییەکانی پرۆسەکە ئامادە بکرێت نموونەی ئاوی گەرم، سابوون و شامپۆ، پەموو، کفن، پارچە پەڕۆی پاک و لفکەی نەرم، خاولی، مقەست، دەستکێش، بۆن، نموونەی گوڵاو و مێخەک و میسک بۆ بۆنخۆشکردن، تەنەشۆر (پارچەیک کانزای درێژ و پان و بەرزە کە کەسی مردووی لەسەر درێژ دەکرێت و دەشۆردرێتەوە).

مەرجەکانی ناشتنی مردوو

  • پێویستە مردووەکە شۆردرابێتەوە و کفن کرابێت، هەروەها نوێژی مردووی لەسەر کرابێت.
  • گۆڕەکە پێویستە پێش گەیشتنی مردوو بۆ گۆڕستان ئامادە کرابێت.
  • پێویستە لە گۆڕستانی موسڵمانان لە گۆڕێکی تایبەتی ڕووەو قیبلە بنێژرێت.
  • پێویستە و سوننەتە قووڵی گۆڕی مردووی پیاو و ژن زۆر بێت، چونکە هەندێک زانا بە واجبی دادەنێن و هەندێکی تریش بە سوننەت.
  • ڕووبەری گۆڕی مردووەکە دیاریکراو نییە، پێویستە بە جۆرێک درێژ و پان بێت کە بە تەواوی تەرمەکە لەخۆبگرێت.
  • ئەگەر مردووەکە ژن بێت پێویستە کەسی مەحرەمی تەرمەکەی هەڵبگرن و کەسی مەحرەمی تەرمەکەی بنێژن.
  • مردوو لە بەشی خواروەی گۆڕەکە دەخرێتە گۆڕەوە و لەسەر لای ڕاستی ڕووەو قیبلە دادەنرێت.
  • ئەو کەسەی کە مردووەکە دادەنێت پێویستە بڵێت: (بِسْمِ اللهِ وعلى سُنَّةِ رَسولِ اللهِ).

چۆنێتی شۆردنەوەی مردوو

  • تەرخانکردن و ئامادەکردنی شوێنێکی تایبەتی بۆ پرۆسەی شۆردنەوەکە.
  • لەسەر وتەی زۆرینەی زانایان یەکەم هەنگاو و دەسپێکی پرۆسەکە بریتییە لەوەی کە هەموو جلەکانی مردوو لاببرێت.
  • پێویستە عەورەتی لەشی مردوو دابپۆشرێت و سەیرکردن و دەست لێدانی دروست نییە،
    هەر لەگەڵ لادانی جلەکانی پێویستە ئەو بەشەی لاشەی مردوو دابپۆشرێت کە پێی دەوترێت عەورەت، تەنانەت بە جۆرێک جلەکانی لادەبرێت کە ئەو بەشەی لەشی دەرنەکەوێت.
  • دانانی مردووەکە لەسەر شوێنێکی بەرز یان لەسەر تەنەشۆر.
  • پێویستە و مەرجە مردووشۆر دەستنوێژی هەبێت، دەسکێش لەدەست بکات چونکە نابێت ڕاستەوخۆ دەستی بەر لاشەی مردوو بکەوێت.
  • مردووشۆر بە لەسەرخۆیی دەست لەسەر سکی مردووەکە دەدات و دەیگوشێت بۆ ڕزگاربوون لە هەر شلەیەک کە لە سکێتی لەگەڵ پاککردنەوەی.
  • ئاو زۆرکردن بەسەر مردوودا سوننەتە، پاشان  پێویستە دەستنوێژ بۆ مردووەکە بکرێت و کەسی نزیک و مەحرەمی عەورەتی بشوات.
  • مردوو بە ئاو و سیدر دەشۆردرێتەوە، دەکرێت هەر بابەتێک بۆ پاککردنەوە لە پرۆسەکەدا بەکاربهێنرێت نموونەی سابوون، شامپۆ، مێخەک، بۆن، گوڵاو، میسک، لفکە یان خاولی نەرم. 
  • دوای دەستنوێژگرتن بە مردووەکە پێویستە بە پارچەیەک عەورەتی دابپۆشرێت و بە هیچ جۆرێک نابێت ببینرێت یان دەست بەریبکەوێت.
  • واجبە کە هەموو بەشەکانی لەشی مردوو بشۆردرێت و سوننەتە لەلای ڕاستەوە دەست بکرێت بە پرۆسەی شۆردنەوەی مردوو.
  • پاککردنەوەی دەم و لووتی مردوو بە دوو پەنجە.
  • لەکاتی شۆردنەوەی جەستەی مردوو پێویستە ڕێگری بکرێت لە چوونەژوورەوەی ئاو بۆ ناو دەم و لووتی مردوو.
  • سەر و پرچی مردوو دەشۆردرێت پاشان ئەگەر پیاو بوو ڕیشەکەشی بۆ دەشۆردرێت، دواتر ئاوی پاکی بەسەردا دەکرێت.
  • دوای سەری بەشی لای ڕاست بە سابوون و ئاو دەشۆردرێت، پاشان بەشی لای چەپی بە هەمان شێوە دەشۆردرێتەوە.
  • چەند جار شۆردنەوە دیاری نەکراوە، بەڵام سوننەتە ژمارەی شۆردنەکان تاک بن، سوننەتە کە سێ جار پرۆسەی شۆردنەوەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەگەر واپێویست بوو کە مردووەکە زیاد لە سێ جار بشۆردرێتەوە ئەوە دەکرێت دووبارە بکرێتەوە بەڵام سوننەتە کە ژمارەکە تاک بێت.
  • دوای شۆردنەوە و تەواوبوونی پرۆسەکە سوننەتە مردوو وشک بکرێتەوە.
  • دەکرێت ئەو ئاوەی مردووی پێدەشۆریتەوە بۆنی خۆشی بۆ بەکاربێنێت بۆ بۆنخۆشکردنی مردووەکە.
  • بڕینی پرچ یان کورتکردنەوەی پرچ و ڕیش یان بڕینی نینۆکی مردوو لەکاتی شۆردنەوەی مردووەکە بۆ هەڵگرتنی وەکوو یادگاری کارێکی مەکروهە.
  • دەکرێت پرچی ژنان دابهێنرێت و سوننەتە بکرێتە کەزی.
  • لەدوای تەواوبوونی شۆردنەوەکە دەکرێت پەموو بەکاربهێنرێت و بۆ مردووەکە لەشوێنی دەرچەوە دابنرێت بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونەوەی.

چۆنێتی کفنکردنی مردوو

بە بۆچۆنی تەواوی زانایانی ئیسلام کفنکردنی مردوو واجبە و پێویستە کفنەکە هەموو لاشەی مردووەکە داپۆشێت. کفن پارچە خامێکی ڕەنگ سپییە و دەزووی پێوە نییە. بۆ پیاوان سوننەتە سێ پارچە بێت، بەڵام پارچەکانی کفنی ژنان لە سێ پارچە زیاترە و لە پێنج پارچە پێکهاتووە کە بریتین لە (بەشێک بۆ داپۆشینی بەشی سەرەوەی لەش، بەشێک بۆ داپۆشینی بەشی خوارەوەی لەش، بەشێک بۆ داپۆشینی پرچی وەکوو لەچک بەکاردێت، دوو بەشیش بۆ داپۆشینی هەموو لاشەکە.)

هاوکات ئەگەر پیاوێک بە جلی ئیحرامەوە لە مەککە کۆچی دوایی بکات یان ئەگەر موسڵمانێک شەهید بکرێت سوننەتە کە بەو بەرگانەوە کفن بکرێت. کفن پێویستە درێژ بێت و هەموو بەشەکانی لەش دابپۆشێت و نابێت کورت بێت یان بەشێکی لاشەی مردووەکە دیار بێت. پاش بڕینی پارچەکانی کفن پێویستە مردووەکەی لەسەر دابنرێت، لە بەشی سەرەوەی ببەسرێت، لە بەشی لای پێیەکانی ببەسرێت، دواتر وەکوو پشتوێن بەشی ناوقەدیشی دەبەسرێت و دەستی ڕاستی مردوو لەسەر دەستی چەپی دادەنرێت.

لە چی کاتێکدا مردوو ناشۆردرێتەوە؟

بە بۆچوونی تەواوی زانایانی ئیسلام شۆردنی مردوو "فەرزی کیفایەیە" و لە هەموو کاتێک پێویستە، بەڵام چەند حاڵەتێک هەیە کە تەرمی مردووەکە بەهۆی ڕووداوێکەوە یان بەهۆی نەخۆشییەکەوە تێکچووە یان شێواوە یان سووتاوە لەو حاڵەتانە مەرجەکانی شۆردنەوەی مردوو دەگۆڕدرێت، زانایان چەند حاڵەتێکیان داناوە بۆ ئەم بارودۆخە:

  • ئەگەر تەرمی مردووەکە تێکچوو بوو یان شێواو بووە، بەڵام ئەگەر لەکاتی شۆردنەوەی مردووەکە ترسی لەسەر نەبوو لەوەی کە لاشەکەی تێکبچێت یان پارچە پارچە ببێت یان بەشێکی هەڵبوەرێت ئەوە شۆردنەوەی مردووەکە واجبە.
  • ئەگەر ترسی ئەوە هەبوو کە بە شۆردنەوەی لاشەکە تەرمەکە تێکدەچێت یان پارچە پارچە دەبێت یان دەشێوێت، ئەوە تەنها ئاو بەسەر لاشەی مردووەکە دەکرێت بە بێ ئەوەی دەستی لێ بدرێت.
  • ئەگەر ترسی ئەوە هەبوو کە تەنانەت بە ئاو بەسەرکردنیش تەرمەکە تێکدەچێت، ئەوە تەیەموم بۆ لاشەکە دەکرێت.
  • ئەگەر بەشێک لە تەرمەکە تێکچووبێت یان بەشێک لە لاشەی لەکاتی شوشتنی ترسی تێکچوون یان شێواوی لەسەر هەبێت، ئەوە ئەو بەشەی کە ترسی لەسەر نییە دەشۆردرێتەوە و بەشەکەی تریشی تەیەمومی بۆ دەکرێت.

ئایا دەکرێت چەند شتێکی تایبەتی مردووەکە لەگەڵ کفنی مردووەکە دابنرێت؟

ئەڵقە یان ئەنگوستیلە یان ملوانکە یان دەسبەند یان جلوبەرگ یاخود هەر شتێکی دوونیایی کە تایبەت بە مردووەکەیە دەبێت لاببرێت و لەناو کفن نەکرێت، تەنانەت ئەگەر کەسی مردوو وەسێتیشی کردبێت ناتوانرێت هیچ شتێک لە کفنەکەیدا لەگەڵ خۆی بباتە نێو گۆڕەوە.

چونکە هەر شتێکی تایبەت بە مردووەکە بە تایبەت ئەگەر زێڕ بێت لەدوای خۆی بە میراتی میراتگرانی دادەنرێت و خاوەنی هەیە بۆیە ناتوانرێت لەگەڵ خۆی بیبات تەنانەت ئەگەر وەسێتیشی کردبێت چونکە لە ئیسلامدا وەسێت ئەگەر پێچەوانەی شەرع بوو دانامەزرێت و جێبەجێ ناکرێت.

ئایا ڕووخساری مردوو دادەپۆشرێت؟

بەپێی وتەی زانایان پێویستە دەموچاو و ڕووخساری مردوو دابپۆشرێت و دوو حاڵەتی هەیە:

  • حاڵەتی یەکەم: ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی ڕوخساری مردوو دوای کفنکردن و شۆردنەوەی بە دیار بخرێت، کەسە نزیکەکانی بۆ کۆتاجار تەماشای بکەن و ماچی بکەن ئاساییە بەڵام بەومەرجەی کە پێش ناشتنی تەرمەکە ڕووخساری مردووەکە دابپۆشرێتەوە.
  • حاڵەتی دووەم: ئەگەر ڕووخساری مردووەکە دیار بخرێت و مەبەست لێی ئەوە بێت کە بەو جۆرە بنێژرێت ئەوە دروست نییە.

لە چی حاڵەتێک پێویستە ڕووخساری مردوو دانەپۆشرێت؟ 

ڕووخساری ژنان لە هیچ حاڵەتێک دەرناخرێت و پێویستە لەکاتی ناشتن دابپۆشرێت. بەپێی فەرموودەیەکی پێغەمبەر تەنها لە یەک حاڵەت دەکرێت ڕووخساری پیاوان لە ناو گۆڕ بە کفن دانەپۆشرێت، ئەویش ئەگەر پیاوێک لە کاتی ئیحرامدا لە پرۆسەی حەج و عەمرە لە مەککە بە بەرگی ئیحرامەوە کۆچی دوایی بکات، ئەوە لەو حاڵەتەدا ڕووخسار و سەری داناپۆشرێت. چونکە پێغەمبەر فەرموویەتی: (لا تُخَمِّرُوا رَأْسَهُ فَإِنَّهُ يُبْعَثُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ مُلَبِّيًا، یان "وَلا تُخَمِّرُوا رَأْسَهُ وَلا وَجْهَهُ فَإِنَّهُ يُبْعَثُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ مُلَبِّيًا.")

حوکمی چاوداخستنی مردوو چییە؟

هەندێک مردوو هەیە کە دوای کۆچی دوایی چاوی داناخرێت و بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەپێی بۆچوونی زانایان داخستنی چاوی کەسی مردوو کێشەی نییە و ئاساییە، چونکە فەرموودە هەیە کە پێغەمبەر ئەو کارەی کردووە و لە (دایکی سەلەمەوە) کە خێزانی پێغەمبەر ﷺـە وتویەتی "کە کاتێک سەلەمەی باوکی کۆچی دوایی کردووە چاوی دانەخراوە، پێغەمبەر چاوەکانی داخستووە".

زانایان ئەم ڕووداوە دەکەن بە بەڵگەی ڕەوایەتی بۆ داخستنی چاوی مردوو و کۆک و؟یەکڕان لەسەر ئەم بابەتە.

کێ دەتوانێت مردوو بشۆرێتەوە؟

پێویستە ئەو کەسەی کە مردوو دەشواتەوە (مکلف) بێت واتا کەسێکی پێگەیشتووی عەقڵ کامڵ بێت. ئەو کەسەی مردوو دەشۆرێتەوە بەپێی وتەی هەر چوار مەزهەبەکە "واجبە" لەسەری کە هەر شێواوی یان تێکچوونێک یان هەر عەیبێک کە لە تەرمەکەدا بینیوێتی بەهیچ جۆرێک ناتوانێت دوای پرۆسەکە لای کەسانی تر باسی بکات و بیگێڕێتەوە چونکە گوناهبار دەبێت.

پێویستە چەند کەسێکی نزیکی مردووەکە و باشترە کەسی مەحرەمی بێت لە پرۆسەی شۆردنەوەی مردووەکە ئامادە بن و هاوکاری ئەو کەسە بکەن کە مردووەکە دەشواتەوە، بەڵام پێویست ناکات کەسانێک ئامادەی پرۆسەکە بن بێ ئەوەی هیچ هاوکارییەک پێشکەش بکەن، چونکە سەیرکردنی مردوو بە کارێکی "مەکروهـ" دادەنرێت.

لەسەر فەرموودەی پێغەمبەر پێویستە دوای شۆردنەوەی مردوو کەسی مردووشۆر خۆی بشوات. شۆردنەوەی مردوو کارێکە چاکەی زۆر لەسەرە چونکە بە شۆردنەوەی مردووەکە ئەرکەکە لەسەر موسڵمانانی تر دەکەوێت و بە دەقی فەرموودەی پێغەمبەر هەرکەسێک مردوویەک بشواتەوە چل گوناهی لەسەر دەسڕدرێتەوە.

ئەو کەسەی کە مردوو دەشۆرێتەوە دەتوانێت و دروستە پاداشتی دونیایی یان پارە لەسەر کارەکە وەربگرێت، بەڵام ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن زۆرجار تەنها بە مەبەستی چاکە کردن دەیکەن و بە بۆچوونی زانایان باشتر و خێرترە. باشتر وایە کە ژنان کەسی نزیکی مەحرەمی لە ڕەگەزی مێ هاوکار بێت لە شۆردنەوەکەی، کچەکانی ئەگەر نەبوو دایکی ئەگەر نەبوو داپیرەی ئەگەر نەبوو کەسە نزیکەکانی تری لە ڕەگەزی مێ بیشواتەوە.

بۆ پیاوانیش بە هەمان جۆرە پێویستە کەسی نزیکی مەحرەمی لە ڕەگەزی نێر بەشداری لە پروسەکە بکات، چونکە بە وتەی تەواوی زانایان مردووشۆری ژنان دەبێت ژن بێت و مردووشۆری پیاویش دەبێت پیاو بێت. باوک و دایک دەتوانن و بۆیان هەیە منداڵی مردووی خۆیان بشۆنەوە، هەروەها هاوسەر دەتوانێت هاوسەری کۆچکردووی خۆی بشواتەوە.

ئایا دەکرێت کەسی مردوو بە تابووتەوە بنێژرێت؟

زۆرینەی زانایانی ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەگەر پێویست نەکات نابێت مردوو بە تابووتەوە بنێژرێت و دروست نییە، تەنها لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراوی کەمدا دەتوانرێت مردوو بە تابووتەوە بنێژرێت، بۆ نموونە ئەگەر مردووەکە سووتاو بوو یان جۆرە نەخۆشییەکی گوازراوەی هەبوو کە بەوهۆیەوە نەتوانرێت بەبێ تابووت بنێژرێت.

ئەگەر خۆڵی خاکی گۆڕەکە نەرم بوو و ترسی هێرشی ئاژەڵی دڕندە هەبوو کە تەرمەکە دەربهێنێت و زیانی پێبگات، ئەوە دەتوانرێت تەرمەکە بە تابووتەوە بنێژرێت. ئەم بۆچوونە بۆچوون و وتەی ڕێبازی شافعی و حەنبەلی و حەنەفییە. هۆکاری ڕێگریکردن لە ناشتنی مردوو بە تابووتەوە ئەوەیە کە خۆچواندنە بە ئەهلی دوونیا و بێ باوەڕان، هاوکات خاکی زەوی بۆ لاشەی مردوو زۆر باشترە.


سەرچاوەکان



369 بینین