جیاوازی نێوان فێرکردنی بچووک و فێرکردنی گەورە چییە؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-12-31-19:18:00 - کۆدی بابەت: 11793
جیاوازی نێوان فێرکردنی بچووک و فێرکردنی گەورە چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان فێرکردنی بچووک و فێرکردنی گەورە چییە (بە ئینگلیزی: What is the difference between a large education and a small education)، لە ناوەندەکانی خوێندن شێوازی فێرکردنی کەسانی گەورە هەیە شێوازی فێرکردنی کەسانی بچووک هەیە هەر شێوازە و تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازن لە یەکتری.

فێرکردنی بچووک چییە؟

بریتییە لە هەموو ئەو چالاکییانەی کە مامۆستا لە پێناو فێرکردنی ئەو فێرخوازانەدا دەیکات کە تەمەنێکی کەمیان هەیە، یاخود لە قۆناغەکانی سەرەتای خوێندندان، ڕۆڵی مامۆستا لە فێرکردنی بچووک تاڕادەیەک قورسە، چونکە فێرخواز زانیاری پێشوەختی نییە، چاوەڕوانی مامۆستایە زانیاری پێبدات و بەکاریبهێنێتەوە و بە پەرۆشییەوە دەیانەوێت قۆناغ بە قۆناغ بچنە سەرەوە، زیاتر بە دەوری ناوەڕۆکی بابەتەکەوەن.

فێرکردنی گەورە چییە؟

هەموو ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بە فێرخوازی تەمەن گەورە، تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە فێرخواز فشاری دەروونی لەسەر نییە و ئاسوودەتر سەرقاڵی فێربوونە و تاک خۆی دەزانێت چۆن و بە کام ڕێگا فێردەبێت، باشە و خراپە جیادەکاتەوە، ئەوەش کارئاسانی بۆ مامۆستا دەکات و ئەرکی ئاسانتر دەبێت.

هەندێک تایبەتمەندیی فێرکردنی بچووکەکان

١. فێرکردنی بچووکەکان بە زۆری پشت بە لێهاتووییەکانی مامۆستا دەبەستێت.

٢. زانیارییەکان بەبێ گومان و دوودڵی وەردەگرن.

٣. بچووکەکان زۆرجار لە داڕشتنی پلانی وانەوتنەوە و ڕێڕەوی وانەوتنەوەدا بەشدار نین.

٤. دەتوانن شتانێک فێربن کە پێشووتر بە هیچ شێوەیەک بەکاریاننەهێناوە.

٥. ڕێگای تایبەتی وانەوتنەوەیان هەیە کە جیاوازە لە ڕێگای وانەوتنەوەی گەورەکان.

تایبەتمەندیی فێرکردنی گەورەکان

١. گەورەکان لە ڕێگای جێبەجێکردن و بەشداریکردنەوە فێردەبن.

٢. گەورەکان بێزار دەبن ئەگەر ماوەی دانیشتنیان لە هۆڵەکان درێژبێت و ناچالاک بێت.

٣. بە ئاسانی زانیاری و باوەڕەکان قبووڵ ناکەن و زۆربەی کات گومانیان هەیە.

٤. زیاتر ئەو زانیارییانەیان قبووڵە کە سوودی هەیە بۆیان.

٥. باشتر فێردەبن، ئەگەر لە دانانی پلان بەشدار بن.

جیاوازی نێوان فێرکردنی گەورەکان و فێرکردنی بچووکەکان

١. فێرخوازی بچووک پەیڕەوی قسە و زانیارییەکانی مامۆستا دەکات، فێرخوازی گەورە سەربەخۆیە و بە ئاسانی زانیارییەکان قبووڵ ناکات.

٢. فێرخوازی بچووک سەرنجی لەسەر بابەتەکانی پڕۆگرامە، فێرخوازی گەورە زیاتر چارەسەری گرفتی بەلاوە گرنگە یاخود پرسیارکردن.

٣. فێرخوازی بچووک پاڵنەرەکەی دەرەکییە، فێرخوازی گەورە پاڵنەرەکەی ناوخۆییە، واتا فێرخواز خۆی درک بە پڕۆسەکە دەکات.

٤. ژینگەی پۆل کە فێرخوازی بچووکی تێدایە، پێشبڕکێ و کۆنتڕۆڵی مامۆستا سیما دیارەکانی پۆلە، ژینگەی پۆل کە فێرخوازی گەورەی تێدایە، ڕێز و پێزانین هەیە، بەشداریکردن و هاوکاریکردن لە سیما دیارەکانی ژینگەی پۆلە.

٥. فێرکردنی بچووک ماوەیەکی کاتیی دیاریکراوە، فێرکردنی گەورەکان بە درێژایی ژیان بەردەوامە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم باسە بۆمان دەردەکەوێت ئەو مامۆستایانەی لە قوتابخانەکان وانەدەڵێنەوە، دەبێت ڕەچاوی قۆناغەکان بکەن و شێواز و مامەڵە و ڕێگاکانی وانەوتنەوەیان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر بگۆڕن.


سەرچاوەکان



223 بینین