پاشای ئاسمان Airbus A380

له‌لایه‌ن: - هێدی إبراهیم هێدی إبراهیم - به‌روار: 2024-01-12-23:10:00 - کۆدی بابەت: 11851
پاشای ئاسمان Airbus A380

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پاشای ئاسمان Airbus A380 (بە عەرەبی: ملک السماء Airbus A380، بە ئینگلیزی: the king of sky Airbus A380). فڕۆکەی (Airbus A-380) بە یەکێک لە فڕۆکە پان و زەبەلاحەکان دادەنرێ کە لەلایەن کۆمپانیای ئێرباسەوە بەرهەم هێنراوە. بە گەورەترین فڕۆکە لە جیهان لە قەڵەم دەدرێ تاوەکو ساڵی (٢٠٢٤)ش و بە پاشای ئاسمان ناسراوە بەهۆی گەورەییەکەیەوە.

ئاسوودەیی و بێدەنگی فڕۆکەکە

لە گواستنەوەی سەرنشین پاش سەلامەتی یەکێک لە گرنگترین پێشەنگییەکانی ئاسوودەیی سەرنشینە. بێدەنگی و فراوانی ئەسکەمیلەکان (کورسی) و خزمەتکردن و پاک و خاوێنی فڕۆکەکە کاریگەرییان لەسەر ئاسوودەیی سەرنشین هەیە. فڕۆکەی (Airbus A380) سەرەڕای گەورەییەکەی بەڵام بەناوبانگە لە بێدەنگییەکەی و بزوێنەرەکانیشی ژاوەژاوی زۆر دروست ناکەن، کە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ئەوەی سەرنشینەکان خەوێکی ئارام بکەن یان بە ئاسوودەیی چێژ لە گەشتەکەیان وەربگرن.

ڕێگا درێژەکان

مەودای زۆری فڕینی ئەم فڕۆکەیە ١٥٠٠٠ کیلۆمەترە کە بۆ گەشتە زۆر درێژەکان کە بە بێ وەستانن بەکاردێت بۆ نموونە هێڵی ئاسمانی ئیماڕات بەکاری دەهێنێ لە ئۆکلاندی نیوزلەنداوە بۆ دوبەی پایتەختی ئیماڕات. هێڵی ئاسمانی قوانتسی ئوسترالی بەهەمانشێوە لە ویلایەتی داڵاس فۆرتی ئەمەریکاوە گەشتی پێدەکات بۆ سیدنی شاری ئوسترالیا.

ئەندازەی فڕۆکەکە

چونکە ئەم فڕۆکەیە خاوەنی نازناوی گەورەترین فڕۆکەیە بێ گومان ژمارە ئەندازەییەکانی شتانێکی سەیرن، درێژی ئەم فڕۆکەیە ٧٢.٧٢ مەترە کە دەکاتە ٢٣٨ پێ و پانییەکەی ٧.١٤ مەترە بەرامبەر ٢٣ پێ، درێژی باڵ بۆ باڵی ئەم فڕۆکەیە ٧٩.٧٥ مەترە کە ٢٦١ پێ دەکات. بەرزی ئەم فڕۆکەیە ٢٤.٠٩ مەترە بەرامبەر ٧٩ پێ.

بەرهەم هێنان و فرۆشتنی

لە سەرەتادا بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە دوو ساڵ دواکەوت بەهۆی وایەرمەنی فڕۆکەکەوە، هەروەها تێچووەکەشی زیادی کرد. پاش تەواو بوونی یەکەم فڕۆکە کە خرایە خزمەتی سەرنشینەکان بۆ هێڵی ئاسمانی سەنگافوور بوو لە بەرواری ١٥/١٠/٢٠٠٧ دواتر لە بەرواری ٢٥/١٠/٢٠٠٧ بۆ یەکەم جار فڕینیان بەم  فڕۆکەوە بە جێگەیاند. بەرهەمهێنانی ئەم فڕۆکەیە لە ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٤ گەشتە لووتکە کە ٣٠ فڕۆکەیان دروستکرد لەو ساڵانەدا. هەرچۆنێک بێ گەورەترین کڕیاری ئەم فڕۆکەیە کە هێڵی ئاسمانی ئیماڕاتییە، لە ساڵی ٢٠١٩ خواستی لەسەر کڕینی ئەم فڕۆکەیە کەمکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ کۆتا فڕۆکەی (Airbus A-380) کڕی کە (١٢٣) یەمین  دانەی بوو و زینجیرەی ٢٥١ ی کۆمپانیای ئێرباس بوو کە کۆتا فڕۆکەی ئەم کۆمپانیا بوو لەم جۆرەی. جێگای باسە کە تێچوونی ئەم فڕۆکەیە بە ٢٥ ملیار دۆلار مەزندە دەکرێ.

دیزاین

ئەم فڕۆکەیە دوو جۆری هەیە یەکیان (Airbus A380F) و (Airbus A380-800)، جێگای باسە ئەم کە زۆرترین سەرنشینی بازرگانی لەلایەن ئەم فڕۆکەیەوە دەگوازرێتەوە. ژمارەی سەرنشینەکانی ئەم فڕۆکەیە بە نزیکەی ٨٥٣ کەس دەخەمڵێنرێ ئەویش بە هەڵگرتنی ٥٣٨ کەس لە نهۆمی سەرەکی کە خوارەوەی فڕۆکەکەیە و ٣١٥ کەس لە قاتی سەرەوەی فڕۆکەکە، بەڵام زۆر دەگمەنە کە هێڵە ئاسمانییەکان ئەوەندە سەرنشین سەربخەن چونکە تا ڕادەیەک سەرکێشییە. هەندێکیشیان بە شێوازی جیاوازتر ڕێکیان دەخەن. بزوێنەرەکانی ئەم فڕۆکەیە لەلایەن کۆمپانیای (rolls-royce) دروست کراوە.

کارەساتەکانی فڕۆکەی (Airbus A380)

تاکو ئێستا خۆشبەختانە هیچ کوژراوێک نەبووە لە کارەساتەکانی ئەم فڕۆکەیە، بەڵام چەند کارەساتێک ڕوویان داوە لەسەر ئەم فڕۆکەیە، کە یەکێک لەوانە لە ٤/١١/٢٠١٠ گەشتێک لە سەنگافورەوە بۆ سیدنی وڵاتی ئوسترالیا بوو کە کێشەیەک لە بزوێنەرەکەی ڕوویدا و ئاگری گرت بەهۆی دزەکردنی ڕۆنەوە بەمەش بڕیاردرا کە بگەڕێتەوە بۆ سەنگافورا و بە سەلامەتی هەموو سەرنشینەکان گەشتن و بەبێ هیچ برینداربوونێک، لە یەکێکی دیکە لە کارەساتەکانی ئەم فڕۆکەیە لە بەرواری ٣٠/٩/٢٠١٧ بوو کە کۆمپانیای (Air France) بوو گەشتێک بوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆ لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا بەڵام بەهۆی لەکارکەوتنی بزوێنەرێکی سەرەکی بە ناچاری ڕێڕەوەکە گۆڕدرا بۆ وڵاتی کەنەدا هەموویان بە سەلامەتی ئەم کارەساتەیان تێپەڕاند.

ئەو هێڵە ئاسمانییانەی کە فڕۆکەی (Airbus A380) بەکاردەهێنن

هەرچەندە هێڵە ئاسمانییە سەرەکییەکانی ئەم کۆمپانیایە هێڵەکانی ئیماڕات و قوانتەس و سینگافورا و لوفتانزایە بەڵام هەندێ هێڵی ئاسمانی دیکەش هەن کە ئەم فڕۆکە بەکاردەهێنن، بەڵام هێڵی ئاسمانی ئیماڕات زۆرترین فڕۆکەی (Airbus A380) ی هەیە.
ئەمانەش هێڵەکانی ترن:

  • Asiana Airlines
  • All Nippon Airways 
  • British Airways 
  • China Southern
  • Korean Air 
  • Emirates
  • Etihad Airways 
  • Lufthansa
  • Malaysia Airlines
  • Qantas
  • Qatar Airways 
  • Singapore Airlines
  • Thai Airways International 
  • Air France


سەرچاوەکان



167 بینین