چۆن ئەوەی خوێندووتەوە لەبیرت بێت؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-11-13:42:00 - کۆدی بابەت: 12090
چۆن ئەوەی خوێندووتەوە لەبیرت بێت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن ئەوەی خوێندووتەوە لەبیرت بێت؟ (بە ئینگلیزی: How to Remember What You Read، بە عەرەبی: كيف تتذكر ما تقرأه)، خوێندنەوە ئەو شارەزاییەیە کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا. جا بۆ کار، قوتابخانە، یان چێژ وەرگرتنی کەسی بێت. بیرهاتنەوەی ئەوەی دەیخوێنیتەوە کارامەییەکی گرنگە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات زانیاری بپارێزیت و تێگەیشتنت لە چەمکەکان باشتر بکات و توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەت باشتر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ لێشاوی بەردەوام لە زانیاری و سەرقاڵیی لە جیهانی خێرای ئەمڕۆدا، هێشتنەوەی ئەوەی دەیخوێنینەوە دەکرێت کێشە بێت.

بە جێبەجێکردنی هەندێک ستراتیجی و تەکنیک، دەتوانیت توانای خۆت بەهێز بکەیت بۆ هێشتنەوە و بیرھێنانەوەی ئەو زانیارییانەی دەیخوێنیتەوە، بۆ نموونە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی نێمۆنیک. دوای جارێک لە خوێندنەوە، لەوانەیە ئەستەم بێت کە هەموو بەشێکی ئەو زانیارییانەت بیربێتەوە کە بەدەستت هێناون. لەبیرکردنی ئەو شتانەی کە دەیخوێنیتەوە بەشێوەیەکی گشتی لەوانەیە بەهۆی کەمخەوی، کەمیی پشوودان، نەبوونی سەرنج لە کاتی خوێندنەوە و خراپی خۆراک و سەرنەکەوتنی هەڵبژاردنی تەکنیکی ڕاست یان کێشەی بیرەوەریی وەک کەمیی پڕۆسەکردن و وەرگرتنی زانیاری یان پووکانەوە بێت.

چۆن ئەوەی خوێندووتەوە لەبیرت بێت؟

ئامانجی خوێندنەوەکەت بزانە: پێش خوێندنەوەی هەر بابەتێک ئەم دوو پرسیارە لە خۆت بکە "بۆچی ئەمە دەخوێنمەوە؟" و "دەبێت چی فێربم لە خوێندنەوەی ئەمە؟" بە تێگەیشتن لە ئامانجەکەت بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە، دەتوانیت تیشک بخەیتە سەر بەشە پەیوەندیدارەکانی دەقەکە. ئەمە یارمەتیت دەدات لە هەڵبژاردن و هێشتنەوەی زانیاری گرنگ لە جیاتی هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی هەموو وردەکارییەکان. 

ڕۆتینی خوێندنەوە دابنێ: هەبوونی ڕۆتینێک بۆ خوێندنەوە یارمەتی بەهێزکردنی یادەوەری دەدات چونکە شێوازێکی بەردەوام دروست دەکات بۆ تێگەیشتن و پەیوەستبوون بەو ماددەیەی کە دەیخوێنیتەوە، وا دەکات ئەگەری ئەوە زیاتر بێت کە لە مێشکتدا بمێنێتەوە. هەروەها خوێندنەوەی بەردەوام دەتوانێت تەرکیز و هێشتنەوە باشتر بکات بە ڕێگەدان بە مێشکت بۆ پرۆسەکردن و هەڵگرتنی زانیاری بە تێپەڕبوونی کات. کاتێک کات و شوێنی تایبەتت هەبێت بە خوێندنەوە، وا دەکات مێشکت ڕابێت لەسەر ئەو ڕۆتینە و تەرکیزێکی زیاترت هەبێت لەکاتی خوێندنەوە کە ئەمەش ئەگەری لەبیرکردنی بابەتەکە کەم دەکاتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی بابەتەکە بخوێنەوە: پێش خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە، تێبینی سەردێڕەکان، وێنەکان، خشتەکان، هێڵکارییەکان و دەقەکان بکە. سەیری خشتەی ناوەڕۆکەکان بکە، ئەگەر کتێب دەخوێنیتەوە وەسفی کتێبەکە لەسەر بەرگی پشتەوە بخوێنەوە و سەیری بەرگی کتێبەکە بکە. بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە یادەوەری و بیرکردنەوەت ئاڕاستە دەکات و یارمەتیت دەدات وێنەیەکی گەورەتر دروست بکەیت دەربارەی ناوەڕۆکی کتێبەکە. هەروەها یارمەتیت دەدات بزانیت چ زانیارییەکت پێویستە کە لەبیری نەکەیت و تێبینی بکەیت کاتێک دەیخوێنیتەوە.

کات بەفیڕۆدەرەکان لاببە: کاتێک دەست بە خوێندنەوە دەکەیت و کاتێکی دیاریکراوت بۆ داناوە، ژینگەیەکی خوێندنی بێدەنگ و بێ سەرقاڵی هەڵبژێرە کە دەتوانیت تەنها تیشک بخەیتە سەر خوێندنەوەکەت، بە تەواوی پابەند ببە بە خوێندنەوەی بابەتەکەوە و هەوڵ مەدە لە هەمان کاتدا چەند کارێک بکەیت. مۆبایلەکەت بێدەنگ بکە، تەلەفزیۆن بکوژێنەوە و سەرنجی تەواوت بۆ کرداری خوێندنەوە ئاڕاستە بکە. ئەمە یارمەتیت دەدات بە تەواوی خۆت لە ماددەکەدا نوقم بکەیت، کە دەبێتە هۆی پاراستنی زانیارییەکە لە یادگە و تێگەیشتنێکی باشتر.

تێبینی بنووسە: نووسینی تێبینی لایەنێکی گرنگی خوێندنەوەی چالاکە، لە جیاتی ئەوەی تەنها بە شێوەیەکی ناچالاک وەریبگرێت، کە بەشداریکردن و کارلێککردن لەگەڵ ماددەکە دەگرێتەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەمە یارمەتیت دەدات بە تەواوی زانیارییەکان وەربگریت و بیهێڵیتەوە. زۆر جۆری نووسینی تێبینی هەیە و باشترینیش ئەوەیە خۆت شێوازێکی تایبەت بە خۆت دابنێی. دەتوانی لەدوای خوێندنەوەی هەر بەشێک بە تێبینیی کورتکراوەیی بینووسیتەوە بەم شێوەیە بۆ پێداچوونەوەش ئاسانتر دەبێت.  

خوێندنەوە بە دەنگی بەرز: ئەگەر تۆ فێرخوازێکی بە بیستن فێردەبیت، هەوڵبدە بابەتەکە بە دەنگی بەرز بخوێنیتەوە. قسەکردن و گوێگرتن لە دەنگی خۆت یارمەتیت دەدات باشتر زانیارییەکانت بیربێتەوە. ئەگەر کاتی پێویستت نییە بۆ خوێندنەوەی تەواوی دەقەکە بە دەنگی بەرز، هەوڵبدە ئەو زانیاریە گرنگانە بخوێنیتەوە کە ئاماژەت پێ کردوون، بۆ بەهێزکردنی ئەم چەمکانە لە یادەوەریتدا.  هەروەها دەتوانیت وشەی هاوبەش بەکاربهێنیت بۆ بیرهاتنەوەی زانیارییە گرنگەکان. بۆ نموونە، دروستکردنی هێما، گۆرانی یان ئاوازی وشەکان بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات زانیاری سەرەکی لەبیر نەکەیت.

هێڵ بەژێرداهێنان یان هایلایت کردن: ئەمە یارمەتیت دەدات بۆ هەڵبژاردنی چەمکە پەیوەندیدارەکان لەسەر لاپەڕەیەک، بۆ ئەوەی بتوانیت پابەندیان بکەیت بە یادەوەریەوە. هەروەها دڵنیا دەبیتەوە لەوەی کە دەزانیت لە کوێ بگەڕێیت بۆ زانیاری سەرەکی ئەگەر پێویستت بە پێداچوونەوەی دواتر بێت. لەبیرت بێت، ئامانجی تۆ ئەوەیە چەمکە سەرەکییەکان هەڵبژێریت و سەرنجی خۆت ئاڕاستەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بکەیت، بۆیە هەوڵ بدە تەنها زانیاری گرنگ دیاری بکە نەک هەموو یان بەشێکی زۆری بابەتەکەت، گرنگیدان بە هەندێک وردەکاریی ناگرنگ بەشە گرنگەکانیش لەبیر دەکرێن.

وەرگرتنی پشوو: ئەگەر هەستت کرد لە کاتی خوێندنەوەدا سەرنجت نەماوە، لەوانەیە باشتر بێت کە بوەستیت و شتێکی تر بکەیت. مێشکت پێویستی بە پشوو هەیە بۆ ئەوەی شتەکان لە یادگە پاشەکەوت بن. لە ڕاستیدا، توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە پشوودان مێشکت نوێ دەکاتەوە، ئاستی وزەت باشتر دەکات، و یارمەتیت دەدات زیاتر تیشک بخەیتە سەر بابەتەکەی دەیخوێنیتەوە. بۆ ئەزموونکردنی ئەم سوودانە، دڵنیابە لەوەی کە پشوویەکی باش وەردەگریت، لە جیاتی ئەوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پیاسەیەک بکە. یان دەتوانیت خەوێکی هێز یان مێدیتەیشن وەربگریت کە بۆ پشوودان و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ باشن.

وێناکردنی بابەتەکانی کە دەیخوێنیتەوە: کاتێک بەشێکی گرنگ دەخوێنیتەوە، ڕاوەستە و بابەتەکە لە مێشکتدا وێنا بکە. بۆ نموونە، ئەگەر دەربارەی ئەوە بخوێنیتەوە کە چۆن دڵ پاڵ بە خوێنەوە دەنێت بۆ بەشەکانی جەستە، ساتێک تەرخان بکە بۆ ئەوەی خەیاڵی ئەوە بکەیت کە ئەمە چۆن لە دڵی خۆتدا ڕوودەدات. دروستکردنی وێنەیەکی زیندوو بۆ بیرکردنەوە لە چەمکە گرنگەکان یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ئەم زانیارییانە لە یادەوەریتدا. هەروەها ستراتیجییەکی بەسودە بۆ ئەو کەسانەی بە بینین فێردەبن.

پەیوەندی دروستبکە لەنێوان ژیانی خۆت و زانیارییەکانی کە دەیخوێنیتەوە: کاتێک دەخوێنیتەوە، هەوڵبدە بابەتەکە ببەستە بەو زانیارییەوە کە پێشتر فێری بوویت یان ئەو شتانەی لە ژیانی تایبەتی خۆتدا فێری بوویت و هەستەکانتی لەگەڵدا بەکاربهێنە. کاتێک بابەتێک دەخوێنیتەوە هەست بە چی دەکەیت؟ بۆچوونی خۆت دەربارەی ماددەکە پەرەپێبدە. هەستت چۆنە؟ ئایا زانیاریەکان سەرسامت دەکەن، تووڕەت دەکەن، یان ڕەخنەگرن؟. بۆ نموونە، ئەگەر کەسایەتییەکی کتێبێک لە هەمان مانگی تۆدا لەدایک بووبێت، ئەوا بەستنەوەی ڕۆژی لەدایکبوونتان یارمەتیت دەدات کە ڕۆژەکە باشتر لەبەر بکەیت و لە بەشی بیرەوەری درێژخایەندا هەڵیبگریت.

گفتوگۆکردنی لەگەڵ کەسێکی تردا: دوای خوێندنەوەی کتێبێک یان زانیارییەکی نوێ لەگەڵ هاوڕێیەک، ئەندامێکی خێزان یان هاوپۆلێک باسی بکە. کرداری گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکەکە پەیوەندی نوێ دروست دەکات لە یادەوەریتدا، کە یارمەتیت دەدات زانیاریەکە باشتر بپارێزیت. هەروەها یارمەتیت دەدات بۆ دیاریکردنی ئەو بەشانەی کە بەباشی لێی تێدەگەیت، چونکە ئەگەر بەشێک باش لێی تێنەگەشتبیت ناتوانی بۆ کەسی بەرانبەری باسبکەیت.

پێداچوونەوە: دووبارەکردنەوە کلیلی بیرهێنانەوەی هەر جۆرە زانیارییەکە. دوای ئەوەی شتێک دەخوێنیتەوە، بگەڕێوە سەر ئەو چەمک و بیرۆکە گرنگانەی کە تیشکت خستە سەریان ڕوونت کردەوە. ئەگەر پێویستت بە زانیاریی تەواوتر هەبوو، تەواوی دەقەکە یان بەشەکە دووبارە بخوێنەرەوە. دوای چەند ڕۆژێک، پرسیار لە خۆت بکە دەربارەی ئەوەی خوێندووتەوە بۆ ئەوەی بزانیت چی بەشێکی زانیارییەکانت بیرچوونەتەوە و دواتر تەنها ئەو بەشانە دووبارە بخوێنەرەوە.


سەرچاوەکان



95 بینین