بێشیکتاش

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-03-27-23:09:00 - کۆدی بابەت: 12348
بێشیکتاش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بێشیکتاش (بە تورکی: Beşiktaş، بە عەرەبی: بشکتاش) بێشیکتاش یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ئیستانبوڵ. ناوەکەی لە قەزای بێشیکتاشەوە وەرگرتووە کە یەکێکە لە قەزا کۆنەکانی ئەستەنبوڵ. قەزاکە دەکەوێتە لای ڕومێلی بۆسفۆر، کە کەنار دەریایەکە درێژییەکەی ٨.٤ کیلۆمەترە، قەزاکە لە ڕۆژئاوا هاوسنوورە لەگەڵ شیشلی و کاغتانێ، لە باشووری ڕۆژاواوە بیئۆغڵو و لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ساریێر. ڕووبەرەکەی ١٨ کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی ١٨٢٦٤٩ کەسە بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٩ی ADNKS.

هەرچەندە یەکێکە لە قەزا بچووکەکانی شاری ئەستەنبوڵ لە ڕووی دانیشتوان و ڕووبەرەوە، بەڵام ڕێگاکانی بەستنەوەی پردی شەهیدانی ١٥ی تەمموز و پردی فاتح سوڵتان مەحموودی هەیە، کە دوو کیشوەر بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دوو دیوی ئەستەنبوڵ بەیەکەوە گرێدەدات. ناوچەیەکە کە ژمارەی دانیشتوانی ڕۆژانە چەند هێندە زیاد دەکات بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی قەزاکانی تر، ئەمەش بەهۆی بەش و فاکەڵتی و ناوەندەکانی بازرگانی لەسەر هێڵی لێڤێنت-مەسلاک. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای کۆماری تورکیا ئەنجامی داوە وەک سێیەم قەزای پێشکەوتوو لە تورکیا هەڵبژێردراوە.

ناوی قەزاکە

بێشیکتاش بە درێژایی مێژوو بە چەندین ناو ناسراوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە تا سەردەمی عوسمانی نەبووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی. بۆیە بە تێپەڕبوونی کات بە پێی ڕووداوە جۆراوجۆرەکان، پێکهاتە گرنگەکان یان شوێنەوارەکانی لێرە ناوی وەرگرتووە.

بەگوێرەی مێژوونووسە جۆراوجۆرەکان و تێزێک کە لە نێو دانیشتوانی بێشیکتاشدا بەربڵاوە و سەرچاوەی نووسراو پشتگیری لێدەکات، ناوی ڕەسەنی بێشیکتاش (بێشتەش)ە قبوڵکراوە کە ناوی لە سەردەمی هاوچەرخدا لە (بێشتەش)ەوە وەرگرتووە، کە بە واتای پێنج ستوونی بەرد دێت کە بەربارۆس حەیرەدین پاشا بۆ بەستنەوەی کەشتیەکانی دروستی کردووە.

مێژوونووسی ئاسیایی مێهمەت کاڤیت بایسون کە لێکۆڵینەوەی لە ناوی بێشیکتاش کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ناوە لە سەرچاوە کۆنەکاندا لە شێوەی (بێشیکتاشیی)دا هاتووە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە بێشیکتاشیی لە زمانی خۆماڵیدا گۆڕاوە بۆ بێشیکتاش، هەروەک چۆن تۆپکاپیسی گۆڕا بۆ تۆپکاپی. 

بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بێشیکتاش لە سەردەمی پێش عوسمانیدا پێی دەگوترا کونێ پەترۆ (شانە بەرد)، ئیاسۆنیۆن، سێرگۆن یان دافنێ (دەفنێ) کە ناوی جۆرە دارێکە. هەروەها ئەو ناوچەیەی کە سەنتەر و بازاڕەکەی لێیە، تەنانەت لەم سەردەمەشدا لەلایەن هەندێک لە هەوادارانی بێشیکتاشەوە بە کۆیچی ناودەبرێت.

مێژووەکەی

لە کاتی هەڵکۆڵینەکانی دروستکردنی میترۆ لە گۆڕەپانی بێشیکتاش، گۆڕی جۆری کورگان دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرەتای سەردەمی برۆنزی (٣٥٠٠-٣٠٠٠ پێش زایین)، هەروەها پارچە کۆفە دروستکراوەکان لە تەراکۆتا، کە سەر بە سەردەمی چاڵکۆلیتیک بوون (٥٠٠٠-٣٠٠٠ پێش زایین) دۆزرایەوە. 

لە سەردەمی بیزەنتین (سەدەی ٤-١٥) کەنارەکانی بێشیکتاشی ئێستا بەم سێ بینایە گرنگە ناسرابوو: 

  • کڵێسای ئایۆس میکائیل کە دەکەوێتە "ئاواپلۆس" (سەرەوەی ڕووبار)
  • کۆمەڵگەی کۆشکی ئایۆس ماماس
  • شوێنی نیشتەجێبوونی هاوینەی ئیمپراتۆرەکان و خانەقای فۆکاس 

لە نێو ئەمانەدا کڵێسای ئایۆس مایکل لە سەردەمی کۆنستنتین یەکەم (٣٠٥-٣٣٧) دامەزرێنەری قوستەنتینیە دروستکراوە و ناوەندێکی سەردانیکردنی زۆر بەناوبانگ بووە کە خەڵکی مەسیحی یۆنانی و ئەرمەنی و جۆرجیا سەردانی دەکەن.

بێشیکتاش لە سەردەمی عوسمانیدا وەک شوێنی نیشتەجێبوون ناسنامەی خۆی بەدەستهێنا. لە سەردەمی بیزەنتین بۆسفۆر لەلایەن تاڵانچییە جۆرجییەکانەوە بە تایبەتی ئەوانەی لە دەریای ڕەشەوە دەهاتن هێرشیان کرایە سەر و ئەو وێرانکاری و ترسەی کە تووشی بوون ڕێگری لە گەشەکردنی نیشتەجێبوونەکانی دەرەوەی سنووری ناوچەکە دەکرد. بێشیکتاش لە سەردەمی عوسمانیدا ناسنامەی نیشتەجێبوونی بەدەستهێنا بەهۆی ئەوەی دەریای ڕەش تاڕادەیەکی زۆر لەژێر کۆنترۆڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو.

بێشیکتاش لە سەردەمی دەریاوان باربارۆس حەیرەدین پاشا گرنگییەکی زۆری هەبوو، بەتایبەتی لە ڕووی دەریاییەوە. ئەو ناوچەیەی کە بێشیکتاش لێیە کەنداوێکی گونجاو بوو بۆ بەکارهێنان وەک بەندەر لەو سەردەمەدا. بەربارۆس حەیرەدین کەنداوی بێشیکتاشی بەکارهێنا بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکانی هێزی دەریایی عوسمانی. هەروەها لەوێ کۆشکێکی بۆ خۆی دروست کردووە و کاتێک دەهاتە ئەستەنبوڵ لە بێشیکتاش دەمایەوە. مزگەوت و مەدرەسە و قوتابخانەیەکی سەرەتایی بە ناوی خۆیەوە لە هەمان دەڤەر دروستکرابوو. کاتێک لە ساڵی ١٥٤٦ کۆچی دوایی کرد، باربارۆس لە بێشیکتاش بە خاک سپێردرا. کەنداوی بێشیکتاش لە سەدەی ١٧ دەستی پێکرد. ئەم ناوچەیە بۆ پشوودان و کات بەسەربردنی سوڵتانەکان بەکاردەهێنرا.

دواتر گۆڕدرا بۆ "حەسباخچە" کە ڕێکخرابوو بە شێوەیەک کە کۆشکەکان کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بوون لەگەڵ کۆمەڵە باخچەیەک کۆکرابوونەوە، کۆشکی کەناری بێشیکتاش بۆ ماوەیەکی زۆر بەناوبانگ بوو سێیەم سەلیم پاشاش هەر لەم ناوچەیەدا بە شێوازی ڕۆژاوایی دەژیا. بوو بە یەکەم سوڵتان کە بینای دروست کردبێت. لە دۆلماباخچەیەوە زۆر شوێن لە کەنار دەریاکەدا هەیە کە درێژدەبێتەوە بۆ ئۆرتاکۆی. جگە لەو کۆشکە کۆمەڵە بینایەکی تری دروستکرد و ئەوانەی هەبوون فراوانتری کردن.

ئەندازیارێکی بەناوبەنگی فەڕەنسی بۆ هاتیس سوڵتان کە خوشکی سەلیم پاشا بوو کۆشکێکی دیزاین کردبوو، دواتر کۆشکەکە لەلایەن تەلارساز مێلینگ کە خەڵکی ئەستەنبووڵ بوو نۆژەنکراوەتەوە، گرنگییەکی زۆری لە نێو ئەوروپییەکاندا هەبوو کە لە شارەکەدا دەژیا.

سوڵتان مەحمودی سێیەم وەک پاشا سەلیم زۆر حەزی لە سەیرانگاکانی بێشیکتاش بوو. هەرچەندە لە ماوەی ٣١ ساڵەی حوکمڕانیدا بە فەرمی لە کۆشکی تۆپکاپی نیشتەجێ بووە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی کاتەکانی لە کۆشک و کۆشکی جۆراوجۆر لە کەناراوەکانی بێشیکتاش بەسەر بردووە. لە سەردەمی سوڵتان مەحمودی دووەم تەختی عوسمانی هەرچەندە بە فەرمی نەبوو بەڵام گواسترایەوە بۆ دیوی بەرامبەری قۆڕنی زێڕین و لە ناوچەی بێشیکتاش نیشتەجێ بوو. سوڵتان عەبدولمەجیدی کوڕی سوڵتان مەحمودی دووەم بە دروستکردنی کۆشکی دۆلمەباخچە ئەم دۆخەی بە فەرمی کرد. هەموو سوڵتانەکانی دواتر لە کۆشکی جۆراوجۆردا نیشتەجێ بوون وەک کۆشکی یڵدز و کۆشکی چراغان کە دەکەوێتە ناوچەی بێشیکتاشی ئەمڕۆ جگە لە کۆشکی دۆلمەباخچە. قەزای بێشیکتاش تا ڕووخانی ئیمپراتۆریەتەکە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی هەر بوونی هەبوو. 

یانەی لەشجوانی بێشیکتاش کە لە ١٣ی١ ی ساڵی ١٩١٠ وەک یەکەم یانەی وەرزشی تورکیا لە شاری بێشیکتاش دامەزراوە، تا ئێستاش ناسراوترین دامەزراوەیە کە ڕەگ و ڕیشەی لە بێشیکتاشەوە هەیە.

زانراوە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ یەکەمجار لە کاتی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا لە ماڵی دایکی زوبەیدە خانم لە شاری ئاکارتلەر (ئەمڕۆ مۆزەخانەی ئاکارتلەر مستەفا کەمال) نیشتەجێ بووە. هەرچەندە گرنگی ناحیەی بێشیکتاش پاش ڕاگەیاندنی کۆمار و ڕاگەیاندنی ئەنقەرە وەک پایتەخت کەم بووەوە، بەڵام ناحیەی بێشیکتاش تا ڕادەیەک گرنگی خۆی پاراست، بەو پێیەی ئەتاتورک تا کۆتایی ژیانی لە کۆشکی دۆلمەباخچە مایەوە. بێشیکتاش کە پێشتر شارۆچکەی ناو بیئۆغڵو بوو، لە ساڵی ١٩٣٠ کرا بە قەزا.

کاتێک بێشیکتاش لە ساڵی ١٩٣٠ بوو بە قەزا، لە ١٤ گەڕەک پێکهاتبوو. یەکێک لەو گەڕەکانە بە ناوی تەشڤیکیە، لە ساڵی ١٩٥٤ بۆ سنوورەکانی شیشلی زیاد کرا کە بووە قەزا. لەگەڵ پێکهاتنی نیشتەجێبوونی نوێ لە دوای ساڵی ١٩٥٠ ژمارەی گەڕەکەکان گەیشتە ٢٣ گەڕەک. بەڕێوبەری لقی شارەوانییەکی جیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزرا و بە فەرمانی بەڕێوەبردنی شارەوانی گەورەکان کە لە ساڵی ١٩٨٤ دەرچوو، شارەوانی بێشیکتاش کە لە چوارچێوەی ناوچەی گەورەدا مایەوە، وازی لە لقێکی شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ هێنا و بوو بە شارەوانییەکی جیاواز.

ژمارەی دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی بێشیکتاش لە ماوەی ٥٠ ساڵی نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٨٥دا زیادبوونی هێواش بەڵام بەردەوامی نیشان دا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە نێوان ١٨٠ بۆ ٢٠٠ هەزاردا ماوەتەوە و نزیکە لە وەستان. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ناوچەی نیشتەجێبوون لە قەزاکەدا تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتووەتە سنووری خۆی، هەروەها هەندێک ناوچە بوونەتە ناوچەی بازرگانی ناوەندی، هەر بۆیەش ژمارەی دانیشتوانی مەیلی کەمبوونەوەی هەیە پلە بە پلە. ئەم خشتەیەی خوارەوەش ژمارەی دانیشتوانی بێشیکتاش نیشاندەدات بە پێی ساڵەکانی ڕابردوو کە لەلایەن ئەم داتایانە لە لایەن شارەوانی بێشیکتاش بڵاوکراونەتەوە:

ژمارەی دانیشتوان ساڵ
٥٥.٠٠٧ کەس ١٩٣٥
٦٣.٦١١ کەس ١٩٤٥
٨٤.٦٩٨ کەس ١٩٥٥
١٠٧.٤٤٢ کەس ١٩٦٥
١٧٤.٩٣١ کەس ١٩٧٥
٢٠٤.٩١١ کەس ١٩٨٥
١٩٠.٨١٣ کەس ٢٠٠٠
١٨٥.٣٩٠ کەس ٢٠١٠
١٧٦.٥١٣ کەس ٢٠٢٠

کەشوهەوا

کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست (Köppen: Csa) لە بێشیکتاش بەدی دەکرێت. کەشوهەوای بێشیکتاش بە شێوەیەکی سروشتی بەشێکە لە کەشوهەوای ئەستەنبوڵ. بەڵام ڕێژەی شێ لە ناوچەی کەنار دەریاکان زیاترە. ئەم تایبەتمەندییە تێکەڵەی ئەستەنبوڵ کە دەکەوێتە نێوان کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و کەشوهەوای کیشوەری، لە بێشیکتاشیشدا خۆی دەردەخات. هاوینەکان گەرم و وشکن، زستانەکان سووک و باراناوین.

جوگرافیای بێشیکتاش

زەوی قەزای بێشکتاش دوو تایبەتمەندی هەیە. یەکەمیان ناوچەی کەنار دەریایە کە لەلایەن بۆسفۆرەوە لە قاڵب دراوە، دووەمیان ناوچەی پشتەوەیە. ناوچەی کەنار دەریاکە لە شێوەی لێوارەکاندایە کە هاوتەریب لەگەڵ دەریا درێژدەبنەوە. ئەم بەرزاییانە هەندێک جار بە دۆڵەکان دابەش دەکرێن و لە بنی نزیکەی هەموو دۆڵێکدا جێگەی چەمێک دروست بووە. ناوچەکانی ناوەوە پێکهاتووە لە دەشتە کەمتر ناڕێکەکان لە ڕۆژئاوا کە درێژەپێدەری فەلاتی بیئۆغڵون و دەشتە بچووکەکان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە بە دۆڵەکان شێوەیان گرتووە. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە ١.٥ م لە سەرەتای باربارۆس بۆلیڤاردایە، لە زینسیرلیکویو دەگاتە ١٣٥ م.

بەڕێوەبردن

بێشیکتاش یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ئەستەنبوڵ. دەکەوێتە دیوی ئەوروپی خاکی پارێزگاکە. لە ساڵی ١٩٣٠ بیئۆغڵوی بەجێهێشت. بوو بە قەزایەکی جیا و شارەوانی بێشیکتاش لە ساڵی ١٩٨٤ دامەزرا. لە شاری بێشیکتاش ٨٧٥ شەقام و کۆڵان هەیە، کە لە ٢٣ گەڕەک پێکهاتووە، ٣١ لەو گەڕەکانە ناوچەی سەرەکین لە ژێر بەرپرسیارێتی شارەوانیی گەورەدا.

ناوی گەڕەکەکان

قەزای بێشیکتاش لە ٢٣ گەڕەک پێکهاتووە کە ناوەکانیان بریتین لە:
عەباساغا، لێوازم، ئاکات، لێڤێنت، ئارناڤوتکۆی، مێسیدییە، واکسمان، مورادییە، بێبێک، نیسبێتیێ، سیهانوما،ئۆرتاکۆی، ئۆبێلیسک، سینانپاسا، ئیتیلەر، تورکاڵی، گایرێتێپی، ئوڵوس، کۆشکەکان، کوروچەشمێ، کولتور، ڤیشنزادە، ئەستێرە

شارە دراوسێکان

شارەوانییەکانی دراوسێی نێودەوڵەتی شارەوانی بێشیکتاش: 

ئابووری

لە نێوان قەزاکانی A ی تورکیا کە بەرزترین پلەیان هەیە لە ڕووی خۆشگوزەرانی و ژیان و ئاستی کولتوورییەوە، بێشیکتاش پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندییەکە بەدەستهێناوە کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا ئەنجامدرا. بەپێی هەمان ئەنجامی توێژینەوە ئەو قەزایە زۆرترین ڕێژەی خوێندنی باڵای هەیە بە ڕێژەی لەسەدا ٣٤.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە، شانشینی عوسمانی سەرەتا لە دۆلمەباخچە و دواتر لە کۆشکی یڵدز نیشتەجێ بوون، ئەمەش وایکرد زۆرێک لە بەرپرسانی سەرجەم ئاستەکانی پەیوەست بە کۆشکەکە کۆشک و خانووی کەناری ئاو لە بێشیکتاش دروست بکەن، ئەمەش وایکرد کە ژینگەی بازاڕکردن فراوانتر بێت. ژیانی ئابووری بێشیکتاش کە بە ڕاگەیاندنی کۆمار و گواستنەوەی پایتەخت بۆ ئەنقەرە ئەو ئابوورییەی لەدەستدا و چەقبەستوو بوو.

ئەو هۆکارانەی کە گواستنەوەی شارەکانیان زیاد کرد، وەک کردنەوەی ناوچەکانی ناوەوە بۆ نیشتەجێبوون لە ساڵانی ١٩٥٠، لەدایکبوونی گەڕەکەکانی لێڤێنت و ئیتیلەر، دروستکردنی باربارۆس بۆلیڤار و فراوانکردنی ڕێگای کەنار دەریای بۆسفۆر، ژیانی ئابووریشیان بوژاندەوە. ئەم زیندووییە لە ساڵانی حەفتاکان بە کردنەوەی پردی بۆسفۆر (١٩٧٣) زیاتر بەردەوام بوو، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا گۆڕا بۆ بازدانێک کە بێشیکتاشی کردە ناوچەیەکی بازرگانی ناوەندی. لەم ماوەیەوە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە ئامانجیان ئەوەیە ئیستەنبوڵ بکاتە ناوەندێکی بازرگانی و گەشتیاری نێودەوڵەتی، ناوەندەکانی بازرگانی و مۆڵەکانی بازرگانی و هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان یەک لە دوای یەک لە بێشیکتاش بەرزبوونەتەوە.

ناوەندە بازرگانییەکان زیاتر لە بلواری باربارۆس و شەقامی بیوکدێرە چڕبوونەتەوە کە ئەمەش درێژەدانەکەیە. بارەگاکانی تورکیە ئیش بانکاسی، گارنتی بانکاسی، یاپی کرێدی، ئەکبانک و فیبانگانکا کە لە گەورەترین بانکە بازرگانییەکانن کە لە تورکیا کاردەکەن، لە چوارچێوەی سنووری قەزاکاندان. شوێنەکانی کات بەسەربردن لە کەنارەکانی بۆسفۆر و شەقامی نیسبێتیە چڕبوونەتەوە.

لە نێو دامودەزگا حکومییە گرنگەکانی پەیوەست بە ئەستەنبوڵ لە بێشیکتاش بریتین لە وەزارەتی ژینگە و شارنشینی بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای ئەستەنبوڵ، پەیمانگای ئاماری تورکیا بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئەستەنبوڵ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاپخانەی نەعنا و مۆر، فەرماندەیی هەرێمی جەندرمەی ئیستەنبوڵ، فەرماندەیی ناوەندی ئیستەنبوڵ، تەلەفزیۆنی TRT ئەستەنبوڵ، بەشی پۆلیسی ئەستەنبوڵ گەیرێتێپە.دەکەوێتە بینای خزمەتگوزاری زیادە.

کونسوڵخانەی ئەستەنبوڵ لە وڵاتانی ئازەربایجان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بولگاریا، دانیمارک، کۆماری باشووری ئەفریقا، ئیسرائیل، ئیسپانیا، کۆماری تورکیای باکوری قوبرس، میسر و سعودیە لە بێشیکتاش دان.

پەروەردە و ڕۆشنبیری

قەزای بێشیکتاش کە کەمپی ناوەندی زانکۆکانی بۆغازیچی، تەکنیکی یڵدز، گەلەتاسەرای و باخچەشەهیر، ئەکادیمیا سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا و هەندێک یەکە سەرەکییەکانی زانکۆکانی بەیکێنت، کادر حەس، ئەستەنبوڵ تەکنیک و میمار سینان لە سنوورەکانیدا هەیە، ٤٤ قوتابخانەی سەرەتایی هەیە، ١٥ لەوانە تایبەتن، و ٥ بە گشتی ٢٧ قوتابخانەی ئامادەیی و قوتابخانەی هاوتا هەیە، لەنێویاندا قوتابخانەی ئامادەیی ئەناتۆلی و ١١ قوتابخانەی تایبەت.

مۆزەخانەکان بریتین لە مۆزەخانەی ئاشیان، مۆزەخانەی بی.ج.ک، مۆزەخانەی دەریایی، مۆزەخانەی نیگارکێشان و پەیکەرسازی زانکۆی میمار سینان، مۆزەخانەی شاری ئیستەنبوڵ، مۆزەخانەی کۆشکی یڵدز و مۆزەخانەی ئاگر.

ناوەندی ڕۆشنبیری بێشیکتاش لە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن نەکاتی ئەکپنار و یڵماز ئەردۆغانەوە دامەزراوە، بە تێپەڕبوونی کات ناوبانگی خۆی لە بوارەکانی شانۆ، تەلەفزیۆن، سینەما و ڕێکخستندا تۆمار کردووە. جگە لەمانە، ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئۆرتاکۆی، مستەفا کەمال، لێڤێنت و ئاکاتلار و گۆڕەپانی کوروچەشمە لە شوێنە گرنگەکانی نمایش و نمایشکردنن. تا ساڵی ٢٠١٤ لە سنووری قەزاکەدا ١٣ سینەما هەبوو.

وەرزش

بێشیکتاش ئەو شوێنەیە کە کۆنترین یانەی وەرزشی زیندووی تورکیای لێ دامەزراوە. یانەی لەشجوانی بێشیکتاش کە هەمان ناوی قەزاکەی هەیە، یەکێکە لە یانە هەرە بەهێزەکانی تورکیا هەروەها گروپی هەوادارانی بێشیکتاش چارشی بە کاردانەوەکانی بەرامبەر پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە.

یانەی وەرزشی ئۆرتاکۆی کە دەتوانرێت بە یەکێک لە کۆنترین یانە وەرزشییەکانیش هەژمار بکرێت، یەکێکە لە دامەزراوەکانی قەزای بێشکتاش لەم بوارەدا. یانەی پسپۆری مەلەوانی ئەستەنبوڵ یەکەم یانەی تایبەتمەندە کە لە تورکیا لە بواری مەلەکردن دامەزرا ئەویش هەر لە بێشیکتاشە.

جگە لەو سێ یانەیە، یانەکانی وەرزشی ئاماتۆر، یانەی وەرزشی بۆغازیچی، یانەی وەرزشی دیکیلیتاش، یانەی وەرزشی لێڤێنت، یانەی وەرزشی مورادییە، وە چەندانی تر. زۆربەیان تەنها لە بواری تۆپی پێدا کار دەکەن.

پارکی بێشیکتاش، ڕۆشنبیری ئاکاتلار، دامەزراوەکانی فولیا حەکی یەتەن و هۆڵی وەرزشی شەڤکێت بەلجین کە لە ناحیەی بێشیکتاش لە دامەزراوە وەرزشییە سەرەکییەکانی کراوەن بەڕووی خەڵکدا، لە ژێر ئیدارەی یانەی لەشجوانی بێشیکتاشدان. 

هاتووچۆ و گواستنەوە

بێشیکتاش کە یەکێکە لە قەزا هەرە ناوەندەکانی ئەستەنبوڵ، لە ڕووی گواستنەوەوە خاوەنی سوودێکی گەورەیە. بەشێکی پردی بۆسفۆر و فاتیح سوڵتان مەهمەت لە دیوی ئەوروپی لە قەزای بێشیکتاشدایە. جگە لە پاسەکان کە زۆرترین پشکیان لە سیستەمی گواستنەوەی گشتی شارەکانی ئەستەنبوڵ هەیە، مینی پاس و مینی پاسەکانیش پشکێکی زۆریان لە گواستنەوەی قەزاکە لەگەڵ ئەستەنبوڵ بە گشتی هەیە.

لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە بەردەم دەرچەی بێشیکتاشەوە، گواستنەوەی پاسی ڕاستەوخۆ بۆ ناوچەکانی دیکەی شارەکە هەیە وەک ئەدیرنەکاپی، تێرمیناڵی پاسەکانی ئەستەنبوڵ (بەیرامپاشا)، تۆپکاپی، دێربێنت، ئیستینێ، مێسیدییەکۆی، مێسیدی سەلام (سوڵتانگازی)، سەریەر ,Gaziosmanpaşa, گوزڵتەپە-کاغیتانێ. ڕێگا سەرەکییەکانی وەک بلواری باربارۆس، شەقامی دۆلماباخچە، شەقامی بیوکدەرێ، شەقامی کەناری بۆغازیچی و شەقامی نیسبەتیە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ هەردوو گواستنەوەی شار و گواستنەوەی گشتی. هێڵی مینی پاس هەیە لە بێشیکتاشەوە بۆ تەقسیم و حەربییە، هێڵی مینی پاسیش بۆ سەریەر هەیە. وێستگەی زینچیرلیکویو کە دوا وێستگەی میترۆباسە پێش ئەوەی لە ئەوروپیەوە بۆ لای ئاسیا تێپەڕێت، هەر لە ناوچەی بێشیکتاشدایە.


سەرچاوەکان



81 بینین