جۆرەکانی گرووپی خوێن و هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-17-23:36:00 - کۆدی بابەت: 12561
جۆرەکانی گرووپی خوێن و هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جۆرەکانی گرووپی خوێن و هاوسەرگیری (بە ئینگلیزی: Types of blood groups and marriage، بە عەرەبی: أنواع فصائل الدم والزواج) جۆرەکانی گرووپی خوێن بەپێی ئەو دژەپەیداکەرانەی (antigen) کە لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان هەن، بەسەر چوار گروپی جیاوازدا دابەش دەکرێن کە ئەوانیش بریتین لە گروپی خوێنی A، گروپی خوێنی گروپی خوێنی AB و گروپی خوێنی O کە تیایدا خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەڵگری هیچ کام لە دژەپەیداکەرەکانی تایبەت بە دیاریکردنی گرووپی خوێن نین. لە منداڵییەوە سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ دژەتەن دروست دەکات کە جیاوازە لەو دژەتەنانەی لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێنی تاکێکی تەندروست دەبینرێن. بۆ نموونە سیستمی بەرگری ئەو کەسانەی کە خڕۆکە سوورەکانیان هەڵگری دژەپەیداکەری جۆری A ن دژەتەنی B دروست دەکات، ئەمەش واتە دژەتەن بۆ دژەپەیداکەری B دروست دەکات. سەبارەت بەو کەسانەی کە خڕۆکە سوورەکانیان هیچ دژەپەیداکەرێکی تایبەت بە گرووپی خوێن هەڵناگرن و لە جۆری خوێنی O ن، سیستمی بەرگری لەشیان دژەتەن بۆ هەردوو دژەپەیداکەری A و B دروست دەکات. هەروەها خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەڵگری جۆرێکی تری دژەپەیداکەرن کە بە (Rh factor)، دژەپەیداکەری Rh یان هۆکاری ڕیسسس ناسراوە. خڕۆکە سوورەکانی هەڵگری دژەپەیداکەری Rh  واتە Rh ئەرێنی زیاتر لە خڕۆکە سوورە Rh نەرێنییەکان باون. بە هەمان شێوەی دژەپەیداکەرەکانی تر سیستمی بەرگری دژەتەن بۆ دژەپەیداکەری Rh دروست دەکات، بەڵام دژەتەنی Rh گەشە ناکات تا تاکێک بەرکەوتەی لەگەڵ دژەپەیداکەری Rh لە ڕێگەی گواستنەوەی خوێن، دووگیانی یان لە ڕێگەی چاندنی ئەندامەکانی جەستەوە دەبێت. دژەتەنی  Rh-D کە جۆرێکی دژەتەنی Rh ە لە ماوەی دووگیانیدا لەوانەیە منداڵدان لە دایکەوە بۆ منداڵی لەدایک نەبوو ببڕێت، لە کاتی نەگونجانی خوێنی دایک و کۆرپەلە دژە تەنەکانی Rh  هێرش دەکەنە سەر خانەکانی کۆرپەلەکە و ڕەنگە بێتە هۆی لەبارچوون.

پشکنینی خوێن و هاوسەرگیری

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی هاوسەرگیری، دووگیانی و منداڵبوونە. دووگیانی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بە چەندین هەنگاودا تێپەڕ دەبێت، کە سەرەتا بە پیتاندنی هێلکە دەست پێدەکات بۆ ئەوەی هێلکەی پیتێنراو بەرهەمبهێنرێت کە دواجار دەگۆڕێت بۆ کۆرپەلە و لەناو منداڵداندا دەست بە گەشەکردن دەکات. کۆمەڵێک پشکنین هەن کە پێویستە لە کاتی بیرکردنەوە لە هاوسەرگیری و منداڵبوون ئەنجام بدرێن تاکوو هاوسەرگیری و  منداڵبوونێکی تەندروست هەبێت. ئەو پشکنینانەش بریتین لە:

پشکنین بۆ ئەو نەخۆشیانەی کە بۆ منداڵان دەگوازرێنەوە

ڕەنگە هەندێک نەخۆشیی بۆماوەیی و پەیوەندیدار بە خوێنەوە لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵ بگوازرێتەوە، نموونەی ئەم نەخۆشییە بۆماوەییانەش بریتین لە تالاسیمیا و کەمخوێنی خانەی داسولکەیی (SCA) شایەنی باسە ئامانجی پشکنینەکانی پێش هاوسەرگیری، ئەنجامدانی پشکنینە بۆ ئەو هاوسەرانەی بە نیازن هاوسەرگیری بکەن. لە ڕێگەی ئەم پشکنیناوە دەتوانرێت دیاری بکرێت کە ئەگەر هەر کام لە هاوسەرەکان هەڵگر یان تووشبووی نەخۆشییە بۆماوەییەکانی خوێن بن وەک کەمخوێنی خانەی داسولکەیی و تالاسیمیا، هەروەها هەندێک نەخۆشیی تری وەک هەوکردنی جگەری جۆری B، هەوکردنی جگەری جۆری C و نەخۆشیی ئایدز، لە ئەگەری هەبوونی ئەم نەخۆشییانە لە هاوسەرەکاندا دەکرێت لە داهاتوودا بۆ منداڵەکان یان لەنێوان هاوسەرەکاندا بگوازرێنەوە، جگە لە دیاریکردنی ئەم نەخۆشییانە ئامانجی ئەنجامدانی پشکنینەکان پێدانی بژاردە و جێگرەوەیە پێش هاوسەرگیری تاکوو هاوسەرگیرییەکی تەندروست ئەنجام بدرێت.

تالاسیمیا

تالاسیمیا نەخۆشییەکە تیایدا جەستە ناتوانێت بەپێی پێویست خڕۆکەی سووری تەندروست بەرهەم بهێنێت، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی هیمۆگلۆبین کەمترە لە چاو ڕێژەی ئاساییدا، هیمۆگلۆبین ئەو پرۆتینەیە کە ئاسن دەگوازێتەوە لە ناو خڕۆکە سوورەکانی خوێن و یارمەتی گواستنەوەی ئۆکسجین دەدات بۆ هەموو بەشەکانی لەش، ئەمە جگە لەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە لەشەوە دەگوازێتەوە بۆ سییەکان. هیمۆگلۆبینی ئاسایی لە دوو زنجیرەی پرۆتینی ئەلفا و دوو زنجیرەی بێتا پێکدێت. دروستکردنی زنجیرەکانی پڕۆتینی ئەلفا پێویستی بە چوار جین هەیە; دوو جین لە باوکەوە و دوو لە دایکەوە، بۆیە ئەلفا تالاسیمیا سیمپلێکس لە ئەنجامی لەدەستدانی یەکێک یان دوو جین لە چوار جینەکە دروست دەبێت، لە کاتێکدا کەمبوونی زیاتر لە دوو جین لەوانەیە ببێتە هۆی کەمخوێنی مامناوەند بۆ توند. بەڵام دروستبوونی پرۆتینی بێتا، پێویستی بە دوو جین هەیە: یەکێکیان لە دایکەوە و یەکێکیان لە باوکەوە، و بێتا تالاسیمیا ڕوودەدات ئەگەر یەکێک یان هەردووکی ئەم جینانە بگۆڕدرێن. 

کەمخوێنی خانەی داسولکەیی

کەمخوێنی خانەی داسولکەیی بریتییە لە کۆمەڵێک تێکچوونی بۆماوەیی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە کاریگەرییان لەسەر شێوەی هیمۆگلۆبینی ئاسایی و شێوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن هەیە. شێوەی ئاسایی خڕۆکە سوورەکان لە شێوەی دیسکدایە، بەڵام لەم حاڵەتەدا شێوەی خڕۆکە سوورەکان بۆ شێوەیەکی هیلال یان داسی دەگۆڕێت. خانە داسییەکان بەهۆی شێوەکانیانەوە ناتوانن بچنە سەر یەک بەهۆی ئەمەش زۆرێک لەم خانانە لە کاتی جوڵەکردنیان بە بۆرییەکانی خوێندا شی دەبنەوە. تەمەنی ئاسایی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەنێوان ٩٠-١٢٠ ڕۆژدایە، بەڵام لە کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە تەمەنی خڕۆکە سوورەکان بۆ ١٠-٢٠ ڕۆژ کەم دەبێتەوە، بەهۆی ئەمەش تاکەکە تووشیی کەمخوێنی دەبێت.

 جۆری خوێن و پشکنینی فاکتەری Rh

 فاکتەری Rh ی منداڵ بە دوو بۆهێڵ دیاری دەکرێت کە لە هەردوو دایک و باوکەوە بۆ منداڵ دەمێنێتەوە، ئەگەر دوو بۆهێڵ هەبن، یەکێکیان هۆکاری Rh پۆزەتیڤ یان ئەرێنی بدات و ئەوی تریان هۆکاریی Rh ی نێگەتیف یان نەرێنی بدات، ئەوا ئەو بۆهێڵە هەژمار دەکرێت کە هۆکاری Rh ئەرێنی دەدات، چونکە بەهێزترە لەو بۆهێڵەی کە هۆکاری Rh ی نەرێنی دەدات. بۆیە ئەو کەسەی دوو بۆهێڵ لە دایک و باوکی بۆ بمێنێتەوە کە هۆکاری Rh ئەرێنی بن، جۆری خوێنی Rh پۆزەتیڤ دەبێت، بە هەمان شێوە کەسێک دوو جینی جیاوازی لە دایک و باوک بۆ بمێنێتەوە، یەکێکیان پۆزەتیڤ و ئەوی تریان نێگەتیڤ، ئەوا جۆری خوێنی Rh پۆزەتیڤ دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک دوو جینی هەبێت کە هۆکاری Rh نەرێنی بدەن، جۆری خوێنی Rh نەرێنی دەبێت. هەروەک لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێ دا، کە دەکرێت دژەتەنەکانی Rh لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە بگوازرێنەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە، ئەم کێشەیە بە نەخۆشیی (Rhesus) ڕیسس ناسراوە، کێشەکە لە دروستبوونی دژەتەنی دایک بۆ هۆکاری Rh ئەرێنی لە کۆرپەلەی دووگیانی یەکەمدا سەرهەڵدەدات دوای ئەوەی خوێنی کۆرپەلە لەگەڵ خوێنی دایکەکە تێکەڵ دەبێت  و دژەتەنی Rh-D لە کۆرپەلەدا لەناو دەچێت، لە کاتی دووگیانی دووەمدا ئەگەر کۆرپەلەکە خوێنی Rh  ئەرێنی بێت ئەوا ئەو دژەتەنانەی لە خوێنی دایکەکەدا دروست بووە دژی دژەپەیداکەرەکانی Rh ی کۆرپەلەکە هێرش دەکەنە سەر خانەکانی کۆرپەلەکە و دەبێتە هۆی شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکانی کە بە نەخۆشیی هیمۆلیتیکی منداڵی تازە لەدایکبوو ناسراوە.


سەرچاوەکان



83 بینین