ژمێریار

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-18-20:00:00 - کۆدی بابەت: 7997
ژمێریار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ژمێریار یان کاری ژمێریاری (بە عەرەبی: المحاسب، بە ئینگلیزی: Accountant) یەکێکە لە پیشە کارگێڕی و داراییەکان، کەسی ژمێریار لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و دامەزراوە حکوومییەکان بەرپرسە لە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی داتا و زانیارییە داراییەکان، هەموو کۆمپانیایەک یان هەر دامەزراویەک پێویستی بە ژمێریارێک هەیە کە ڕێژەی قازانج و زیان و داهات و مووچە دیاری بکات، ژمێریار لە دامەزراوەکان بڕبڕەی سەرەکییە، سەرکەوتن و بەرەوپێشچونی بواری دارایی هەر کۆمپانیا و دامەزراوەیەک تا ڕادەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە لێهاتوویی و توانایی ژمێریارەوە.

ئەرک و بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی ژمێریار

ـ کۆکردنەوە، شیکردنەوە، ڕوونکردنەوە و ژماردنی زانیارییە داراییەکان.
ـ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دارایی مانگانە و ساڵانە، لەگەڵ شیکردنەوەی داتا داراییەکان.
ـ تۆمارکردنی هەموو داتاکانی پەیوەست بە بواری دارایی دامەزراوەکە وەکوو ژمارەی کڕین و فرۆشتنەکان، مووچەی کارمەندان، پسووڵەکان.
ـ پێداچوونەوەی خولی مانگانە و ساڵانە بە هەموو کردارە ژمێریارییەکان کە کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەڵە و چاکردنەوەی هەڵە ژمێریارییەکان.
ـ پێشنیارکردنی ڕاوبۆچوون و چارەسەری زانستی بۆ کێشە داراییەکانی پەیوەست بە دامەزراوەکە.
ـ کورتکردنەوە، شیکردنەوە، ڕوونکردنەوە و تۆمارکردنی داتاکان بە شێوەیەکی ئاسان و پووخت تاکوو کەسی بەرامبەر بە ئاسانی لە شتەکان تێبگات و بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات. 
ـ پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی زانیارییە داراییەکان. 
ـ پێویسته داتا و زانیارییە داراییەکانی وەک پسووڵە و داواکاری ئاڵوگۆڕەکان، لەگەڵ هەموو ژمێریارییە جیاوازەکانی تر لە چەند سیستمێکی دیاریکراوی کۆمپیوتەری دانرێت.
ـ دیاریکردنی بڕ و ڕێژەی قازانج و داهات و زیانی ئەو دامەزراوەیەیەی کە کاری تێدا دەکات.
ـ چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ کردارە داراییەکان.
- تۆمارکردنی هەموو کردارە داراییەکان کە لە کۆمپانیا ڕوودەدەن. 

تایبەتمەندیی ژمێریارێکی سەرکەوتوو

ـ بڕوابەخۆبوون و بوونی تواناییەکی تەواو لە بوارەکانی ژماردن و بیرکاری.
ـ ڕاستگۆیی و دەستپاکی دوو بنەمای سەرەکین لە پیشەی ژمێریاریدا و بوونی دڵسۆزی لە کارەکە، پێویستە کەسی ژمێریار زۆر گرنگی بەو دوو تایبەتمەندییە بدات.
ـ پێویسە ژمێریار توانایی هەبێت لە دروستکردنی ڕاپۆرت و توێژینەوەی ساڵانە و مانگانە.
ـ بوونی حەزی بەدواداچوون و وردبینی لە کارەکەدا.
ـ پێویستە ژمێریار توانای کارکردنی بۆ ماویەکی درێژ هەبێت
ـ لێهاتوویی لە بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و چەند سیستمێکی گرنگ کە لە کردارە ژمێریارییەکان پێویستن
ـ وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییە سادە و بچووکەکان
ـ پەیوەستبوون بە کاتەوە
ـ توانایی هەبێت لە پێداچوونەوە و پشکنینی وردی داتاکان
ـ بە توانا بێت لە بڕیاردان و خستنەڕووی کێشە داراییەکان، لەگەڵ پێشنیارکردنی چارەسەری گونجاو
ـ لێهاتوو بێت لە پڕۆگرامەکانی MS Office بە دیاریکراوی پڕۆگرامی "ئاکسڵ" 

پلەبەندیی پیشەیی و مووچەی ژمێریار

ژمێریارێکی پسپۆڕ پێویستە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە کۆلێجی کارگێڕی و کار بەشی ژمێریاری ئەوان دەرفەتی کارکردنیان لە بوارەکە زیاترە، هەروەها دەرچووی کولێجەکانی بیرکاری و بەشەکانی ئامار و چەند بەشێکی کۆلێجە ئەندازیارییەکان بەپێی ئەزموون و نزیکی پسپۆڕییەکەیان لەو بوارەوە پیشەی دەتوانن پیشەی ژمێریای ئەنجامبدەن و لەو بوارەدا کار بکەن.
مووچەی ژمێریار لە دەزگایەکەوە بۆ دەزگایەکی تر دەگۆڕێت، تەنانەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت و جێگیر نییە، بە گشتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو بڕ و ڕێژەی مووچەی مامناوەند تاکوو بەرز بۆ ژمێریار دابین دەکات و داواکاری زۆر هەیە لەسەر پیشەکە، بەڵام لە وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی مووچەی ژمێریار بەرز و جێگیرە.
پلەبەندی پیشەیی ژمێریار بەندە بە ئەزموونی کارکردن، پلەی خوێندن، بوونی بڕوانامە و توانایی و لێهاتووییەکانی ژمێریارەکە خۆیەوە، هەروەها چەند خولێکی جیهانی لە بواری ژمێریاری و بنەماکانی هەیە کە ئەگەر کەسی ژمێریار وەریگرێت دەتوانێت ببێتە پێشەنگی بوارەکەی خۆی و پلەبەندیی پیشەییەکەی بەرز بکاتەوە، پێویستە دوای دەرچوونی زانکۆ و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ، ڕاستەوخۆ ئەم خولانە بخوێندرێت چونکە یارمەتیدەرن لە بەرەوپێشبردنی بواری لێهاتووییەکانی کەسەکە، خولەکانیش بریتین لە:

  • بنەما و پڕەنسیپەکانی ژمێریاری پەسەندکراو Generally Accepted Accounting Principles: بریتییە لەو بنەما سەرەکییانەی ژمێریاریی کە لە جیهاندا باوەڕپێکراو و باوە، هەموو ژمێریارێک ئەو پڕەنسیپانە لە کارەکەی خۆیدا جێبەجێ دەکات و بەکاریان دەهێنێت بە کورتکراوەی GAAP ناسراوە.
  • ژمێریاریی گشتی بڕوانامەپێدراو Certified General Account: کورتکراوەی CGA بۆ بەکاردەهێنرێت
  • ژمێریاریی گشتی باوەڕپێکراو Certified General Account : کورتکراوەی CGA بۆ بەکاردەهێنرێت
  • ژمێریاریی یاسایی باوەڕپێکراو Certified Management Accountant: کورتکراوەی CPA بۆ بەکاردەهێنرێت
  • ژمێریاریی کارگێڕی باوەڕپێکراو Certified Management Accountant: کورتکراوەی CMA بۆ بەکردەهێنرێت
  • وردبینی و پشکنەری ژمێریاریی باوەڕپێکراو Certified Internal Auditor: کورتکراوەی CIA بۆ بەکاردەهێنرێت


سەرچاوەکان



3174 بینین